لاوکێک بۆ لاواندنه‌وه‌ی برینی تاوسی مه‌له‌ک
سه‌رجۆن که‌ره‌م شاعیرێکی لوبنانی ـ ئهڵمانیانشین
شاعیری لوبنانی، سه‌رجۆن که‌ره‌م
6 ساڵ لەمەوپێش
سیروان ڕه‌حیم
ناسنامه‌ی ئینسانی شیعر و ئه‌ده‌بیات
شاعیری نێواداری ئه‌ڵمان گوێته (١٧٤٩ ـ ١٨٣٢) له ئاڵوگۆڕی نامه‌دا سه‌باره‌ت به شیعر ده‌نووسێت:
هه‌ندێ شت له دنیادا هه‌ن، که شاعیر باشتر ده‌یانپێچێته‌وه وه‌کو له‌وه‌ی ئاشکرایان بکات.
سه‌رجۆن که‌ره‌م له شیعری «له ناونیشانێک ده‌گه‌ڕێم بۆ ئه‌م شیعره« ڕێک ئه‌وه ده‌کات که گوێته سه‌باره‌ت به هه‌ندێ شتی دنیا باسی ده‌کات، هه‌ندێ شتی دنیا که شاعیر مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کات. سه‌رجۆن مه‌رگه‌ساتی ئێزیدیگهل، بکوژانی ئه‌و گروپه بچوکه‌ی که به‌رده‌وام ڕاودهندرێن و ڕاوده‌کرێن به شیعر ده‌پێچێته‌وه، به‌شیعر دایده‌پۆشێت، چونکه تاوانه‌که ئاشکرایه، له‌هه‌موانه‌وه دیاره، مه‌گه‌ر که‌سێک چاوی خۆی بگرێت، ده‌نا تاوان دژی ئێزیدیان لهههمووانهوه دیاره، پێویستی بهئاشکراکردن نییه. سه‌رجۆنی لوبنانی جگه لهناسنامه و په‌یوه‌ندارێتی مرۆڤبوون شتێکی تر، شتێکی تری له‌باره‌ی هاودینی، هاوزمانی و هاونه‌ته‌وه‌یی ئه‌و له‌گه‌ڵ ئێزیدیاندا کۆناکاته‌وه، به‌ڵام ئه‌و له دڵه‌وه برینی ئه‌و جڤاته ده‌لاوێنێته‌وه، به‌سه‌ر قوربانی و بۆنکڕوزی باڵه دڵگیره‌کانی تاوسدا ده‌گری. گریانێک هه‌ر له توانای شیعر و نووسینی ئه‌و هونه‌ره باڵایه‌دایه، توانای شیعر، شیعریش کاتێک ده‌بێت به په‌تویه‌ک، یان به په‌رژین یاخود به مێرگێک بۆ پێچانه‌وه‌ی برین و بکوژانی وه‌ها گه‌وره. سه‌رجۆن له‌م شیعره و له کاری تریشیدا ئه‌وه به‌رده‌وام ده‌سه‌لمێنێت که قه‌ڵه‌می ئه‌م و شیعرێک ئه‌م ده‌ینووسێت گۆرانی مرۆڤه‌کانن، گۆرانییه‌ک مرۆڤه‌کان بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌چاوی ڕه‌نگ و ده‌نگ و باوه‌ڕمه‌ندی و هه‌بوون و نه‌بوونی نیشتمان و ناسنامه بکه‌ن، ده‌شێن به هی خۆیانی بزانن و به‌رده‌وام بیڵێنه‌وه.
له ناونیشانێک ده‌گه‌ڕێم بۆ ئه‌م شیعره
ئه‌و ڕووباری ده‌خوارده‌وه، تاکو منداڵه‌که‌ی وه‌کو ئهخیلهس کۆتایی پێنه‌یه‌ت،
ئێزیدییه ئارییهکه، که مه‌له‌ک تاوسی ده‌په‌رست،
ئێزیدییه ئارییهکه، که شه‌ڕکه‌ران زایه‌ندیان دادڕی و هاواری کرد:
بۆ زارۆکه بێوه‌ی و میهره‌بانه‌کانی ئێمه پاش خۆمان،
ئێمه قوربانی دیرۆکین،
به‌ڵام سنووری بێ‌کۆتایی لێره ده‌مێنێته‌وه،
ئه‌و ژنه به زه‌ریای گوت: کاتێک قژی ده‌خسته شه‌پۆلان،
شه‌پۆلان به‌سه‌ر ئه‌وانه‌دا، که سکیان هه‌ڵده‌دڕی،
« ئه‌ی ڕۆڵه که تۆ په‌رجوویه‌ک بوویت،
ئه‌گه‌ر تۆ له‌مڕۆ به‌دواوه ویستت نوێژ بکه‌یت،
وه‌ها نوێژ بکه، وه‌ها مینا من:
باوکمان، که له‌کتێبه‌کاندا ئاماده بوو،
ده‌شێ مینا مرۆڤ، گڵ و ئاگر خۆی ده‌رخات،
ئه‌و که ئه‌ڤینداری دیکتاتۆره، چونکه حه‌زی له شکۆیه،
که خه‌می هه‌ژارانی پێدادهپۆشێت، پاشان گاز له ده‌ندوکی باڵنده ده‌گرێت،
تاکو به‌رد به‌سه‌ر داگیرکاراندا ببارێنێت،
ئه‌وه‌ی ده‌رگا ده‌کاته‌وه و
ئه‌وه‌ی ده‌رگا ده‌گرێت و
ئه‌وه‌ی مۆمدانی سکی دایکم و
ئه‌وه‌ی کرده زه‌به‌لاحه‌کانه له خوێنمدا،
بۆ په‌رستنی ناوی تۆ،
بۆ هاتنی فریشته‌که‌ت،
بۆ به‌رجه‌سته‌بوونی ویستت،
تاکو من تێبگه‌م،
چۆن ئاسمان وه‌کو مهنجهنیقێک منی فڕێ دا».
* * * * *
سه‌رجۆن که‌ره‌م ساڵی ١٩٧٠ له به‌یروت له‌دایکبووه. له‌وێ، له نێو گرمه‌گرمی بۆردومان و پاشان ململانێ خوێناوی و دزێوه‌کاندا به‌شێک له منداڵی و له پێڤاژۆی هه‌راشبوونی به‌سه‌رده‌بات. له‌وێ ده‌خوێنێت و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه تاڵه تیشکه‌کانی شیعر، وشه و ده‌ربڕین ده‌روونی ڕووناک ده‌که‌نه‌وه و گیانی ده‌خه‌نه که‌روێشکه. پاشتر له ئه‌ڵمانیا له بواری ئه‌ده‌بیاتی هاوچه‌رخی عه‌ره‌بیدا دکتۆرا وه‌ده‌ست ده‌خات. سه‌رجۆن که‌ره‌م مرۆڤێکه له نزیکه‌وه بیدوێنیت به ڕوونی تێده‌گه‌یت که ئه‌مه بوونه‌وه‌رێکه بۆ نووسین و بۆ گووتنی شیعر دروستبووه. ئه‌و خۆی له شیعرێکی ناسک ده‌چێت، بۆیه له‌و دووره‌وه ئازاردانی تاوسی مه‌له‌ک ئازاری ده‌دات، برینی کۆرپه‌کانی تاوسی مه‌له‌ک ڕایده‌چڵه‌کێنێت و به لاوکێک ئه‌و برینه قوڵ و ئه‌و غه‌دره پڕ ناسۆرانه ده‌لاوێنێته‌وه. ئه‌و له دووره‌وه، بێ ئه‌وه‌ی له‌باری ناسنامه و باوهڕمهندهییهوه هیچ شتێک به په‌ڕه ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌کانی تاوسه‌وه بیبه‌ستنه‌وه، ته‌نها مرۆڤبوون، نرخ و سه‌نگینی مرۆڤبوون، له لای ئه‌م سه‌رچاوه‌ن، تاکو لاوکێک بۆ لاواندنه‌وه‌ی برینی تاوسی مه‌له‌ک بچڕێت. لاوکێک توانیوویه‌تی هاوکات سروه‌یه‌کی ناسک و ڕقێکی ئهستوریشی تێدا به‌رجه‌سته بکات.
لاوکێک ته‌نها ئه‌و شاعیرانه ده‌توانن بیڵێن که خۆیان مرۆڤێکن له نه‌وه‌ی داره‌وه‌ن و هاوکاتیش ده‌زانن له داڕشتنی لاواندنه‌وه و ڕووبهڕوووهستانهوهکاندا ده‌زانن به چ جۆرێک ده‌سته‌واژه‌کان ده‌رببڕن.
* * * * *
سه‌رجۆن که‌ره‌م ساڵی ١٩٩٩ له به‌یروته‌وه به‌ره‌و ئه‌ڵه‌مانیا ده‌چێت و تا ئێستا هه‌ر له‌وێ نیشته‌جێیه. به‌یروت به‌جێده‌هێڵێت، به‌ڵام به‌رده‌وامیش ئه‌و شاره ها له‌گه‌ڵی، چونکه مه‌حاڵه مرۆڤ شوێنی له‌دایکبوون و گه‌وره‌بوونی بۆ هه‌میشه و بێکۆتا به‌جێبهێڵێت.
ئه‌و له ئه‌ڵمانیا که بۆ ته‌واوکردنی دکتۆرا چووه، ته‌واوی ده‌کات و ده‌مێنێته‌وه. له بواری ئه‌ده‌بدا و به‌شێوه‌یه‌کی زانستی کاره‌که ته‌واو ده‌کات، به‌ڵام ده‌ستبه‌رداری روحی ڕۆژهه‌ڵاتیانه‌ی خۆی نابێت، به‌تایبه‌تی له بواری شیعرنووسیندا. ئاخر ئه‌و وه‌کو زۆرێک له نووسه‌رانی دنیا و به‌تایبه‌تیش شاعیران له شازدهساڵی ته‌مه‌نه‌وه ده‌ست ده‌کات به شیعر نووسین. له ته‌مه‌نی بیست و یه‌ک ساڵییه‌وه به‌رهه‌م بڵاو ده‌کاته‌وه، سه‌ره‌تا به عه‌ره‌بی و ئێستایش به هه‌ردوو زمانی عه‌ره‌بی و ئه‌ڵمانی ده‌نووسێت و بڵاوده‌کاته‌وه. بێگومان به‌رهه‌مه‌کانی به زمانی عه‌ره‌بین، عه‌ره‌بی بڵند، نه‌ک شێوه‌زاری لوبنانی.
سه‌رجۆن به دڵی پڕ له حه‌سره‌ته‌وه باس له زێدی خۆی و گه‌ڕانه‌وه ده‌کات. ئه‌و ده‌ڵێت: «به بڕوانامه‌ی دکتۆراوه گه‌ڕامه‌وه بۆ به‌یروت، به‌ڵام هیچم ده‌ستنه‌که‌وت و پێشوازی نه‌کرام. گه‌ڕامه‌وه بۆ ئه‌ڵمانیا و لێره شاد و سه‌ربه‌رزانه ده‌ژیم. خه‌مێک سیمای داده‌پۆشێت و ده‌بێژێ: ده‌گه‌ڕێمه‌وه، باش ده‌زانم مینا مرۆڤێکی به‌ساڵاچووی خانه‌نشین ده‌گه‌ڕێمه‌وه. به‌ڵام چ بکه‌م؟ له‌وێ شته‌کان وه‌هان و چاره‌نووسه‌که شێلوه«. ئه‌و مامۆستای زمانی عه‌ره‌بی و وه‌رگێڕانه له به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتناسی له زانکۆی بۆن ـ ئه‌ڵه‌مانیا، به‌ڵام له لوبنان هیچ ده‌زگایه‌ک و هیچ زانستگایه‌ک ئاوڕیان لێنه‌داوه‌ته‌وه.
سه‌رجۆن ده‌ڵێت: «بێگومان له‌گه‌ڵ لوبنان په‌یوه‌ندیم ڕێکوپێک و به‌رده‌وامه، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ناوه‌ندی ڕۆشنبیریدا. ئه‌وه هه‌ناسه‌یه‌که‌ی گرنگ و گه‌وره‌یه بۆ من لێره. لێره کاری زانکۆ زۆر ماندووم ده‌کات، ئه‌و په‌یوه‌ندی و به‌رده‌وامییه له‌گه‌ڵ ئه‌وێ نه‌بێت دژواره بۆم».
له هه‌ردوو ئاستی دنیای عه‌ره‌بی و به‌تایبه‌تی لوبنانیدا، سه‌رجۆن که‌ره‌م که په‌یوه‌دنییه‌کی باشی له‌گه‌ڵ جڤاتی کولتوری و ڕۆشنیریدا هه‌یه، ده‌یه‌وێت و مه‌به‌ستێتی له‌گه‌ڵ باشوری کوردستان و عێراقیشدا هه‌مان په‌یوه‌ندی و هاوکاری دروست بکات. هه‌رچه‌نده ئه‌و له چوارچێوه‌ی ئه‌و مژاره‌دا ده‌ڵێت: «...... به‌ڵام کارکردن له‌گه‌ڵ عێراقییه‌کان ئاسان نییه، ئه‌وان زۆر ناکۆن له‌گه‌ڵ یه‌کتر. له زۆر بابه‌ت و بواردا نه‌ک یه‌کناگرنه‌وه، به‌ڵکو سه‌رسه‌ختانه دژایه‌تی یه‌کتر ده‌که‌ن».
ئه‌و ده‌یه‌وێت ئه‌زمونی شیعری ئێزیدی و ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی سه‌باره‌ت به ئێزیدی و کولتور و کۆژانه‌کانیان نووسراون، به‌تایبه‌تی ئه‌و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بیانه‌ی ده‌رباره‌ی کاره‌ساتی ئێزیدیگهل به‌ده‌ستی تیرۆریستانی داعش نووسراون، بۆ زمانی ئه‌ڵه‌مانی وه‌ربگێڕێت. له‌و بواره‌دا چاوه‌ڕوانی هاوکارییه، به‌ڵام ده‌بێت به‌رهه‌مه‌کانی به زمانی عه‌ره‌بی پێبگات، یان به‌رهه‌مه‌کان ئه‌وانه بن به‌زمانی عه‌ره‌بی نووسراون. سه‌رجۆن له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: «ئامانجێکی گه‌وره‌م ئه‌وه‌یه ئه‌و کاره پێکبێنم، به‌ڵام ئه‌وه کارێکی گه‌وره و گرانه، ڕێکاری تایبه‌ت و کاری پێکه‌ویی ده‌وێت، کارێک نییه له ڕێگه‌ی فه‌یسبووکه‌وه بکرێت، له‌و پرۆژه‌یه‌دا هاوکاریم ده‌وێت، هه‌روه‌ها پێشنیاز و کۆمه‌کی که‌سانی ترم پێویسته«.
سه‌رجۆن پێیوایه ده‌بێت زۆر کار بکرێت، له‌سه‌ر ڕووداوه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات کار بکرێت. دیاره ئه‌و باس له کارکردن له باره‌ی ئه‌ده‌بی و کولتورییه‌وه ده‌کات. ئه‌و ده‌پرسێت «بۆ چی سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندیی مرۆڤ و بویه‌ر و ده‌رهاویشته‌کانی توندوتیژی نانوسین؟ بۆچی سه‌باره‌ت به سه‌رهه‌ڵدان و په‌لامار و هێرشه‌کانی داعش شتێکی ئه‌وتۆ ناگوترێت؟» شتێک یان شتگه‌لێک وه‌کو ئه‌و خۆی ئاره‌زووی ده‌کات له‌ژێر کاریگه‌ری کولتوری ئه‌وروپاییدا نا، به‌ڵکو به کاریگه‌ری و له چوارچێوه‌ی کولتور و هزری ڕۆژهه‌ڵاتیدا بێته به‌رهه‌م.
* * * * *
١. دابه‌شبوونه ناباوه‌کان له‌سه‌ر دیمه‌نه‌کانی عه‌بدولقادری گه‌یلانی
٢. له چاوه‌ڕوانی بۆردهخایدا
٣. ئه‌وه منم
٤. سه‌ندوس و چه‌قۆ له باخچه‌ی خه‌لیفه‌دا
سه‌رجۆن که‌ره‌م تاکو ئێستا ئه‌و چوار کتێبه‌ی بڵاوکردۆته‌وه، که کتێبی شیعرین، زۆربه‌یان وه‌رگێڕدراونه‌ته‌وه سه‌ر زمانی ئه‌ڵمانیش.
ئه‌و ده‌رباره‌ی ئه‌زموونی نووسین ده‌ڵێت: «ئیتر من لێره‌م، له ئه‌ڵمانیام، له‌م وه‌ڵاته نه‌ک هه‌ر له ماڵی سروشت و جوگرافیاکهیدام، به‌ڵکو له‌نێو زمان و ده‌سته‌واژه و ده‌ربڕینی زمانکهیشدام. ئیتر له دووئاوانی زمانی عه‌ره‌بی و ئه‌ڵمانیدا مه‌له ده‌که‌م. مه‌له‌کردن له‌نێوان دوو زمان و دوو کولتوری ته‌واو جیاواز به‌یه‌ک، دوور دوور له‌یه‌ک، زمانی عه‌ره‌بی و زمانی ئه‌ڵه‌مانی له‌لای من کۆده‌بنه‌وه، یه‌ک ده‌گرن و پێکه‌وه ده‌که‌ونه جوڵه و پێکه‌وه خه‌یاڵ ده‌خه‌مڵێنن و بهههڤڕا ده‌بن به‌چاوگی ده‌ربڕین و له‌دایکبوون. کارێکه ده‌گمه‌ن و جیاواز. شتێکه چێژ به‌خش، به‌ڵام هاوکات کارێکیشه وه‌ڕس و ماندووکار. ماندووم ده‌کات، بۆ منێک که به‌حه‌زه‌وه وێڵی دووی مورادفهکانم. کارێکه حه‌زم لێیه. هه‌ندێ هێما و هه‌ندێ ڕاز هه‌ن، له ڕووبه‌ری ئه‌و زمانه‌دا شتێکن و لێره شتێکی تری ته‌واو جودان. مه‌له‌کردن له‌و دووئاوانهداسهخته، کار و ئه‌زموونی گه‌ره‌که، ئه‌زمونی که‌سێکی ڕه‌ها. به‌ڵام کارێکیشه یه‌کجار چێژبه‌خش.
* * * * *
گهرمانیا
ئه‌م نیشتمانه مرۆڤبوونی فێرکردم و
له مندا خه‌مخۆری بۆ ئه‌وانی تر لا کوشتم
ئه‌وانه‌ی لام ئاماده نین مردن و
ئاماده‌بوانیش سبه‌ی بزر ده‌بن.
ئه‌م نیشتیمانه فێری کردم که ئاو شێوه‌ی شته‌کان ده‌گۆڕێت
نه‌ک ئاگر...
ده‌ترسم مردن بینینی ڕۆژی قیامه‌تم له ده‌ستبدات به زیندوویی..
ڕێم لێ بگرێت بۆ خۆم بچم بۆ وێستگه، بچم و بلیتی گه‌شت بکڕم و له‌سه‌ر سه‌کۆی سوار بوون
گوێ له بانگه‌واز بگرم که ده‌ڵێت: «ئه‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ی به‌ره‌و لای په‌روه‌ردگار ده‌چێت گه‌یشت».
جارێک خه‌ونم بینی که په‌روه‌ردگار ده‌یه‌ویست به‌هه‌شتی خۆیم پێشان بدات. ده‌روازه‌ی کرده‌وه و فه‌رموو: «ته‌ماشا، ته‌ماشا که«.
گوتم: « هه‌ر ئه‌وه‌یه که منی تێدام».
فه‌رمووی: «به‌ڵێ، به‌ڵام لێره خه‌م نینه«.
ده‌مه‌وێت به زیندوویی سواری دوا شه‌مه‌نده‌فه‌ر ببم
خه‌می من بیره‌وه‌رییه‌کانمه
ده‌نگی دێ و باڤم لهتهلهفۆندا
هه‌روه‌ها په‌نجه چوکه‌کانی کچه‌که‌م که ئاوێته‌ی خوێنم بوون...
ئه‌م نیشتیمانه فێری کردم پاش ـ دوا وێستگه بێمه خوارێ.*
* * * * *
ڕوونکردنه‌وه‌ی چه‌ند وشه‌یه‌ک:
خویایه: دیاره، ئاشکرایه، ڕوونه
مینا: وه‌کو، نمونه
پێڤاژۆ: قۆناغ، مه‌رحه‌له
شێلو: لێله
بویه‌ر: ڕووداو
بهههڤڕا: پێکه‌وه
دێ و باڤم: دایک و باوکم
شیعره‌کان دوو نمونه‌ن له به‌رهه‌می سه‌رجۆن که‌ره‌م. هه‌ردوو شیعره‌که‌ی به زمانی عه‌ره‌بی و ئه‌ڵه‌مانی بڵاوکردۆته‌وه.*