حکومەت پێنج ملیار دینار بۆ سلێمانی دابیندەکات

4 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتى

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی پێنج ملیار و 836 ملیۆن و 440 هەزار دینار بۆ کۆکردنەوە و گواستنەوەی خۆڵ و خاشاکی بەشێکی سلێمانی دابیندەکات.

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ماڵپەڕەکەیان بڵاویانکردووەتەوە، ئەو بڕە پارەیە بۆ ساڵی 2021 خەرجکراوە و "ئامانج لە خەرجکردنی بۆ کۆکردنەوە و گواستنەوەی خۆڵ و خاشاکە لە زۆنی 1ی سنووری رۆژهەڵاتی سلێمانی و زۆنی 4ی سنووری باشووری شاری سلێمانی، ئەو بڕە پارەیەش لەسەر بودجەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی خەرج دەکرێت."

سلێمانی کراوە بە چەند ناوچەیەکەوە و لە رێگەی ژمارەیەک کۆمپانیاوە ئەو داهاتی خۆڵ و خاشەکە کۆ دەکرێتەوە. پێشتر زەردەشت رەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند بوو: "شارەوانی پارەی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە ماڵان وەردەگرێت کە بۆ هەر مانگێک پێنج هەزار دینارە. ئەمە پێی دەگوترێت داهاتی خۆڵ و خاشاک، بەڵام وابزانم ئەم بڕیارە لە هەولێر نەچووتەوە بواری جێبەجێکردنەوە و تەنیا لە سلێمانی دەستی پێکراوە."

بەپێی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت بۆ کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک پارە لەو شوێنانە وەربگیردرێت کە پاشماوەیان هەیە کە ماڵان، دووکان و شوێنەکانی سەر بە کەرتی تایبەت دەگرێتەوە.

دەقی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی سلێمانی:

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی (٥,٨٣٦,٤٤٠,٠٠٠) پێنج ملیار و هەشت سەدو سی و شەش ملیۆن و چوارسەدو چل هەزار دینار بۆ ماوەی یەک ساڵ لە ڕێکەوتی ٢٠٢١/١/١ تاوەکو ٢٠٢١/١٢/٣١ بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتو گوزار/ سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی خەرج کرا.

ئامانج لە خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ کۆکردنەوە و گواستنەوەی خۆڵ و خاشاکە لە زۆنی (١)ی سنووری ڕۆژهەڵاتی سلێمانی و زۆنی (٤)ی سنووری باشووری شاری سلێمانی، ئەو بڕە پارەیەش لەسەر بودجەی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی خەرج دەکرێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار