حکومه‌تى هه‌رێم بۆ عێراق: لێکۆڵینه‌وه له‌و شوێنه‌دا بکه‌ن که ده‌وترێت بنکه‌ى مۆسادى لێیه
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
دواى ئه‌وه‌ى له راپۆرتێک‌دا که‌ناڵێکى ته‌له‌فزیۆنى عێراقى وتبووی، هه‌رێم رێگه‌ى به کردنه‌وه‌ى "بنکه‌ى مۆسادى ئیسرائیلی" داوه، جوتیار عادل وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان روونکردنه‌وه‌یه‌کى بڵاوکرده‌وه و تیایدا هاتووه: "ئه‌و راپۆرته بێ بنه‌مایه و له‌سه‌ر بنه‌ماى وه‌همى ئاماده‌کراوه".
ده‌قى روونکردنه‌وه‌که‌ى وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان:
که‌ناڵى ئافاقى ته‌له‌ڤزیۆنى عێراقى له پێگه ئه‌لیکترۆنییه‌که‌ى له رێکه‌وتى 22ى نیسانى 2021 راپۆرتێکى بڵاوکردووه‌ته‌وه و تێیدا هه‌رێمى کوردستانى به‌وه تۆمه‌تبارکردووه، گوایا رێگه‌ى به کردنه‌وه‌ى "سه‌نته‌رى مووساد" له هه‌ولێر داوه.
لێره‌وه بۆ راى گشتى راده‌گه‌یه‌نین، ئه‌و راپۆرته بێبنه‌مایه‌ى بڵاوکراوه‌ته‌وه ته‌نیا له له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کى وه‌همى ئاماده کراوه، هه‌وڵێکه بۆ چه‌واشه‌کردنى راى گشتى و ته‌شهیرکردن به هه‌رێمى کوردستان و هه‌وڵدان بۆ خستنه‌پاڵى تۆمه‌تێکى چه‌په‌ڵ هه‌رچه‌نده ره‌تیشمان کردووه‌ته‌وه، ئه‌وکات و ئێستاش جه‌ختمان کردووه‌ته‌وه که هیچ بوونێکى ئیسرائیلى یان سه‌نته‌رێکى ئیسرائیلى له هه‌رێمى کوردستان بوونى نییه.
وێڕاى ئه‌وه‌ى ئه‌و لایه‌نانه‌ى که به‌مه‌به‌ست ئه‌و هه‌واڵانه بڵاوده‌که‌نه‌وه ئه‌و راستییه به باشى ده‌زانن و به‌ته‌واوى ئاگادارى ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ن، به‌ڵام ئه‌وان سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ره‌واج به سیاسه‌ته دوژمنکارییه‌کانیان بده‌ن، و تا ئیستاش له بڵاوکردنه‌وه‌ى ئه‌و جۆره "درۆ و ده‌له‌سانه" به‌رده‌وامن، با ئه‌وه بزانن که حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سکاڵاى یاسایى له‌دژى ئه‌و که‌ناڵه پێشکه‌ش ده‌کات.
بۆیه داوا له سه‌رۆک وه‌زیران و سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ده‌که‌ین، په‌ڕاوى لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کى شه‌فاف بکه‌نه‌وه و ده‌ستبه‌جێ لیژنه‌یه‌ک بۆ دیاریکردنى ئه‌و شوێنه ره‌وانه بکه‌ن، که ده‌گوترێت سه‌نته‌ره ئیسرائیلییه‌که‌ى لێیه، بۆ ئه‌وه‌ى سنوورێک بۆ ئه‌و تۆمه‌ته درۆزنانه و بێبنه‌ما و مه‌ترسیدارانه دابنرێت، که به‌شێوه‌یه‌کى کوێرانه ده‌خرێنه پاڵ هه‌رێمى کوردستان، که دواجار زیانى بۆ سه‌رانسه‌ر وڵات ده‌بێت.