بافڵ تاڵەبانی بۆ هەدەپە: پشتیوانی لەو ھەوڵانە دەکەین گیانی پێکەوەژیان دەبوژێنێتەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بافڵ تاڵەبانی، لەمیانی پێشوازییکردنی لەوەفدێكی هەدەپە، “دووپاتی لە سیاسەتی یەکێتی کردەوە بۆ چارەسەرکردنی سیاسیانە و ئاشتیانەی کێشەکان” و ڕایگەیاند :پشتیوانی لەو ھەوڵانە دەکەین کە ئارامی و ئاسایش لەناوچەکە دەچەسپێنێت و گیانی پێکەوەژیان دەبوژێنێتەوە".
نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتی ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی سەردانەکەی ئەمڕۆی وەفدێكی هەدەپە بۆ دەباشان بڵاوکردەوە و ناوەڕۆکی دیدارەکەی خستەڕوو.
نووسینگەی تاڵەبانی، ڕایگەیاندووە”لە دیدارێکدا شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و ئەمین بابە شێخ و دکتۆر سۆران جەمال تاھیر، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوون، تەئکید لە پەرەپێدان و فراوانکردنی ئاسۆی پەیوەندییەکان لەنێوان لایەنەکان کرایەوە بەئامانجی لێکتێگەیشتن و دۆزینەوەی زمانی ھاوبەش بۆ زاڵبوون بەسەر کێشە و گرفتەکان”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە”بوونی بەردەوامیی ڕاوێژ بەفاکتەرێکی بەھێز لە قەڵەمدرا و ڕۆڵی سەرۆک مام جەلال بەگرنگییەوە ئاماژەی پێکرا لەبنیادنانی پەیوەندییەکی باش لەنێوان ھەموواندا”.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە”بافڵ تاڵەبانی دووپاتی لە سیاسەتی یەکێتی کردەوە بۆ چارەسەرکردنی سیاسیانە و ئاشتیانەی کێشەکان” و ڕایگەیاندووە”پشتیوانی لەو ھەوڵانە دەکەین کە ئارامی و ئاسایش لەناوچەکە دەچەسپێنێت و گیانی پێکەوەژیان دەبوژێنێتەوە”.
دوەفدی پەرلەمانتارانی هەدەپە کە پێکهاتوون لە مەراڵ دانش بێشتاش و مەحمود تورخول، هاوڕێ لەگەڵ حیکمەت خاتیب، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی هەدەپە لە باشووری کوردستان، دوو ڕۆژە لە شاری سلێمانیین و سەردانی هەریەک لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە، هەروەها مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەشیان بەسەر کردەوە.