ترهمپ بهردهوامه لهسزادانى ئهو وڵاتانهى بازرگانى لهگهڵ ئێران دهکهن
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگهیاند سزای نوێی بەسەر چەند کۆمپانیایەکی چینی، ئیماراتی و ئێرانی دەسەپێنێت، دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوتووە کە ئێران 15 ماددەی دیاریکراو وەکو: ئەلەمنیۆم، پۆڵا و ئاسن لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستیکی بەکاردەهێنێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئهمرۆشهممه، 16کانونى دووهمى 2021 راگهیاندراوێکیان بلاوکردهوه و رایگهیاند" دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوتووە کە ئێران 15 ماددەی دیاریکراو وەکو: ئەلەمنیۆم، پۆڵا و ئاسن لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستیکی بەکاردەهێنێت، سزا بەسەر چەند کۆمپانیایەکی چینی، ئیماراتی و ئێرانی دەسەپێنێت کە سەرەڕای ئەوەی زانیویانە کۆماری ئیسلامی ئەو ماددانە بەمەبەستی دروستکردنی چەک بەکاردەهێنێت، بەڵام بەردەوام بوون لە بازرگانیکردن لەگەڵی".
بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سزا بەسەر حەوت کۆمپانیا سەپاندووە لە نێویاندا، کۆمپانیای شیانجین ماسکۆتی چین کە بازرگانی ماددەی پۆڵای لەگەڵ ئێران کردووە. هەروەها رێکخراوی پیشەسازیی دەریایی، رێکخراوی پیشەسازیی ئاسمان و رێکخراوی پیشەسازیی فڕۆکەوانی ئێران سزایان بەسەردا دەسەپێنێرێت.
وەزارەتەکە رایگەیاندووە: "سوپای پاسدارانی ئێران لە چەندین پڕۆژەی بونیاتنان تێوەگلاوە ، کۆمپانیاکانی سەر بەو سوپایەش بە هەموو شێوەیەک دەکەونە ژێر لیستی سزاکان بەتایبەت لە بواری پیتاندنی یۆرانیۆم".
دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و بردنەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەپاندنی "لێشاوێک سزای" نوێی بەسەر ئێراندا راگەیاند، لە نێوەڕاستی کانوونی یەکەمی 2020، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سەپاندنی سزای بەسەر ژمارەیەک بەرپرسی وەزارەتی ئاسایش و هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) بە بیانووی رفاندنی کارمەندێکی پێشووی نووسینگەی لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکانی ئەمریکا (ئێف بی ئای) راگەیاند، ئەوەش وەک هەنگاوێکی دیکەی زیادکردنی گوشارەکان لەسەر تاران، بەرلەوەی دۆناڵد ترەمپ ماوەی سەرۆکایەتییەکەی کۆتایی بێت.
لە ساڵی 2015 ئێران و وڵاتانی 5+1 رێککەوتنێکیان لەبارەی چالاکیی ئەتۆمیی ئێران واژۆکرد، کە دواتر لە ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ لێی کشایەوە. پێشتر جۆ بایدن رایگەیاندبوو، دوای گەڕانەوەی بۆ ئیدارەی ئەمریکا هەوڵی زیندووکردنەوەی رێککەوتنەکە دەدات.