ھیچ خۆپیشاندەرێکی چەمچەماڵ دەستگیرنەکراوە
رەمک رەمەزان: ھەلیکۆپتەرەکەی شەوی ھەینی ھی ھێزەکانی ھاوپەیمانان بوو

5 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
ھەلیکۆپتەرێک شەوی هەینی لەئاسمانی چەمچەماڵ بینراوەو ڤیدیۆکەی لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوبۆتەوە کەتێیدا گڕی فڕێداوە، ئەوەش دوای خۆپیشاندانەکانی رۆژانی رابردوو.
رەمک رەمەزان قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە هاوڵاتی وت "ئەمە هی هاوپەیمانانە لەبەرئەوەی بنکەیەکی مەشقیان لەسنوری ئێمە هەیە، جاربەجار ئاوا کە دێن چاکسازیی خۆیان دەکەن، ئەگینا نە تەقەیان لەهاووڵاتی کردووە، نە تەقەش بووە، زیاتر بابەتی ئەمنی خۆیانە".
وتیشی "تۆزێ سوڕابوونەوە هاووڵاتیان بەو نزم سوڕانەوەیەیان تۆزێ نیگەران بوون، بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بەبارودۆخی خۆپیشاندانەوە نییە، ئەمە رۆژانە دێن بەڵام ئەم جارە واڕێکەوتبوو ئەوکاتە بێن".
سەبارەت بەبارودۆخی خۆپیشاندانەکانی چەمچەماڵ رەمک رەمەزان وتی "سوپاس بۆ خەڵکە بەڕێزو خۆشەویستەکە کەهەمیشە هاوکارمانن، توانیمان ئەم بارودۆخەش تێپەڕێنین" وتیشی "لەچەمچەماڵ تەنها مەکۆی گۆڕان سوتێنراوە، لەناحیەی تەکیە، کۆمیتە، بەڕێوەبەرایەتی ناحیە، ئاسایش، ناوچەی پارتی، سوتێنراوە".
ئاماژەی بەوەشکرد هیچ کەسێکیان دەستگیر نەکردووە، لەچەمچەماڵ، بەڵام "دوو جوانەمەرگ" و(11) برینداریشمیان هەیە و حاڵەتی بریندارەکانیشیان جێگیرە.

