وەزارەتی کارەبا: هیوادارین بتوانین پێدانی کارەبا بەم شێوەیە بهێڵینەوە
.jpg)
5 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی، ماردین نورەدین
وەزارەتی کارەبا رایدەگەیەنێت بەهۆی وەرزی سەرماوە خواست لەسەر کارەبا زیادیکردووە، بۆیە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا کەمبووەتەوەو هیواخوازیشە خواست لەسەر کارەبا زیاترنەبیت تابتوانن پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا لەم ئاستەدا بهێڵنەوە.
ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبا سەبارەت بەژمارەی کاتژمێرەکانی کارەبا بەھاوڵاتی راگەیاند «لەئێستادا ژمارەی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا بەتێکڕا لەبەینی (15 بۆ 16) کاتژمێردایە، هەندێک رۆژ زیاتریش دەبێت، بەڵام ئێمە هەر ئەوەندەی دەڵێین، بەڵام لەهەوڵداین زیادی بکەین و بەرهەم زیاد بکەین، بەڵام ئیتر ئومێد دەکەین خواستەکان زۆر سەرنەکەوێت و بەشی ئەوە بکات کەبتوانین کاتەکانی بوونی کارەبا بەم شێوەیە بهێڵینەوە».
لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرماو باران خواست لەسەر کارەبای نیشتیمانی زیاد دەکات لەلایەن هاووڵاتیان بەبەکارهێنانی وزەی کارەبا بۆ ئامێرەکای گەرمکەرەوە.
ئومێد ئەحمەد وتی «شتێکی سروشتییە هەموو زستانێک خواست لەسەر کارەبا زیاد دەکات بەهۆی بەکارهێنانی زۆری ئامێرەکانی گەرمکردنەوە».
توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لەئێستا (3) هەزارو (٢٠٠) بۆ (3) هەزارو (٣٠٠) مێگاواتە، بەڵام خواست لەسەر کارەبا لەزستاندا بۆ نزیکەی دوو هێندە زیاد دەکات.
سەبارەت بەپلانی وەزارەتی کارەبا بۆ وەرزی زستان و باشترکردنی دۆخی کارەبا، ئومێد ئەحمەد وتی «لەهەوڵداین بۆ زیادکردن لەلایەک و لەلایەکی تر بۆ کۆنترۆڵکردنی خواست لەڕێگەی پڕۆژەی پێوەری زیرەک و پڕۆژەکانی ترەوە هەوڵەکانمان بەردەوامە».

