قادری حاجی عەلی لە تەمەنی 65 ساڵیدا بە کۆرۆنا گیانی لەدەستدا

5 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
قادر حاجی عەلی یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ سێشەممە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەستدا، دوای چەندین ھەفتە مانەوەی لەژێر ئۆکسجیندا لەنەخۆشخانەی فاروق لە سلێمانی.
ھونەر حەمە جەزا کوری ھونەرمەندی کۆچکردوو حەمەجەزاو برازای قادری حاجی عەلی لە پۆستێکیدا نوسیویەتی "ماڵئاوا مامەگیان، ئێستا دەست لە ملانن لەگەڵ باوکم."
ھەروەھا بنەماڵەی قادر حاجی عەلی لە راگەیەنراوێکدا دەڵێن "بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی مەرگی ناوەختی سەركردە و سوارچاكی شۆڕش و ورەو بەرەنگاربوونەوەی نادادی بەڕێز (قادر حاجی عەلی) رادەگەیەنین، كە دوای ململانێیەكی زۆر لەگەڵ نەخۆشی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا."
ئاماژە بەوەشدەدەن "گیانلەدەستدانی كاك قادر حاجی عەلی وەك سەركردەیەكی خۆنەویست و خۆشەویست و جێی متمانە و ئومێدی خەڵك و پشتیوانی ستەملێكراوان، سەركردەی دیار و سەربەخۆی گەلەكەمان، ئەسەف و خەسارەتێكی گەورەیە بۆ هەمووان."
قادر حاجی عەلی یەکێکە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام وازی لە بزووتنەوەکە هێنابوو و لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی دیکەی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەیان بەوە دەدات کە، لە ئەدای بزووتنەوەکەیان نیگەرانن.
قادر حاجی عەلی
- لە ساڵی 1955 لە سلێمانی لەدایکبووە
- کۆلێژی جیۆلۆجی تەواوکردووە
- ساڵی 1980 چووەتە شاخ و بووەتە پێشمەرگە
- لە تەمەنی 28 ساڵی بووەتە ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی رەنجەدەرانی کوردستان
- ساڵی 1994 دەزگای زانیاریی یەکێتی دامەزراندووە
- ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بووە
- ساڵانی 1998 بۆ 2000 کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بووە
- ساڵی 2009 لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی بزووتنەوەی گۆڕانیان دامەزراند
- دوای مردنی نەوشیروان مستەفا لە بزووتنەوەی گۆڕان کشایەوە بەھۆی نیگەرانیەکانی لە بەڕێوەبردنی حزبەکەدا.

