هۆشمەندیی مێژوویی و تێکۆشانی ئازادی

سیروان ڤیان

3 ساڵ لەمەوپێش



سیروان ڤیان

هۆشمەندی و ئاگایی مێژوویی هێزی رووناککردنەوەی رۆژگارو سەردەمەکەمان و داهاتووی مرۆڤەکانە. ئەو راستییە گەردوونییە بۆ گەلانی وەک گەلی کوردو وڵاتانی وەک وڵاتی کوردستان راستییەکی ژیانی و چارەنووسسازە. تێگەیشتنی راست و دروست لەمێژوو سەرکەوتن و سەرفیرازی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و هەڵەش دەتوانێت ببێتە هۆکار و سەرچاوەی کارەسات و رووداوە دڵتەزێنەکان. بەداخەوە مێژووی نزیک و دووری کوردو کوردستان پڕە لە ئازارو تراژیدیا و وانەی لەو جۆرە. ئەو هێزانەى بوونەتە سەرچاوەی ئەو مەینەتیانە و دوژمنانی کوردو کوردستان، بە لانیکەمەوە ئەوەندەی کورد ئەو راستییە دەزانن و شەڕو سیاسەتی خۆیان بەو پێیەو لەو چوارچێوەیەدا پەرە پێدەدەن. کاتێک سەیری مێژووی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد دەکەیت، راستییەکی لەو شێوەیە دێتە ئاراوە؛ ئەو هێز و حزب و رێکخراوانە، کە خوێندنەوەى باشیان بۆ مێژوو کردووە سەرکەوتوون و ئەوانەی تێڕوانین و تێگەیشتنیان لە مێژوو لاوازو هەڵە بووە شکستیان هێناوەو ئازارو شکستی گەورەیان تووشی گەلی کورد کردووە...

هەرچەند لەسەر کاغەزو نەخشەدا کوردستان لەنێوان داگیرکەراندا بەسەر چوار پارچەدا دابەشکراوە، بەڵام هەرگیز لەبنەڕەت و جەوهەرو ژیانی خۆیدا دابەش نەبووە. رووداوێک، پێشکەوتنێک یان پاشکەوتنێک و ئازارێک پێکەوە کاریگەری لەسەر هەر چوار پارچەکە کردووە و دەیکات. رەوتی مێژوویی و دیالێکتیک و حەقیقەتی کوردستان لە رەسمیات و سیاسەتی دەوڵەتە داگیرکەرە چەپەڵەکاندا بەهێزتر بووە. بۆ نموونە کاتێک تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد لە باشووری کوردستان گەشایەوە، باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستانیش پێی کاریگەر بوون و گەلیش تامەزرۆیەکی زۆری نیشانی تێکۆشانی ئازادی داوە. سەدان گەنجی باکووری کوردستان هاتن و لە ژێر فەرماندەیی مەلا مستەفا بارزانی دا شەڕیان کردووە. دیسانەوە و لەلایەکی ترەوە دەیان ساڵ پێشمەرگەکانی باشووری کوردستان پەڕینەوە باکووری وڵات و لەناو خەڵکدا خۆیان رێکخستووە و پێداویستیەکانیان دابین دەکرد. هەمان شت بۆ رۆژهەڵاتی کوردستانیش راستە و هێشتا ئەو پێشمەرگانە، کە تا ئێستا لەدژی رژێمی ئێران شەڕو تێکۆشان دەکەن لە باشووری کوردستاندا دەمێننەوە.

هەروەها بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان (پەکەکە) بە شێوەیەکی فەرمی و نزیکەی ٤٠ ساڵە لەباکوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵات، لەباشووری کوردستاندا جێگیر بووە، وەک ئامانجی ئازادی و شۆڕش، هەر چوار پارچەی کوردستان لەئامێز دەگرێت و ئەوەى لەئەستۆ گرتووە و خستویەتییە سەر شانی خۆی، چونکە لەم سەد ساڵەی دوایدا ئازارو نەهامەتی و تراژیدیا گەورەکان روویاندا و ئەزموون کراون، دەوڵەتی داگیرکەرو چەوسێنەر و پاکتاوکاری تورکیا بەهەموو دەسەڵات و هێزی دڕندانەی خۆییەوە بەسەر گەلی کورددا هات. ئامانجی کۆمەڵکوژکردن و لەناوبردنی کوردو کوردستان بوو، هاوکاریی هێزە هەژمونگەرا و ئیمپریالیستییەکانیشی لەپشت بوو. چەک و گازی کیمیایی و هەموو جۆرەکانی تری چەکی یاسایی و نایاسایی و قەدەغەکراوی پێکەوە بەکارهێناو گەلی کوردی بەناو ئەو کۆمەڵکوژییەدا تێپەڕاند. ئەوە گەیشتبووە ئاستێک، کە کاریکاتێرییان لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییە دەکێشاو لە کارێکاتێرەکەدا لەژێر چیای ئاگری دا گۆڕێکیان دروستکردبوو و لەسەری نووسیبوویان «کوردستانی خەیاڵی لێرە بەخاک سپێردراوە». مرۆڤ دەتوانێت بڵێت تاڕادەیەک ئەمە ڕاست بوو، چونکە لەئاگری و دێرسیم کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردنی چڕیان ئەنجامدا بوو و دوای ئەوانە گەلی کورد نەیتوانی لەباکوری کوردستان راپەڕێت.

کوردەکان گەورەترین دانیشتوان و هێز بوون لەسەرانسەری باکوری کوردستان و چەندین شاری کۆماری تورکیا، بەڵام لەبەر ئەوەی هێزێکی چەکدارو سیاسییان نەبوو وردە وردە لەچوارچێوەی سیاسەتی تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆن و پاکتاوکردن و سڕینەوەدا بەرەو لەناوچوون دەڕۆیشتن. ئەو مێژووە دەوڵەمەندو شکۆمەند و بە هەیبەتە بەرەو هەڵوەشانەوە و شکست دەبرا.

نەورۆزی ١٩٧٣ رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان شمشێری مێژووی گرتە دەستی خۆی و لەدژی چارەنووسی داسەپاوی ناموبارەکی مێژوو وەستایەوە، کە دەیخوسات کوردو مێژووەکەى و خاکەکەى بەرەو لەناوچوونی تەواوەتی ببات. کۆمەڵێک خوێندکاری زانکۆی کۆکردەوە و هەنگاوی یەکەمی هەڵگرت. زۆر کەس بەشدار بوون و زۆریشیان دابڕان، بەڵام هەرگیز نەوەستاو بە بەشداریی مرۆڤە گەورەکان لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ١٩٧٨دا پەکەکەى دامەزراند. دەوڵەتی تورک بەهەموو هێز و توانای بەربەرییانەی خۆیەوە بەرەنگاری پەکەکە و جەنگاوەرەکانی بوویەوە. هەزاران هاوسۆزو جەنگاوەر و لایەنگری دەستگیرکرد و لە زیندانی ئامەد زیندانی کردن. رێبەر ئاپۆو گروپێک لە هاوڕێکانی وڵاتیان بەجێهێشت و رۆیشتن بۆ فەلەستین. ئەشکەنجە لەزیندانی ئامەد زۆر قورس و بەرفراوان بوو، بەرخۆدانی مەزڵوم، کەمال، ساراو خەیرییەکانیش بەرزتر و بەهێزتر دەبوو. رێبەر ئاپۆ و هەڤاڵەکانی رانەوەستاون، هەرچەندە کودەتایەکی سەربازیی فاشیستی هەبوو، بەڵام روویان لەناو ئاگرەکە کرد و هاتنە سەر چیاکانی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی ئازارو گوشاری سەر هەڤاڵەکانیان و گەلەکەیان دەستیان بەشەڕ کرد.

ئەو جەنگاوەرانە لەژێر گوشار و هەڕەشەى لەسێدارەداندا بوون. بە فەرماندەیی مەعسوم کۆرکماز، واتە فەرماندەی ئەفسانەیی عەگید، گروپەکانی گەریلا چوونە بۆتان و شەڕی گەریلاییان دەستپێکرد. لە ١٥ی ئابی ساڵی ١٩٨٤دا گروپە گەریلاکان لەناوچەى دهێ لە سێرت و ناوچەى شەمزینان لە جۆلەمێرگ چوونە سەر بنکە سەربازی و دامەزراوەکانی دەوڵەتی داگیرکەر. زۆرێک لە زانایان و سیاسەتمەداران ئەو چالاکییەیان بە «یەکەم فیشەک» و «رووخانی بنکە سەربازییەکان لەمێشک دا» پێناسە کرد. لەوانەیە لەو کاتەدا، کە هەڵمەتی ١٥ی ئاب-یان دەستپێکرد ١٠٠ گەریلا لە چیاکانی کوردستان دا هەبووبن، بەڵام بڕوایان بەسەرکەوتن پۆڵاین بوو. پەیوەستبوونیان بەهاوڕێیەتی و کوردستانی ئازاد هێزێکی وەهای پێبەخشیبوون، کە هیچ هێز و چەکێک لە جیهاندا لەوە بەهێزتر نەبوو. ژمارەی سوپای تورکیا زیاتر لە ملیۆنێک بوو و ئەندامی ناتۆ بوو، بەڵام ورە و رۆحی سەرکەوتن لە تفەنگی عەگیددا رق و تووڕەیی سەدان ساڵەی بەسەر دوژمنێکدا رژاند، کە دوژمنی باوو باپیرانمان بوو و مژدەی ئازادیان بەهەموان دا.

٣٧ ساڵ پێش ئێستا، کاتێک گەریلا یەکەم فیشەکی تەقاند ئەو فیشەکەى بۆچی تەقاندو داکۆکیی لەچی دەکرد، ئەمڕۆش هەمان ئەوانە  دەیپارێزێت. لەو کاتەشدا هەر چوارپارچەی کوردستانیان لە امێز دەگرت و ئەمڕۆش کاتێک دڕندەیی داعش رووی لە خەڵکی ئێزدیمان لەشەنگال کرد، گەریلاکان پێش هەموو کەس چوونە سەر مردن و بەرەنگاری مردن بوونەوە. کاتێک داعش لەهەولێر و کەرکوک نزیک بوویەوە، فیدایانی ئاپۆیی بە گۆڤەند و هەڵپەڕکێ و دروشمی ئازادییەوە بەگژ مردندا رۆیشتنەوە و بەرەنگاری تاریکیی داعش بوونەوە. ئەمڕۆ شەڕڤانانی عەگید بە قارەمانێتییەکی زۆر گەورە لەدژی سوپای دووەمی ناتۆو بەئیرادەیەکی پۆڵاین و خۆشەویستی بۆ وڵات و ئازادی، بەرەنگاری و بەرخودانی ئەفسانەى بەڕێوەدەبەن و باکوورو باشووری کوردستان دەپارێزن، بەڵام بەداخەوە ئەو هێزە بەباشی ناناسرێت. لەهەر چوارپارچەی کوردستان بەنرخترین کچان و کوڕانی گەلەکەمان کۆدەبنەوە و خۆیان فیدای وڵاتەکەیان دەکەن، بەڵام بەپێی خۆنەویستی و قارەمانێتیی گەریلا خاوەندارێتی و پشتیوانیکردن و هۆشیاریی گەلی کوردو حزب و ڕێکخراوەکانی کورد لاوازە.

هەندێک لەهونەرمەندان و ڕۆشنبیران دەنگ هەڵدەبڕن، بەڵام ئەمە بەس نییە. ئێمە چۆن بزانین کە ئەوە بەس نییە؟ لەبەر ئەوەی لەو  هێزە قارەمانەی وڵات ٣ گەریلا لە ٢٦ی تەمموزدا لە خەلیفان و بێخمە کەوتنە بۆسەى هێزێکی دیکەی ‹کورد› و نزیکەى دوو مانگە هێشتا چارەنووسیان نادیارە، کە ئاخۆ ئەوان شەهیدن، زیندوون، ئەگەر شەهیدن تەرمەکانیان لە کوێن؟ ئەگەر زیندوون لە کوێن؟ ئەوانە بە روونی نازانرێن. سەرەڕای هەموو پەیوەندییەکان، لایەنە بەرپرسەکان هەنگاوێکی ئەرێنیان نەناوە. وەفا، یان دڵسۆزی، فەزیلەت و کارچاکی زۆر گرنگن. ئەوانەى بەرامبەر بەهێزی مەرگی داعش رایاندەکرد، بەهۆی هێزی گەریلاوە ژیانیان پارێزراوو ئەمڕۆ دەتوانن لە ماڵەکانی خۆیاندا بژین، بەڵام کاتێک گەریلاکان لە دژی چەتەکانی داعش و سوپای تورکیا و هێزە هاوکارەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر  بەرخودان دەکەن، دڵسۆزیی خۆیان بەباشی و بەتەواوی بەرامبەر بەگەریلا نیشان نادەن. ئەوەش شەرمە بۆ مرۆڤایەتی و دوورکەوتنەوەیە لە نیشتمانپەروەری. پێویستە مرۆڤایەتی و نیشتمانپەروەریمان هەبێت و ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکانمان جێبەجێ بکەین.

هەر چۆن گەریلا هات و ئێمەیان پاراست، پێویستە ئەمڕۆ ئێمەش شەڕڤانە عەگیدەکان لەئامێز بگرین و بیانپارێزین و شانبەشانیان وڵاتی خۆمان لەداگیرکەران و چەوسێنەران و پاکتاوکاران بپارێزین، چونکە هەڵوێستی مرۆڤ دەرخەری ناسنامە و کەسایەتیی مرۆڤە. لەڕۆژانی خۆشدا هەموو کەس دەتوانێت بڵێت، من نیشتمانپەروەرم، مرۆڤم، رۆشنبیر و هتدم، بەڵام گرنگ ئەوەیە کاتێک وڵات بووبێتە دۆزەخ و قیامەت مرۆڤ بتوانێت خاوەنداری و پشتیوانی لەوڵات و بەهاکانی خۆی بکات. ئێستا هەموومان بە ئەزموونێکی مێژووییدا تێدەپەڕین. هەڵوێست و بیرکردنەوەکانمان مرۆڤدۆستی و نیشتمانپەروەریمان نیشان دەدات...

ئەمڕۆ شەڕڤانانی عەگید بە قارەمانێتییەکی زۆر گەورە لەدژی سوپای دووەمی ناتۆو بەئیرادەیەکی پۆڵاین و خۆشەویستی بۆ وڵات و ئازادی، بەرەنگاری و بەرخودانی ئەفسانەى بەڕێوەدەبەن و باکوورو باشووری کوردستان دەپارێزن، بەڵام بەداخەوە ئەو هێزە بەباشی ناناسرێت

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار