هێزی کۆماندۆ: خۆمان بە خاوەنی خەڵکی کەرکووک دەزانین و لەحاڵەتی ئامادەباشیداین

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان رایگەیاند:" خۆمان بە خاوەنی خەڵکی کەرکووک دەزانین، بۆیە سەرجەم هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لە ئامادە باشیدایە چاوەڕوانی فەرمانین".

ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی تشرینی یه‌كه‌می 2021، هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کە سەر بە یەکەی 70ـی وەزارەتی پێشمەرگەن لە فەیسبووکی خۆیان رایانگەیاندووە: "خۆمان بە خاوەنی خەڵکی کەرکووک دەزانین، بۆیە سەرجەم هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان لە ئامادە باشیدایە چاوەڕوانی فەرمانین."

شەوی دووشەممە 11-10-2021 لیوای 61 چوونە گەڕەکی رەحیماوا و 10 کەسیان دەستگیر کرد و دواتر بە کەفالەت ئازاد کران، بەڵام لە بەیانیی رۆژی سێشەممە 12-10-2021 لە فولکەی ئیخوان بڵاوەیان بە هێز کرد و شەقامە سەرەکییەکەیان داخست. هەروەها دواتریش لە ئێوارەی هەمان رۆژ چەند بازگەیەکیان دانا و 71 گەنجیان دەستگیر کرد و مۆبایلیان لە بەشێکی خەڵکیش وەرگرتووە.

ئاڵۆزییەکانی کەرکووک دوای ئەوە دروستبوو کە دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان دەرکەوت کە لایەنە کوردستانییەکان شەش کورسییان لە پارێزگاکە بەدەستهێناوە و لە بەشێک لە گەڕەکە کوردنشینەکانی کەرکووک لایەنگرانی پارتی کۆبوونەوە و دەستیان بە ئاهەنگگێڕان کرد.

هاوكات هەر ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەتەلەفون قسەی کردووە و داوای کردووە دۆخەکە ئاساییبکرێتەوە و پێی راگەیاندووە:" گەرنا گرنتی مانەوەی دۆخەكە بەم شێوەیەی ئێستا ناكەین".

بەپێی زانیاریەكانی هاوڵاتی لئێستادا بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی كەركوك جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەت و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەسەر خەت بوون و راگەیێندراویان لەو بارەوە دەبێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار