‌عوسمانى حاجى مه‌حمود: له‌سه‌ر رێگاکه‌ى قادرى حاجى عه‌لى به‌رده‌وام ده‌بین

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
عوسمانى حاجى مه‌حمود، ئه‌ندامى پێشووى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان رایگه‌یاند:" قادرى حاجى عه‌لى هه‌میشه‌ چاوى له‌ دابینکردنى ژیانێکى باشتر بوه‌ بۆ میلله‌ته‌که‌ی"، ده‌شڵێت له‌سه‌ر رێگاکه‌ى قادرى حاجى عه‌لى به‌رده‌وام ده‌بن که‌ ژیانى له‌پێناویدا دانا.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 11ى تشرینى دووه‌مى 2020، عوسمانى حاجى مه‌حمود، له‌میانى وتارێکدا له‌مه‌راسیمى به‌خاکسپاردنى ته‌رمى قادرى حاجى عه‌لى رایگه‌یاند:"به‌داخ و خه‌مێکى قوڵه‌وه‌ ته‌رمى که‌سایه‌تى سیاسى و سه‌رکرده‌ى دیارى کوردستان و جوامێرى رۆژانى ته‌نگانه‌ى گه‌له‌که‌مان کاک قادرى حاجى عه‌لى به‌ خاکسپارد، که‌ دوێنێ به‌هۆى کۆرۆناوه‌ کۆچى دواییکرد و بۆدواجار به‌جێیهێشتین".

هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکرد، قادرى حاجى عه‌لى یه‌کێک بوو له‌و سه‌رکرده‌ ده‌گمه‌نانه‌ى که‌ هه‌مو ته‌مه‌نى به‌خشیه‌ جوڵانه‌وه‌ى رزگارى نیشتیمانى کوردستان، له‌ قۆناغى خه‌باتى نهێنى شار و دواتریش له‌ قۆناغى خه‌باتى پێشمه‌رگایه‌تى و شۆڕشدا و هه‌روه‌ها له‌ دواى راپه‌ڕینى 1991کیشه‌وه‌ له‌ سه‌نگه‌رى به‌رگرى داوا ره‌واکانى میلله‌ته‌که‌ماندا بوو، بۆ دژایه‌تى گه‌نده‌ڵى و نادادى کۆمه‌ڵایه‌تى و به‌ده‌ستهێنانى ژیانێکى شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ بۆ هاوڵاتیانى کوردستان، ئه‌وه‌ش وایکردبو یه‌کێک بێت له‌ که‌سایه‌تیه‌ ناوازه‌کانى کوردستان و ئومێدى سه‌رده‌مى قه‌یرانه‌ جۆراوجۆره‌کان".

عوسمانى حاجى مه‌حمودڕاشیگه‌یاند: "قادرى حاجى عه‌لى له‌پێناو به‌لاڕێدا نه‌بردنى گۆڕان‌و لانه‌دان له‌و پره‌نسیپانه‌ى گۆڕانى له‌پێناودا دامه‌زرابوو له‌سه‌رده‌مى خوالێخۆشبوو (نه‌وشیروان مسته‌فا)دا، چه‌ندینجار له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌هاوڕێكانیدا هه‌ڵوێستیان ڕاگه‌یاندو كاركردنى خۆیان هه‌ڵپه‌سارد".

ئه‌وه‌ش ڕونده‌كاته‌وه‌، "له‌و پێناوه‌شدا خۆیی‌و هاوڕێكانى ڕوبه‌ڕوى چه‌ندین ئاسته‌نگ‌و به‌ربه‌ست بونه‌وه‌، له‌دواى كۆچى دوایی نه‌وشیروان مسته‌فاش قادرى حاجى عه‌لى‌و هاوڕێكانى به‌هه‌موو هێزو تواناو ئه‌زمونى خۆیانه‌وه‌ شانیاندایه‌ به‌ر بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان‌و درێژه‌یاندا به‌هه‌وڵه‌كانیان تاوه‌كو بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌و پره‌نسیپ‌و ئامانجانه‌ى كه‌ له‌پێناویدا دامه‌زرابوو به‌رده‌وامبێت".

 وتيشى:"به‌ڵام دواى نائومێدبونیان، بێ ململانێكردن‌و كۆسپ‌و ته‌گه‌ره‌ دروستكردن بزوتنه‌وه‌كه‌یان جێهێشت‌و وه‌ك كاره‌كته‌رى سه‌ربه‌خۆ مانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش شێوازێكى نوێ بوو بۆ ده‌سته‌به‌رداربون له‌ململانێ‌و ناكۆكى ناو حزب".

هاوکات، عوسمانى حاجى مه‌حمود وتیشی:"قادرى حاجى عه‌لى له‌ دواى دامه‌زراندنى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ پێشنیازى پۆستى باڵاى بۆ کراوه‌، به‌ڵام سه‌رجه‌میانى ره‌تکردوه‌ته‌وه‌، کاک قادر له‌ مێژوى دورودرێژى خه‌بات و تێکۆشانیدا وه‌ک کاره‌کته‌رێکى خاوه‌ن پڕه‌نسیپ و مۆڕاڵى سیاسى ده‌رکه‌وتوه‌".

عوسمانى حاجى مه‌حمود ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ له‌سه‌ر رێگاکه‌ى قادر حاجى عه‌لى به‌رده‌وام ده‌بن که‌ ژیانى له‌پێناویدا داناوه‌.

دەقی وتاری عوسمانی حاجی مەحمود لە مەراسیمی بەخاكسپاردنی (قادری حاجی عەلی)

خێزان و بنەماڵەو كەسوكاری كاك قادری حاجی عەلی..  ... ئامادەبوانی مەراسیمی بەخاكسپاردنی كاك قادری حاجی عەلی ..... جەماوەری كوردستان....

بەداخ و خەمێكی قوڵەوە، ئێستا تەرمی كەسایەتی سیاسی و سەركردەی دیاری كوردستان و  جوامێری ڕۆژانی تەنگانەی گەلەكەمان، قادری حاجی عەلیمان بەخاك سپارد، كە بەهۆی نەخۆشی كۆرۆناوە دوێنێ 10/11/2020 كۆچی دواییكرد.

قادری حاجی عەلی یەكێك بوو لەو سەركردە دەگمەن و كەم وێنانەی كە هەموو تەمەنی بەخشیە جوڵانەوەی رزگاری نیشتمانی كوردستان، لە قۆناغی خەباتی نهێنی شارو دواتریش لە قۆناغی خەباتی پێشمەرگایەتی و شۆڕشدا، هەروەها لە دوای راپەڕینی 1991یشەوە، ژیانی شاریشی كردە سەنگەری خەبات و بەرگریكردن لەداوا ڕەواكانی خەڵكی كوردستان، بۆ دژایەتی گەندەڵی و نادادی كۆمەڵایەتی و بەدەستهَنانی ژیانێكی شەرەفمەندانە بۆ هاوڵاتیانی كوردستان، هەر ئەوەش وایكردبوو یەكێك بێت لە كەسایەتیە  ناوازەو خۆشەویستەكان و ئومێدی سەردەمی كێشەو قەیرانە جۆراو جۆرەكان.

كاك قادر لە بنەماڵەیەكی ناسراو و خاوەن پێگەو خانەدانی شاری سلێمانی لە دایك بوە، لە تەمەنی لاوێتییەوە تێكەڵی چالاكی سیاسی و بەرەنگاربونەوەی رژێمی بەعسی عێراق بوە، بەشداربوە لە شۆڕشی ئەیلول و لە ساڵی 1972  وە بۆتە ئەندامی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان. بەژیری و دانایی و لێهاتویی خۆی لە هەرجێگەیەك ئەرك و بەرپرسیارێتی لەسەر شان بوو بێت، بەو پەڕی دڵسۆزیەوە رایپەراندووەو وەك سەركردەیەكی خاكی خۆنەویست دەركەوتووە، لە ساڵی 1984  و لە تەمەنی 29  ساڵیدا لە كۆنفراسی دووەمی كۆمەڵەدا بووەتە ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵە و دواتریش بووەتە بەرپرسی مەڵبەندی 2 ی (یەكێتی نیشتمانی كوردستان) ، دوای ماوەیەكیش بووە بە لێبرسراوی مەڵبەندی یەكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، لە سەرەتای راپەڕینەوە بووەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، هەوەروەها لە دوای راپەرینیش لێپرسراوی بەرەی كوردستانی بووە لە پارێزگای سلێمانی. دواتریش پۆستی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی وەرگرتووەو لەو ماوەیەدا رۆڵی بەرچاوو كاریگەری هەبووەو چالاكانە ئەركەكانی سەرشانی خۆی ئەنجامداوە.

كاك قادر لە كۆتایی ساڵی 2000داو  لەپێناو بەرگریكردن لەو پرەنسیپ و  بەهایانەی كە خۆی بڕوای پێیبو وازی لەهەموو ئەرك و بەرپرسیارێتیەك لەناو یەكێتیدا هێناو وەك سەركردەیەكی سادەو جێمتمانەی خەڵك و خاوەن ئەزمون بەردەوام بووە لە پشتیوانیكردنی پرۆژەی میدیای ئەهلی و كەسانی خاوەن هەڵوێست و داكۆكیكاری مافەكانی خەڵ بووە.

كاك قادر لەقۆناغە جیاجیاكانی خەباتیدا بەهۆی تواناو شارەزایی خۆیەوە ئەرك و بەرپرسیارێتی گەورەو گرنگی پێسپێردراوە لەبوارەكانی كاری نهێنی و ڕێكخستن، حزبی و سیاسی و دبلۆماسی وڕاگەیاندن ، پێشمەرگایەتی وسەربازی و ئەمنی، لە دوای دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش چەند جارێك داوای لێكراوە لەتەشكیلەی حكومەتدا بەشداربێت و پێشنیاری پۆست و ئەركی گەورەی بۆكراوە بەڵام رەزامەند نەبووەو ڕەتی كردووەتەوە.

كاك قادر لە مێژووی دوورو درێژی خەبات و تێكۆشانیدا وەك كارەكتەرێكی خاوەن پرەنسیپ و مۆراڵی سیاسی ناسراوەو دەركەوتووە، هەر لەو روانگەیەوەو  لەسەردەمی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەمیشە چاوی لە بەدیهێنانی ژیانێكی باشتر بووە بۆ میللەتەكەی، هیچ كات دانەبڕاوە لە خەڵك و هەمیشە پاڵپشتیكەری ستەملێكراوان بووەو هێزی بەخشیەوە بە رۆحی بەرەنگاربونەوەی زوڵم و لە پێگەیەكی بەهێزوو كاریگەرەوە هەوڵی ریفۆرم و گۆڕانكاری داوە.

ساڵی 2006 لەگەڵ خوالێخۆشبوو (نەوشیروان مستەفا)و چەند هاورێیەكی تر پێكەوە كۆمپانیای وشەیان دامەزراند، دواتر لەگەڵ ژمارەیەك لە هاوڕێكانیان لەناو یەكێتی و خەڵكانی بەهەڵوێستی دەرەوەی یەكێتی و حزبەكان لە تێكڕای چین و توێژەكان پێكەوە بزوتنەوەی گۆڕانیان لە ساڵی 2009 دا راگەیاند.

لەگەڵ هاورێكانیدا یەكێك بوو لە پایە سەرەكییەكانی ئەو بزوتنەوە جەماوەرییە، كاك قادر لە پێناو بەلاداڕێدا نەبردنی گۆڕان و لانەدان لەو پرەنسیپانەی گۆڕانی لەپێناودا دامەزرابو، لە سەردەمی خوالێخۆشبوو (نەوشیروان مستەفا)دا چەندین جار لەگەڵ ژمارەیەك لە هاوڕێكانیدا هەڵوێستیان راگەیاند و كاركردنی خۆیان هەڵپەسارد، هەر لەو پێناوەشدا خۆی و هاوڕێكانی روبەڕوی چەندین ئاستەنگ و بەربەست بونەوە، لە دوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاش،  قادری حاجی عەلی و هاوڕێكانی بە هەمو هێزو توانا و ئەزمونی خۆیانەوە شانیاندایە بەر بزوتنەوەی گۆڕان و درێژەیان دا بە هەوڵەكانیان تا بزوتنەوەكە  لەو پرەنسیپ و ئامانجانەی كە لەپێناویدا دامەزرابوو بەردەوام بێت، بەڵام دوای نائومێدبونیان، بێ ململانێكردن و كۆسپ و تەگەرە درووستكردن بزوتنەوەكەیان جێهێشت  و وەك كارەكتەری سەربەخۆ مانەوە، كە ئەوەش شێوازێكی نوێ بوو بۆ دەستبەرداربوون لە ململانێ و  ناكۆكی ناو حزب .

كاك قادر بەوە ناسراوە كە بەردەوام پشتیوانی دەنگی ئازادبووە، ئەو سەرباری ئەوەی یەكێك بووە لەسەركردە سەربازی و سیاسییەكانی شاخ،  پشتیوانێكی جدی و سەرسەختی كەسانی خاوەن هەڵوێست و میدیای ئازاد و رۆژنامەنووسان و نوسەران و رۆشنبیران و گەنجان و چالاكانی مەدەنی بووە، هەمیشە دەرگای بەرووی ئەوانەدا كراوە بووەو هاوكاربووە بۆ چەسپاندنی ئازادی رادەربڕین و پشتیوانیكردنی خەباتی مەدەنی.

كاك قادر لەیەككاتدا چەندین ئاكارو سیفاتی جوانی لە خۆیدا كۆكردبوەوە كە هەموو ئەو تایبەتمەندیانە پێكەوە لەسەرەتای گەنجێتیەوە كردی بە كەسایەتیەكی سیاسی دیار و هەڵكەوتوو، دواتریش لە رێرەوێ خەباتیدا وەك سەركردەیەكی خۆشەویست و جێمتمانەی ناو جەماوەر دەركەوت، ئەو سەرەرای جیاوازیەكان هەمیشە گیانی یەكتر قبوڵكردنی لە ناخی كۆمەڵگەدا دەچاند.

كوردستانیانی ئازیز...

كۆچی ناوەختی كاك قادر خەسارەت و كۆستێكی گەورەیە بۆ گەلەكەمان و هەموو ئەوانەی چاویان لەژیانێكی باشترو دادپەروەرانەیە، بەتایبەت لەم كاتەدا كە كوردستان لە كێشەو گرفتی قوڵی هەمەلایەنەدایە لە بوارەكانی حوكمرانی و سیاسی و حزبی و ئابوری و كۆمەڵایەتیدا، بونی سەركردەیەكی وەك ئەو پاڵپشتی و هێز و ئومێدبو بۆ هەموان، هەروەك چۆن ئێمە لە پەژارە و خەمێكی قوڵداین، ئاواش ئێمەو هەمو ئەوانەی هاوڕێ و هاوسەنگەر و ئەوبوین سورئەبین لەسەر ئەو رێگایەی كاك قادر هەمو گەنجێتی لەپێناودا كردە قوربانی و بەدرێژایی تەمەنی لەوپێناوەدا تێكۆشا و بەرەنگاری ئاستەنگەكان بوەوە و بە خەبات و هەوڵدان و ئومێدی بەدیهێنانی عەدالەتی كۆمەڵایەتی سەری نایەوە.

سەركردەو تێكۆشەری مەزن،  لە گۆڕەكەتدا بە ئارامی بنو، بە مەردی و سەربەرزانە ژیایت و بە مەردی و سەربەرزانە سەرت نایەوە، تۆ یەكێكی لە سەركردە ئاخر خێرە دەگمەنەكانی ئەم وڵاتە، وڵاتی پڕ لە قوربانی و خوێن و لە هەمانكاتدا وڵاتی پڕ لە خێرو بەرەكەت و داهاتی زۆر، كە دەبوایە گەلەكەمان لە سایەی حكومڕانی دامەزراوەیی و سەروەری یاسادا لە لە ئاستێكی باشی ژیاندا بووایە.

ئەی هاوڕێ و هاوخەباتمان، بەم دوا كۆچەی ژیانت زۆر خەمبارو نیگەرانت كردین و لەم دۆخە پڕ لەگرفت و قەیرانەی كوردستاندا كەلێنێكی گەورەت بەجێهێشت، بەڵام رێگای باوەڕی مرۆڤی جوامێری وەكو ئێوە هەرگیز بە مردن كۆتایی نایات و هەر رۆژێك چرۆی ئومێدێكی نوێ دەردەكات، دڵنیاشین یادو یادەوەری ئێوەش لە ناو ئەو ئومێدە نوێیەدا بە زیندووی دەمێنێتەوە ..

لەكۆتاییدا جارێكیتر سەرەخۆشی لەبنەماڵە نیشتمان پەروەرو قوربانیدەرەكەی كاك قادرو هەمو هاوڕێ ودۆستان و دڵسۆزان و خەمخۆرانی كاك قادر دەكەین و داواكارین لە خوای گەورە سەبوری هەموو لایەكمان بدات و رووحی كاك قادر بە بەهەشت شاد بێت.

عوسمانی حاجی مەحمود لەبری هاوڕێیانی قادر حاجی عەلی

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار