مامۆستایانى ناڕازی: ئیراده‌ى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان به‌قازانجى مووچه‌خۆران به‌هێزه

5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ژماره‌یه‌ک مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانى ناڕازى رایده‌گه‌یه‌نن، له‌ئێستادا ئیراده‌ى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان به‌قازانجى مووچه‌خۆران به‌هێزه.
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 18ى کانونى یه‌که‌مى 2020، ژماره‌یه‌ک له نوێنه‌رانى مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و چالاکوانانى هه‌رێمى کوردستان له‌ڕاگه‌یه‌نراوێکدا ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن که له‌چوارچێوه‌ى سه‌ردانى دوو رۆژیان بۆ شارى به‌غدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵا کۆبوونه‌وه‌یان کردووه بۆ دۆزینه‌وه‌ى ده‌رچه‌یه‌ک که بتوانێت چاره‌سه‌رى قه‌یرانى دارایى و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم بکات.
هه‌روه‌ها به‌پێى راگه‌یه‌نراوه‌که، له‌و دیدارانه‌دا وێڕاى نیگه‌رانى له گه‌نده‌ڵى و بڕینى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له چه‌ند ساڵى ڕابردوو و ڕێککنه‌که‌وتنى نێوان هه‌رێم و به‌غداد و یاریکردن به قوت و بژێوى هاوڵاتیان و فه‌رمانبه‌ران، داوایان کردووه له چوارچێوه‌ى ده‌ستووردا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان بکرێت و موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم له ململانێ سیاسیه‌کان ده‌ربهێنرێت.
هاوکات له‌دیداره‌کاندا ته‌واوى کێشه‌کانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا و هۆکاره‌کانى ڕێکنه‌که‌وتنى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غداد ڕوونکرانه‌وه و ئه‌و ڕێگایانه‌یان خسته به‌رچاو که ده‌گیرێنه‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌رکردنى خاڵه ناکۆکه‌کانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا.
به‌پێى ئه‌و راگه‌یه‌نراوه "خۆشبه‌ختانه له‌ئێستادا ئیراده‌ى پشتیوانى خه‌ڵک و چاره‌سه‌ر کردنى کێشه‌کان به قازانجى مووچه‌خۆران و هاوڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان به‌هێزه و به‌هه‌وڵى ژماره‌یه‌ک نوێنه‌رى کورد له په‌رله‌مانى عێراق توانراوه په‌یامه‌کانى خه‌ڵکى کوردستان به‌باشى بگاته ناوه‌ندى بڕیارى به‌غداد و کۆده‌نگى بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان دروست بکه‌ن به قازانجى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان".

