زیادەڕۆیی لەپێداویستییەکاندا

سەركۆ یونس

3 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ یونس

سەرەڕای ئەوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، مانگی خواپەرستی و عیبادەت و ڕەحمەت و بەزەیی و خێرو سەدەقەو چاکەیە، بەڵام بەداخەوە، لەلای زۆربەی موسڵمانان، مانگی زێدەخەرجی و زێدەخۆرییە! وایلێهاتووە مانگی ڕەمەزان، بووە بەمانگی خواردن و خواردەمەنی و خوانی چەورو شیرینی و شەربەت و بابەتەکانی تر.

زێدەخۆری و زێدەخەرجی لەم مانگەدا، تەنها نەبەستراوەتەوە بەچینێکەوە، بەڵکو هەموو خێزانەکان، بەهەژارو نەدارو دەوڵەمەندو خواپێداوەکانەوە، دەکرێت!

پێویستی بوون بۆ خۆراک و خواردەمەنی، یەکێکە لەگرنگترین هۆکارەکانی بەردەوامی بۆ ژیانی مرۆڤ، لەڕیزبەندی یەکەمی پێویستییەکانی تاکدا، ئەژمار دەکرێت.

بەگشتی هاونیشتیمانیانی هەرێم، بەکۆمەڵگایەکی بخۆرو زێدەخەرجی، دەناسرێت و زیاد لەپێویستی کەسەکان، پێداویستی بەکاردەهێنرێت.

لەمانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، داواکاری بۆ پێداویستییەکان زیاتر دەبێت، بەبەراورد بەمانگەکانی تر، ئەمەش حاڵەتێکی دەگمەنی کۆمەڵگا ئیسلامییەکانە، بووە بەکلتورو هەندێکجار چاولێکەری تاک و خێزانەکان.

زێدەخەرجی و زێدەڕۆیی، لەخواردن وخواردەمەنی، لەئاینی پیرۆزی ئیسلامدا، ڕێگەپێدراو نییە، بەدەقی قورئانی {وكلو واشربوا ولا تسرفوا انه لا يحب المسرفين} (الاعراف: 31)، هەروەها پێغەمبەری ئیسلامیش (صلی الله علیه وسلم) قەدەغەی زیادەخەرجی و زیادەخۆری کردووە،  (كلوا وتصدفوا، والبسوا في غير اسراف) زیادەڕۆیی لەخۆراک و خواردەمەنیدا، بووەتە دیاردەیەکی بەرچاوو کۆمەڵگای کوردی، بەدەستییەوە دەناڵێنێت، هیچ خێزانێک نییە، سفرەی بەربانگی بەبێ فیڕۆدانی بەشێک لەخوانەکەی نەبێت! هەرچەندە ئامارێکی دروست، لەم بوارەوە نییە، بەڵام بەدڵنیاییەوە، نیوەی زبڵ و خاشاکی خێزانەکان، بریتین، لەپاشماوەی خۆراک و خواردەمەنی و میوەو سەوزە. یەکێک لەحیکمەت و لەهەمانکاتدا، پەیامی سەرەکی ڕەمەزان، بۆ ئەوەیە مرۆڤ، هەست بەنیعمەتەکانی خوای گەورەبکات و فێری ئارامگرتن و خۆڕاگری بکات، پەروەردەی دەروون کرۆکی بەڕۆژووبونە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە، خەڵک وەک تۆڵە سەیری بەربانگ و خوانی ئێوارە دەکات، لەکاتێکدا ئەمە ڕێک پێچەوانەی پەیام و فەلسەفەی رەمەزانە،هاوکێشەی عیبادەت، لەنێوان هۆکارو ئامانجدا، تەواو پێچەوانەیە. لەلایەکی ترەوە، زیادەخۆری و زیادەخەرجی، کاریگەری لەسەر لایەنی تەندروستی هەیە، لەسەر ئەندام و جەستەی مرۆڤ، بەپێی تووێژینەوە تەندروستییەکان ڕێژەیەکی زۆری نەخۆشییەکان، بەهۆی زیادەخۆرییەوە سەرهەڵدەدات، لەنموونەی ئەو نەخۆشییانە، زیادبوونی کێش و قەڵەوی، دەرئەنجامی قەڵەویش نەخۆشییەکانی فشاری خوێن و دڵ و شەکرە و سەوەفان هتد.. هەروەها دەرئەنجامی ئەم دیاردەیە، جارێکی تر قەیرانی گرانبوونی بازاڕ، سەرهەڵدەدات، بارگرانی زیاتر بەسەر گیرفان و داهاتی خێزانەکانەوە دروست دەبێت.

زانستی ئابوری، جەخت لەوە دەکاتەوە کەپێویستە تاک و خێزانەکان، بەپێی پێویستی ئەندامانی خێزان و رۆژانە، پێداویستییەکان دابین بکەن، زیاد لەپێویستی زەرەر لەگیرفان و داهات دەدات.

 لەلایەکی ترەوە، دەرئەنجامی ئەم خواستە زۆرەی بەکاربەران و لاوازیی ئابوری هەرێم، کەتوانای وەڵامدانەوەی خواستی ناوخۆی نیە، ناچار بۆ پڕکردنەوە، پەنا دەبرێتە بەر هاوردەکردن، بەپێی ئامارە ناڕەسمییەکان (90%)ی پێداویستییە خۆراکی و خواردەمەنییەکان، لەدەرەوە هاوردە دەکرێت، داهات و پارەی نیشتیمانی دەچێتە گیرفانی وڵاتی هەناردەکارەوە. لەبەرئەوە، زۆر گرنگە تاک و خێزان، بەووریایی و هۆشیارییەوە پێداویستییەکانیان بەپێی پێویست، دابین بکەن و زیاد لەپێویستی خۆیان نەکڕن، لەهەمانکاتدا نەبنەهۆی بەرزکردنەوەی نرخەکان.

 

 *ئابووریناس

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار