سوپاى عێراق: له‌تونێله‌کانیاندا 42 چه‌کدارى داعش له موسڵ کوژران

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وته‌بێژى سوپاى عێراق ئاشکراى ده‌کات که ئه‌مڕۆ 42 چه‌کدارى داعشیان له ناوچه‌ى عه‌ین جه‌حش له باشورى شارى موسڵ کوشتووه.
ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه 13ى کانونى یه‌که‌مى 2020، له به‌یاننامه‌یه‌کدا یه‌حیا ره‌سوڵ، وته‌بێژى سوپاى عێراق ڕایگه‌یاند:"به سه‌رپه‌رشتى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه چه‌کداره‌کان و به سه‌رپه‌رشتى ڕاسته‌وخۆى سه‌رۆکى ده‌زگاى دژه‌تیرۆر هه‌ڵمه‌تێکى سه‌ربازیمان له‌ژێر ناوى دیجله، به‌رامبه‌ر چه‌کدارانى داعش ئه‌نجامدا له ناوچه‌ى عه‌ین جه‌حش له باشورى شارى موسڵ".
ناوبراو راشیگه‌یاند:" هێزه‌کانى دژه‌تیرۆر له ماوه‌ى دوو ڕۆژدا ڕوبه‌ڕووى پاشماوه‌کانى داعش بوونه‌ته‌وه و له چه‌ند ناوچه‌یه‌کى سه‌خت و له ئه‌شکه‌وتێکدا گه‌مارۆیان داون، پاشان شوێنه‌کانیان به چه‌کى جۆراو جۆر بۆردوومان کردوون و ئه‌و ئه‌شکه‌وت تونێلانه‌ى که خۆیانیان تێدا حه‌شاردابوو، به‌سه‌ریاندا ڕووخێندرا و له ئه‌نجامیشدا 42 چه‌کداریان کوژراون".
هاوکات، ئه‌وه‌شى روونکردووه‌ته‌وه که له‌ناو کوژراوه‌کاندا والى دیجله به‌ناوى "به‌را‌و" و جێگره‌که‌ى " ئه‌بو مه‌حموود" و به‌رپرسى ڕاگه‌یاندنى پارێزگاى دیجله، ئه‌بو سه‌یاف و یاریده‌ده‌ره‌که‌ى به‌ناوى (سه‌جاد) به‌رپرسێکى سه‌ربازى دیکه‌یان به‌ناوى فارووق ئه‌بو سینا هه‌یه کوژراون" ژماره‌یه‌ک چه‌ک و پاره‌ى بیانى و ناوخۆیى له‌ناو باره‌گاکانیان دۆزراوه‌ته‌وه و له ئۆپراسیۆنه‌که‌شدا فڕۆکه‌ى هاوپه‌یمانان و عێراق به‌شداریى هه‌ڵمه‌ته سه‌ربازییه‌که‌یان کردووه".

