به‌غدا ئاماده‌یه بۆ یه‌کجارى دیکه 320 ملیار دینار ره‌وانه بکات
هه‌رێم داواى 960 ملیار دینار له‌به‌غدا ده‌کات و عێراقیش ته‌نها 320 ملیار دینارى یه‌ک مانگ ده‌دات

5 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
کۆبونه‌وه‌ى وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و وه‌فدى باڵاى حکومه‌ت و په‌رله‌مانى عێراق کۆتایى هات و به‌فه‌رمى هیچ شتێک له‌باره‌ى رێککه‌وتن یا لێکتێگه‌شتن ئاشکرا نه‌کرا، هاوڵاتى به‌دواداچونى کردووه‌و زانیارییه‌کان ده‌خاته‌روو.
سه‌رچاوه‌یه‌کى ئاگادار و به‌شدار له کۆبونه‌وه‌ى وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق به‌هاوڵاتى وت:" وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم داواى کرد که سێ 320 ملیار دینارى دیکه(960) ملیار دینار ره‌وانه‌ى هه‌رێم بکرێت، به‌ڵام حکومه‌تى عێراق ئاماده‌یى نیشاندا یه‌ک جارى دیکه 320 ملیار دینار بنێرێت، ره‌نگه نه‌رمى بنوێنن دووجارى دیکه 320 ملیار بنێرن تا په‌سه‌ندکردنى پرۆژه یاساى بودجه‌ى ساڵى داهاتوو".
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که حکومه‌تى هه‌رێم داهاتى نه‌وتى و نانه‌وتى به (ژماره‌و داتا) راده‌ستى به‌غدا ده‌کات، به‌پێى ئه‌و داتایانه حکومه‌تى عێراق بودجه‌یه‌ک بۆ هه‌رێم ره‌وانه ده‌کات".
هاوکات، وشیار عه‌بدوڵا، ئه‌ندامى فراکسیۆنى گۆران له په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" ئه‌و کۆبونه‌وه‌یه‌ى ئه‌مڕۆ ئیجابى بووه‌و ته‌فاهوم و لێکتێگه‌یشتنى باش له‌نێوان وه‌فدى هه‌ردوولادا هه‌بووه بۆ چاره‌سه‌رێکى کاتى تا په‌سه‌ندکردنى پرۆژه بودجه‌ى ساڵى 2021".
ناوبراو وتیشى:" حکومه‌تى هه‌رێم به‌پێى داتاکانى کۆمپانیاى دیلۆیت داتاى داهاته‌کانى نه‌وت و نانه‌وتى راده‌ستى حکومه‌تى عێراق ده‌کات، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بودجه‌یه‌ک بۆ هه‌رێم ره‌وانه ده‌کرێت ره‌نگه له 320 ملیار دینار زیاتر بێت یا که‌متر بێت".
وشیار عه‌بدوڵا، ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم ئیلتزامى ته‌واو به یاساى کورتهێنانى دارایى کردووه‌و له‌وچوارچێوه‌یه‌دا حکومه‌تى عێراق مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێم ده‌کات.
ده‌رباره‌ى گفتوگۆکان له‌باره‌ى پرۆژه بودجه‌ى 2021ى عێراقه‌وه، وشیار عه‌بدوڵا، ئه‌وه‌ى روونکرده‌وه که ئه‌و لێکتێگه‌یشتنه ده‌بێته بنه‌مایه‌کى باش بۆ پرۆژه بودجه‌ى ساڵى داهاتوو" ئایا نه‌وت راده‌ست ده‌که‌ن یان ته‌نها داهاته‌که‌ى، ئه‌وه پێویستى به‌رێکه‌وتن و گفتوگۆیه له‌گه‌ڵ کۆمپانیاى سۆمۆى عێراقى، ئه‌و گفتوگۆ‌و رێککه‌وتنه حوکم ده‌دات که پشکى هه‌رێم له پرۆژه بودجه‌دا چۆن جێگیر ده‌کرێت".

