250 خۆپیشانده‌ر لەزیندانه‌کانى پارێزگاى سلێمانیدان
یه‌کێک له‌ڕێکخه‌رانى خۆپیشاندانه‌که: خۆپیشاندان ئێستا مت بووه، به‌ڵام سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه ئه‌گه‌ر دۆخه‌که به‌م شێوه‌یه بێ

5 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حه‌سه‌ن
له‌خۆپیشاندانه‌کانى پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌کانى گه‌رمیان و راپه‌ڕین زیاتر له (٢٥٠) که‌س ده‌ستگیرکراون و هێشتا بڕیار له‌چاره‌نووسیان نه‌دراوه بۆ ئازادکردنیان.
ماوه‌ى (10) رۆژ خۆپیشاندان له‌سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌و که‌لارو رانیه‌و قه‌زاو ناحییه‌کانى دیکه ئه‌نجامدراو به‌و هۆیه‌وه نۆ خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستداو بوونە قوربانی و زیاتر له (١٠٠) که‌سیش بریندارکراون، یه‌کێک له رێکخه‌رانى خۆپیشاندانه‌که‌ى سلێمانى ده‌ڵێت:" خۆپیشاندان ئێستا مت بووه، به‌ڵام سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه ئه‌گه‌ر دۆخه‌که به‌م شێوه‌یه بێت".
به‌پێى ئامارێک که له‌سه‌رچاوه‌یه‌کى هێزه ئه‌منییه‌کانه‌وه ده‌ست (هاوڵاتى) که‌وتووه تائێستا زیاتر له (250) که‌س له‌خۆپیشانده‌ران ده‌ستگیرکراون و هێشتا چاره‌نووسیان یه‌کلانه‌کراوه‌ته‌وه بۆ ئازادکردنیان که شه‌ش که‌س له‌ڕێکخه‌رانى خۆپیشاندانه‌که‌ى سلێمانى تێدایه.
رۆژى هه‌ینى رابردوو 11ى کانونى یه‌که‌مى 2020 کاتژمێر یه‌کى پاشنیوه‌ڕۆ بۆ رێکخستنى خۆپیشاندانێکى مه‌ده‌نى، رێکخه‌رانى خۆپیشاندانه‌کان له‌به‌رده‌م بیناى پارێزگاى سلێمانى کۆبوونه‌وه که بڕیاربوو کاتژمێر یه‌ک خۆپیشاندان ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌کانه‌وه رێگرییان لێکراو دواتر سه‌رجه‌م رێکخه‌رى خۆپیشاندانه‌کان ده‌ستگیرکران، کە به‌ڕشتنى گازى فرمێسک‌ڕێژ و دروستبوونى توندوتیژى کۆتایى هات و ده‌یان که‌س له‌خۆپیشانده‌ران ده‌ستگیرکران.
له‌کۆى (11) ئه‌ندامى رێکخه‌رانى خۆپیشاندانه‌که‌ى سلێمانى پێنجیان ئازاد کراون و هێشتا شه‌ش که‌سیان له‌زیندانه‌کانى کانى گۆمه‌و فه‌رمانده‌ییدان.
یه‌کێک له‌ڕێکخه‌رى خۆپیشاندانه‌کانى سلێمانى که‌ده‌ستگیرکرا په‌یمان عیزه‌دین بوو که‌شه‌وێک له‌زینداندا مایه‌وه‌و رۆژى دوایى ئازادکراو ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد ئه‌وان بۆ ئه‌وه کاریان کردووه خۆپیشاندانه‌که مه‌ده‌نى بێت، به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه ده‌مامکداره‌کانه‌وه رێگریان لێکراوه‌و ده‌ستگیرکراون.
په‌یمان عیزه‌دین، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" له‌به‌رده‌م بیناى پارێزگاى سلێمانى گردبووینه‌وه‌و پێش خه‌ڵکه‌که وه‌ستاین، دواى چه‌ند ده‌قه‌یه‌ک هێزێکى جل ره‌شى ده‌مامکدار هاتن و به‌چه‌ند سه‌یاره‌یه‌کى جیا یه‌ک به‌یه‌ک بردیانین بۆ زیندانى کانى گۆمه".
په‌یمان عیززه‌دین ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد سه‌ره‌تا براون بۆ هێزى پاراستن له‌ناو کانى گۆمه "من که‌ته‌نیا ژن بووم، جیاکرامه‌وه‌و هه‌موو زانیارییه‌کمان لێوه‌رگیراو دواى چه‌ند کاتژمێرێک براین بۆ ناو فه‌رمانده‌یى گشتى له‌فه‌وجى یه‌کێتى ژنان و هیچ شتێکم پێ نه‌وتراوه".
په‌یمان عیززه‌دین ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که‌ئه‌وان کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکى ناڕازین، وه‌کو زۆرینه‌ى هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان و ئه‌و خۆپیشاندانه توندتیژیانه‌ى که له‌سه‌ر شه‌قام دروستببوون ویستوومانه بیگۆڕین بۆ خۆپیشاندانى "ناتوندوتیژى مه‌ده‌نى" و ناڕه‌زاییه‌کان به‌رده‌وام بێت تاداواکاریه‌کانى خه‌ڵک دێته‌دى.
عوسمان گوڵپى یه‌کێکى دیکه‌یه له‌ڕێکخه‌رانى خۆپیشاندانه‌که‌ى سلێمانى دواى دوو رۆژو شه‌وێک له‌ده‌ستگیرکردنى به‌هاوڵاتى وت "زیندانىکردنى ئێمه توندوتیژییه، به‌ڵام وه‌ک جه‌سته‌یی هیچ توندوتیژییه‌کم به‌رامبه‌ر نه‌کراوه، بەڵام تائێستا شه‌ش چالاکوانی دیکه له‌ڕێکخه‌رانى خۆپیشاندانه‌که ئازاد نه‌کراون".
گوڵپى باسى له‌وه‌شکرد که‌هه‌ڵبژاردنى شوێنى خۆپیشاندانه‌که له‌به‌رده‌م پارێزگا‌و دادگاى سلێمانى بوو به‌ئامانجى ئه‌وه‌ى به‌شێوه‌یه‌کى مه‌ده‌نى بێت و خۆپیشاندانه‌کان بخاته‌وه سه‌ر سکه‌ى مه‌ده‌نى خۆى و فراوانتر ببێت، وتیشى:"تادۆخى ئابورى خه‌ڵک ئاوا بێت خۆپیشاندان هه‌ر ده‌کرێت، به‌ڵام ناوه ناوه متبوون به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت و گروپه‌کان ده‌بێت بڕیار بده‌ن چۆن جارێکى دیکه خۆپیشاندانه‌کان رێکبخه‌نه‌وه و وابکه‌ن کاریگه‌رییان هه‌بێت".
"بێهیوابوون به‌قازانجى ده‌سه‌ڵاته‌و ته‌نیا چاره‌سه‌ر خه‌باتى مه‌ده‌نییه، بۆیه هیچ شتێک نابێت ساردمان بکاته‌وه‌و دواجار هه‌ر خه‌باتى مه‌ده‌نى پێویسته سه‌ربکه‌وێت و ببێته رزگارکه‌رى ئه‌م میلله‌ته"، عوسمان گوڵپى یه‌کێک له‌ڕێخه‌رانى خۆپیشاندانه‌که‌ى سلێمانى واده‌ڵێت.
لیژنه‌ى ئه‌منى پارێزگاى سلێمانى به‌سه‌رۆکایه‌تى هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر، پارێزگارى سلێمانى له‌سێ رۆژى رابردوودا راگه‌یاندراویان بڵاوکرده‌وه‌و هه‌موو خۆپیشاندانێکى بێ مۆڵه‌تیان ره‌تکرده‌وه.
که‌ریم عه‌لى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، له‌لێدوانێکدا وتى"به‌داخه‌وه خۆم گله‌یم هه‌یه له‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى و هه‌نگاوى پێویست نه‌نراوه‌و هه‌م بۆ هێزه ئه‌منییه‌کان که‌هاتوونه‌تە ناو شاره‌وه‌و به به‌ندکراوان و شه‌هیده‌کانیشه‌وه که ده‌بوو هه‌ڵوێستمان هه‌بوایه".
ئه‌ندامه‌که‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا پێشیوابوو هاتنى هێز بۆ ناو سلێمانى کارێکى نامۆ بووه‌و وتى:" چه‌کدارکردنى ته‌واوى باره‌گاى حزبه‌کان و کادره‌کانیان، که‌ئه‌مه شتێکى زۆر نامۆیه، چونکه خۆپیشاندانه‌که‌ى سلێمانى مه‌ده‌نى بوو، راسته له‌هه‌ندێک جێگا خروقاتى لێکه‌وتۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌وانه نه هامه‌ریان پێیه‌و نه چه‌کدارن".
"یاداشتێکم ئاماده‌کردووه که‌هه‌موو ئه‌ندامان ئیمزاى ده‌که‌ین و به‌رزى ده‌که‌ینه‌وه بۆ به‌دواداچوونى ئه‌و حاڵه‌تانه‌ى که روویانداوه‌و هه‌نگاوى پێویست بنرێت به‌ئاراسته‌ى چاره‌سه‌رکردن"، که‌ریم عه‌لى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى وا ده‌ڵێت.

