وڵاتە زلهێزەکان ڤاکسینەکە قۆرخ دەکەن

2 مانگ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

ژمارەیەکی زۆری ڤاکسینە نوێیەکە تائێستا لەلایەن وڵاتە دەوڵەمەندەکانەوە کڕدراون لەکاتێکدا ژمارەیەکی کەم دەمێنێتەوە بۆ وڵاتە تازەپێگەشتووەکان کە لەهەر (١٠) کەسێک نۆ کەس رزگار دەکات لەتووشبوون بەڤایرۆسی کۆرۆنا.

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوێکی بەریتانی، چەند وڵاتێکی زلهێز زیاتر لەیەک ملیار دانە ڤاکسینە ئەڵمانی-ئەمریکیەکەیان کڕیوە، کە تەنها لەسەدا ١٤٪ی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن.

لەدووشەممەی رابردوودا کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی و بایۆنتێکی ئەڵمانی رایانگەیاند ڤاکیسنەکەیان لەقۆناغی سێ و کۆتاییدایەو لەسەدا ٩٠٪ کاریگەریی هەیە.

فایزەر رایگەیاند زیاد لە یەک ملیار دانە دروستدەکەن تاکۆتایی ٢٠٢١ و دابەشکردنیش دەکەوێتە کۆتای ئەمساڵەوە.

تا ئێستا دیار نییە نرخی ڤاکسینەکە چەند دەبێت لەبازاڕەکاندا، بەڵام بەپێی ئەو رێکەوتنانەی کراوە لەگەڵ کۆمپانیاکەدا نرخەکەی لەهەر وڵاتێکدا دەگۆڕێت.

تائێستا چەند وڵات کڕیویانە؟

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی (گڵۆباڵ جەستس ناو)ی بەریتانی، تائێستا لەسەدا ٨٠٪ی ڤاکسینەکە لەلایەن حکومەتە زەبەلاحەکانی جیهانەوە کڕدراون کەزیاترە لە یەک ملیار دانە.

چەند مامەڵەیەکی گەورە کراوە لەلایەن ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا، هەروەها چەند وڵاتێکی ترەوە، ئەمریکا لەمانگی تەمموزی ئەمساڵ رێککەوتنی لەگەڵ فایزەر ئەنجامدا لەحاڵەتی سەرکەوتنی ڤاکسینەکە بەکڕینی (١٠٠) ملیۆن دانەو بژاردەی کڕینی (٥٠٠) ملیۆن دانەی تر.

یەکێتی ئەوروپاش، کە پێکهاتووە لە (٢٧) وڵات، کڕینی (٢٠٠) ملیۆن دانەی یەکلاییکردووەتەوە لەگەڵ بژاردەی کڕینی (١٠٠) ملیۆنی تردا، لەکاتێکدا بەریتانیا تائێستا (٤٠) ملیۆنی لەمامەڵەکەدا بۆ خۆی مسۆگەر کردووە.

لەشەممەی رابردوودا ئیسرائیل رایگەیاند گرێبەستێکی کردووە لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر بۆ کڕینی هەشت ملیۆن دانە بۆ نزیکەی نۆ ملیۆن لەدانیشتوانەکەی.

بەهۆی کڕینی پێشوەختەی ئەم وڵاتانەوە، هەلێکی کەم ماوەتەوە بۆ زۆربەی وڵاتەکانی تر کەبتوانن ڤاکسینەکە دەستبخەن.

«پێدەچێت لەچەند هەفتەی داهاتوودا فایزەر کۆمەڵێک دانە بخاتە بەردەم وڵاتە تازە پێگەشتووەکان، بەڵام بەئەگەرێکی زۆرەوە ئەم ژمارەیە بەشێکی کەم دەبێت لەوەی بەرهەمدەهێنرێت»، لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەمە کراوە.

چەنێک بەرهەم دەهێنرێت؟

ئەم ڤاکسینە ئاماژەیەکی بەرچاوو گرنگە لەشەڕی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە تائێستا بووەتە هۆی مردنی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس و ئابووری جیهانی داڕووخاندووە.

ئەم ڤاکسینە جۆرێکی نوێیە و پێی دەوترێت ڤاکسینی (RNA) کە راهێنان بەسیستەمی بەرگری مرۆڤ دەکات تادژی ڤایرۆسەکە بجەنگێت. ڤاکسینەکە بەشێکی بچوکی کۆدی جیناتی ڤایرۆسەکەی تێدایەو ئەمەش وادەکات بەشێکی ڤایرۆسەکە لەجەستەدا دروست ببێت کە سیستەمی بەرگری وەک تەنێکی دەرەکی دەیناسێتەوەو هێرشی دەکاتەسەر.

بەپێی راگەیاندراوی هەردوو کۆمپانیای بەرهەمهێن، تاکۆتایی ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە یەک ملیارو (٣٥) ملیۆن دانە بەرهەمدەهێنن و سەرەتای دەستپێکی دابەشکردنی ڤاکسینەکە دەکەوێتە کۆتایی ساڵەوە لەمانگی کانونی یەکەم.

نرخەکەی چەند دەبێت؟

بەپێی وتەی بەرپرسانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەکان، نرخی ڤاکسینەکە لەوڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام هەوڵدەدەن نرخەکەی لەخوار «ئاستی ئاسایی مارکێتەکان» دابنێن.

«چاوەڕوان دەکەم جیاوازی هەبێت لەنرخدا لەناوچە جیاوازەکانی جیهاندا»، رایان ریچاردسن، بەرپرسی بەشی ستراتیجی کۆمپانیای بایۆنتێک وای وت.

چۆنیەتی بەکارهێنانی ڤاکسینەکە بەجۆرێکە دەبێت هەر کەسێک دوو جار بەکاری بهێنێت و ماوەی هەریەکێکیان سێ هەفتە بێت، بەو پێیەش هەموو کەسێک دوو دانەی پێویستە.

بەپێی گرێبەستەکەی ئەمریکا کە لەگەڵ فایزەر ئیمزای کردووە، بۆ هەر ڤاکسینێک (١٩.٥) دۆلار دیاریکراوە، بەوپێیەش ئەمریکا دەبێت یەک ملیار و (٩٥٠) ملیۆن دۆلار بدات بۆ وەدەستخستنی (١٠٠) ملیۆن ڤاکسینەکە کە لەگرێبەستکەدا هاتووە.

لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەهەینی رابردوو، مۆنسیف سلۆوی راوێژکاری باڵای حکومەتی ئەمریکا لەپرۆگرامی ڤاکسینی کۆرۆنا رایگەیاند ئیدارەی ترەمپ هیوای وایە (٢٠) ملیۆن هاووڵاتی دەرزی ڤاکسینی لێبدرێت لەمانگی کانونی یەکەمی ئەمساڵ و نزیکەی (٢٥) ملیۆن کەسی تر بۆ هەر مانگێک لەمانگەکانی ساڵی نوێ.

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، نرخی ڤاکسینەکە لەخوار (١٩.٥) دۆلارەوە دەبێت بۆ وڵاتە ئەوروپییەکان.

بەرپرسێکی باڵای ئەوروپی کە بەشداربووە لەمامەڵەکانی یەکێتی ئەوروپاو کۆمپانیای بەرهەمهێن بە رۆیتەرزی راگەیاندووە نرخی ڤاکسینەکە بۆ وڵاتانی ئەوروپی لەخوار (١٩.٥) دۆلارەوە دەبێت، ئەمەش بەشێکی لەبەرئەوەی یەکێتی ئەوروپاو ئەڵمانیا هاوکاری داراییان تەرخانکردبوو بۆ بەرهمهێنانی ڤاکسینەکە.

بەپێی راپۆرتێکی فاینانشڵ تایمز، ئەڵمانیا لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵ (٣٧٥) ملیۆن یۆرۆی داوە بە بایۆنتێک لەمیانی بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە.

بەرپرسە ئەوروپییەکە ئەوەی ئاشکراکردووە یەکێتی ئەوروپا رێککەوتووە لەسەر نرخێک کە لە (٢٠) دۆلارەوە نزیکترە وەک لە (١٠) دۆلار بۆ هەر دانەیەک، بەبێ ئەوەی نرخە دیاریکراوەکە ئاشکرابکات.

کاریگەری ڤاکسینەکە

هەردوو کۆمپانیای بەرهەمهێن لە دووشەممەی رابردوودا رایانگەیاند ڤاکسینەکە لەسەدا ٩٠٪ کاریگەری دەبێت و ئەو کەسەی وەریدەگرێت بەڕێژەیەکی بەرچاو بەدوور دەبێت لەڤایرۆسی کۆرۆنا.

فایزەر و بایۆنتێک لەهەرسێ قۆناغی دروستکردندا  ڤاکسینەکەیان لەسەر (٤٣) هەزار (٥٠٠) کەس تاقیکردووەتەوەو بەڕێژەیەکی بەرچاو سەرکەوتوو بووە، بێ هیچ سەرهەڵدانی کێشەیەکی بەرچاو لەتەندروستی بەشداربوواندا.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی رێژەی لەسەدا ٥٠٪ی دیاریکردووە بۆ کاریگەربوونی هەر ڤاکسینێک تاقبوڵ بکرێت و بەکاربهێنرێت.

فایزەر و بایۆنتێک هێشتا قۆناغی تاقیکاری سێیان تەواو نەکردووە کەکۆتا قۆناغە، بۆیە مەترسی ئەوە هەیە رێژەی کاریگەربوونی دابەزێت، بەڵام زانایان پێیانوایە کاریگەرییەکەی لەکاتی بەکارهێنانیشدا زۆر لەسەروو لەسەدا ٥٠٪ەوە دەبێت، لەکاتێکدا ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا تەنها لەسەدا ٤٠-٦٠٪ کاریگەرە.

ئوغور شاهین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بایۆنتێک لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی رایگەیاند ڤاکیسنەکە لەتوانایدا هەیە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتایی پێبهێنێت کەجیهانی تووشی کارەسات کرد لەساڵی ٢٠٢٠دا.

«ئەگەر پرسیارەکە ئەوەبێت کەئایا دەتوانین ئەم پەتا جیهانییە بوەستێنین بەم ڤاکسینە، ئەوا وەڵامەکەم بەڵێ دەبێت، چونکە پێموایە تەنها پارێزگاری لەتووشبوونی نیشانە دیاریش کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت»، شاهین وای وت.

لایەنە نەزانراوەکانی چین؟

ڤاکسینەکە چەند لایەنێکی نەزانراوی هەیە، لەوانە کەنازانرێ ئاخۆ پارێزگاری هەمیشەیی دەبەخشێت یاخود وەک ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا دەبێت هەموو ساڵێک بەکاربهێنرێت.

هەروەها ئەوەش نازانرێت ئاخۆ ڤاکسینەکە رێگری دەکات لەگرتن و بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە یان تەنها ناهێڵێت نەخۆش بکەویت، جگە لەوەی هێشتا دیار نییە ڤاکسینەکە چەنێک تۆکمەیە بۆ گروپە جیاوازەکانی تەمەن.

لایەنێکی خراپی ڤاکسینەکە ئەوەیە دەبێت لەپلەی گەرمی ناقس ٨٠ (-٨٠) هەڵبگیرێت، کەئەمەش کارێکی سەختە لەکاتی دابەشکردن و گواستنەوەی بەرهەمەکە، هەروەها هەڵگرتنیشی لەچەند وڵاتێکی تازەپێگەشتوودا.

ئایا ڤاکسینی تر هەیە وەک ئەمە مژدەبەخش بێت؟

نزیکەی (١٦) ڤاکسین هەن لەجیهاندا کەقۆناغی باشیان بڕیوە و  چەند ڤاکسینێک لەوانە لە قۆناغی کۆتاییدان و بڕیارە بەمزووانە داتاکانیان بخەنەڕوو.

چوارشەممەی رابردوو روسیا رایگەیاند ڤاکسینی سپەتنیک-٥ لەقۆناغی دووەمدا لەسەدا ٩٢٪ کاریگەری هەبووە کە لەسەر (١٦) هەزار کەس تاقیکراوەتەوەو بەمزووانەش قۆناغی سێ دەستپێدەکات بەبەشداری (٤٠) هەزار کەس لە (٢٩) کیلینیکی پزیشکی لەسەرتاسەری مۆسکۆ.

ڤاکسینە روسییەکە جۆرێکی ستانداردەو پێویستی بەوە نییە لەپلەی گەرمی  زۆر نزمدا هەڵبگیرێت، ڤاکسینەکە جۆرێکی مردوو یان بێهیزکراوی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدایەو دەکرێتە جەستەوە تادواتر سیستەمی بەرگری بیناسێتەوەو بەئاسانی رووبەڕووی بوەستێتەوە.

ڤاکسینەکەی کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریکیش لەقۆناغی کۆتاییدایەو بڕیارە بەمزووانە داتاکانی لەسەر ڤاکسینەکە بخاتەڕوو کە لەهەمان جۆری ڤاکسیەنەکەی فایزەرو بایۆنتێکە.

هەروەها ڤاکسینەکەی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی بەهەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای ئەسترازینکا هیوابەخشەو بڕیارە لەچەند هەفتەی داهاتوودا داتاکانیان ئاشکرا بکەن

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار