په‌رله‌مانتارێکى کورد له‌به‌غدا: بۆ رێککه‌وتنى کۆتایى وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم هه‌نگاوى باشى بڕیووه

5 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت:" وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم له به‌غدا هه‌نگاوى باشى بڕیوه بۆ گه‌یشتن به‌رێکه‌وتنى کۆتایى به‌تایبه‌ت که به‌ڵێنى ئیلتزامکردنیان به یاساى کورتهێنانى دارایى کردووه".
شیروان میرزا، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم له‌به‌غدا به‌ڵێنیانداوه که ئیلتزام بکه‌ن به ته‌سلیمکردنى داهاتى نه‌وت به کۆمپانیاى سۆمۆى عێراقى و له‌سه‌دا 50ى داهاتى ده‌روازه سنورییه‌کان بده‌نه‌وه به‌عێراق".
هه‌روه‌ها وتیشى:" وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم هه‌نگاوى باشیان بڕیوه بۆ گه‌یشتن به‌رێککه‌وتنى کۆتایى له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق به‌تایبه‌ت که به‌ڵێنى ئیلتزامکردنیان به یاساى کورتهێنانى دارایى کردووه، ئه‌مانه دڵنیایى ده‌دات به لایه‌نى عێراقى".
هاوکات، ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که حکومه‌تى هه‌رێم پێویستى به 895 ملیار دینارى مانگانه‌یه بۆ موچه و زائیده‌ن 100 ملیار دینارى دیکه‌یان ده‌وێت بۆ پڕۆژه‌کان" ئه‌گه‌ر مانگانه تریلۆنێک دینار له‌به‌غداوه بۆ هه‌رێم ره‌وانه بکرێت و له پرۆژه بودجه‌ى 2021 جێگیر بکرێت به‌شێکى زۆرى کێشه داراییه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌کات".
له‌باره‌ى پشکى پێشمه‌رگه له‌پرۆژه بودجه‌ى 2021، ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد له رێکه‌وتنى حکومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ حکومه‌ته‌که‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى(حکومه‌تى پێشووى عێراق) مانگانه 65 ملیار دینار ته‌رخان کرابوو بۆ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه له‌چوارچێوه‌ى هێزى زه‌مینى عێراقدا، به‌ڵام "نازانرێت ئه‌و بڕه‌ى بۆ پێشمه‌رگه دیارى کراوه که‌مکراوه‌ته‌وه یان وه‌ک خۆى ماوه‌ته‌وه".
له‌لایه‌کى دیکه‌وه، وته‌بێژى جێگرى حکومه‌تى هه‌رێم که ئێستا له‌گه‌ڵ وه‌فدى هه‌رێمى کوردستان له به‌غدایه رایگه‌یاند، له کۆبوونه‌وه‌کاندا جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت به به‌رپرسانى عیراقى وتووه، "ھێڵى سوورمان نییه بۆ جێبه‌جێکردنى یاساى قه‌رزى عیراق، به‌مه‌ش هیچ بیانوویه‌ک بۆ به‌غدا نه‌ماوه".
سه‌میر ھه‌ورامی، وته‌بێژى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى ھه‌رێمى کوردستان ڕایگه‌یاند: "له کۆبوونه‌وه‌ى وه‌فدى حکومه‌تى ھه‌رێم له‌گه‌ڵ وه‌زیرانى دارایى و نه‌وتى عێراق، جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى ھه‌رێمى کوردستان جه‌ختیکرده‌وه، که ئێمه ھێڵى سوورمان نییه بۆ جێبه‌جێکردنى یاساى قه‌رزى عێراقی، ئه‌وه‌ى که له‌سه‌ر ھه‌رێمى کوردستان ھه‌یه وه‌کخۆى جێبه‌جێى ده‌کات، له‌به‌رامبه‌ردا حکومه‌تى عێراق شایسته داراییه‌کانى ھه‌رێمى کوردستان بنێرێت".
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: " حکومه‌تى ھه‌رێم ئاماده‌یى ده‌ربڕیوه که ئه‌و بڕه نه‌وته‌ى دیاریکراوه له رێگه‌ى سۆمۆ بیفرۆشێت و 50%ى داھاتى خاڵه سنوورییه‌کانیش راده‌ستى به‌غدا بکات، که ئه‌مه پێشتر له مانگى ئابى 2020 له‌سه‌رى رێککه‌وتبووین".
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: "کۆمپانیاى به بازاڕکردنى نه‌وتى عێراق (سۆمۆ) لایه‌نێکه له کۆبوونه‌وه‌کانى نێوان ھه‌ولێر و به‌غدا، ئه‌وه‌ى په‌یوه‌سته به سۆمۆ داھاتى نه‌وته".
دوێنێ چوارشه‌ممه 9ى کانوونى یه‌که‌مى 2020، وه‌فدى هه‌رێمى کوردستان به سه‌رۆکایه‌تى قوباد تاڵه‌بانی، جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێم گه‌یشتنه به‌غدا و له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وه‌زیرى نه‌وت و دارایى عیراق کۆبوونه‌وه.

