هه‌شت خۆپیشانده‌ر له‌پارێزگاى سلێمانى کوژراون

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
کۆمسیۆنى مافى مرۆڤى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت له‌ماوه‌ى حه‌وت رۆژى رابردودا" هه‌شت خۆپیشانده‌ر کوژراون و زیاتر له په‌نجا که‌سى دیکه‌ش له رووداوه‌کانى پارێزگاى سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه برینداربوون".
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 10ى کانونى یه‌که‌مى 2020، کۆمیسیۆنى مافه‌کانى مرۆڤى عێراق به‌یاننامه‌یه‌کى له‌باره‌ى رووداوه‌کانى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه بڵاوکرده‌وه و ده‌ڵێت" به‌هۆى شه‌ڕوپێکدادانه‌وه، گازى فرمێسکرێژ، گولله‌ى پلاستیکى و گولله‌ى زیندوو له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌کانه‌وه له رۆژانى سێ تا نۆى کانوونى یه‌که‌م هه‌شت که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و 54 ى دیکه‌ش برینداربوون".
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه کراوه که ژماره‌یه‌ک خۆپێشانده‌ر باره‌گا و فه‌رمانگه‌کانى ده‌وڵه‌تیان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک باره‌گاى پارته سیاسییه‌کان له پارێزگاکه سووتاندووه.
هاوکات ئه‌وه‌شى خستۆته‌روو "لایه‌نه حکومى و ئه‌منییه‌کانى پارێزگاکه تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان (فه‌یسبووک، ڤایبه‌ر، ئینستگرام و سناپ چات)یان راگرتووه و باره‌گاى که‌ناڵى ئێن ئاڕتییان داخستووه".
کۆمسیۆنى مافه‌کانى مرۆڤ داوا له هێزه ئه‌منییه‌کانى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه ده‌کات پارێزگارى له خۆپێشانده‌ران بکه‌ن و هاوکاربن و دووربکه‌ونه‌وه له هه‌ر پێکدادان و کارێکى تووندوتیژ.

