ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق: هەرێمى كوردستان کار بۆ هێشتنەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

لیژنەی ئاسایش‌و بەرگری ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ڕایگەیاند هەرێمى كوردستان لەدەرەوەی دانوستانە ستراتیژیەکان کار بۆ هێشتنەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکات، ئه‌وه‌ش باسده‌كرێت، هه‌رێم له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا له‌عێراقیش بكشێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ له‌هه‌رێم ڕوو نه‌دات.

قاتیع ڕوکابی ئەندامی لیژنەى ئاسایش‌و به‌رگرى لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ پێنج شەممە، 22نیسانی 2021 ڕایگەیاند، "دواین گەڕی دانوستانی نێوان بەغداو واشنتۆن درێژکراوەی ئەو زنجیرە گفتوگۆو ڕێککەوتنانەیە کە لەماوەی دەیەی ڕابردوودا لەنێوان هەردوولادا کراوە، بەڵام هێشتا بەشێکی زۆری وردەکارییەکانی باسنەکراون‌و تائێستاش هیچ لایەنێک نازانێت ژمارەی ڕاستەقینەی هێزە بیانییەکان لەسەر خاکی عێراق چەندن".

روکابی باسی لەوەکردووە، لایەنە کوردییەکان خواستی مانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکایان هەیە، ئەمەش وادەکات شاندی دانوستانکاری عێراق لەسەر ئەو پرسە بەشێوەیەکی یەکگرتوو گفتوگۆ لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکانیان قسە نەکەن‌و دژبەرییەک لەهەڵویستەکانیاندا هەبێت.

لەماوەی چەند ڕۆژی رابردووشدا، ژەنەراڵ کینیس ماکیزنی فەرماندەی فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا لەمیانی وتەیەکیدا لەبەردەم ئەندامانی کۆنگرێسی وڵاته‌كه‌ى ڕەتیکردەوە، واشنتۆن نیازی کێشانەوەی تەواوەتیی هێزە سەربازییەکانی لەعێراق هەبێت.

ماکینزی لەبەشێکی تری قسەکانیدا ڕونیکردۆتەوە، دوو هه‌زارو 500 سەربازیی ئەمریکی لەعێراقدا هه‌ن کە ڕۆڵێکی ڕاوێژکارییان هەیەو لەگەڵ سوپای عێراق بەشداری هیچ کردەوەیەکی سەربازیی ناکەن.

باسی لەوەشکردووە، بەدووردەزانرێت لەمیانی گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ عێراقدا لەسەر ئەوە ڕێکبکەون کە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا بەتەواوەتیی لەعێراق بکشێتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار