رامان لەهەڵبژاردنەکانی عێراق

سەردار عزیز

2 مانگ لەمەوپێش



سەردار عزیز

هەڵبژاردن ئەو ساتەوەختە دەگمەنەیە، کەتیایدا خەڵک و دەسەڵات رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. جگە لەهەڵبژاردن یان هەڵنەبژاردن لەڕووی سیاسییەوە، هەڵبژاردن چەندین رەهەندی تری ئابوریی و فیکریی و کۆمەڵایەتیمان بۆ رووندەکاتەوە.

پێش هەموو شتێکی تر رۆژی هەڵبژاردن رۆژی نمایشی کۆمەڵگایە، بۆ خواستی، توڕەیی، ئومێدو هەورەها نائومێدیشیی. هەڵبژاردنەکانی عێراق زۆر خەسڵەت و رەهەندی کۆمەڵگاکانی ئەمڕۆی عێراقی بۆ دەرخستین.

یەکەم، ئەم هەڵبژاردنە کەمترین ساختەکاری تیادابوو، بۆیە دەکرێت وەک پێوەرو پێوانەیەکی باش ببینرێت، بۆ زۆر رەهەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئەوەی پێش هەموو شتێک جێگای سەرنجە کە هێشتا هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت. چونکە دوای کۆتایی دیموکراسی لەتونس، هیچ وڵاتێکی تری عەرەبی نیە هەڵبژاردنی تیادا بەڕێوەبچێت. بەڵام بایکۆتی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک لەپرۆسەکە لەنێو هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە چیدی هەڵبژاردن وەک ئامرازێکی گۆڕانکاری تەماشا ناکرێت لە لایەن زۆرینەوە. ئایا دەرئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە وەها دەکات کە خەڵکی رایان بگۆڕێت بەرامبەر هەڵبژاردن وەک ئامرازێکی گۆڕانکاریی؟ ئەمە لە سەر چۆنێتی بەڕێوەچونی حکومەتی نوێی عێراقی وەستاوە لەساڵانی داهاتوودا ئەگەر بتوانرێت بەئاسانی حکومەت پێکبهێنرێت. 

دووەم، لە کاتێکدا هەڵبژاردنەکە بەسیستەمێکی نوێی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، بەڵام سیستەمەکە هێندە سودی لێنەبینرا هەتا نوێنەری لۆکاڵ، لەسەر بنەمای خەم و پێداویستییەکانی لۆکاڵ هەڵبژێردرێت. ئەم تەرجەمە نەبونەی یاساکە بۆ واقیع، رەنگە پێویست بەچەند خولێکی تر بکات. تشیرینییەکان کاتێک داوی یاساکەیان کرد، ئامانجیان ئەوەبوو کە بتوانن لە دەرەوەی گروپ و حیزبە گەورەکانەوە لە سنورێکی تایبەتدا بۆ پێداویستی رۆژانە و ژیاری خەڵک بچنە پەرلەمان. لەزانستی نوێنەرایەتیدا بە ئەم جۆرە نوێنەرایەتییە دەڵێین دیلەگەیت. دیلیگەیت ئەو جۆرە نوێنەرەیە کە هەڵسوکەوتی رەنگدانەوەی رەفتاری بازنەی هەڵبژاردنەکەیەتی نەک پلان و بەرنامەی خۆی.  بیرمەندی کورد مەسعود محەمەد، لە کتێبی گەشتی ژیانمدا، بەناڕاستەوخۆیی ئاماژە بەئەم پرسە دەدات. ناوبراو کاتێک نوێنەر بووە لەبەغدا، ئەوەی بەباش زانیوە کە کارێک بۆ شارۆچکەیەک بکات، یان کەسێک لەزیندان ئازاد بکات، لەجیاتی ئەوەی باس لەکێشەی ئەوانیتر بکات لەجێگا دوورەکان.  من کە نایب بووم، دەبوو بزانم و لێشم بسەلمێندرێت، هەوڵدان و سەرکەوتنم بۆ کردنەوەی قوتابخانەیەک لەلادێیەکی کوردستان؛ هەزاران هەزار جار سوودمەندەرترو بەشەرەفترە لەنازو فیزی شانۆگەرانەی، قسەقەڵەوی پف هەڵدراوی تاوانبارکردنی پەیمانی ئەتلانتیک لەئاست پەیمانی وارشۆدا. ئاکرێ کارەبای لێ هەڵکرابایە هەزاران هەزار ئەو قەسیدانەی دەهێنا بۆ کۆریای شیمالی و بوولبوولی رەش هەڵدەبەستران.  دوو گەشتەکەی «گۆران» بۆ هەورامان و قۆپی هەموو ئەو بەشەی دەهێنا لە دیوانەکەی کە خەریکی چەپایەتییە. چوونم بۆ لای نووری سەعید- کەوا رەنگە بەلای چەپڕۆیەکەوە ناجایەز بێت- هەموو هەڵوەست و گوتا و دووانێکم دەهێنێت کە بەدڵگەرمی و بێ ئامانجی واقعی لە من کەوتوونەتەوە، چونکە عەشرەتێکی کوردی گێڕایەوە بۆ شوێنی خۆی و کۆمەڵێ حەپسی چەند ساڵەی رەها کرد.) سەرچاوە: مەسعود محەمەد ‹گەشتی ژیانم› لاپەڕە: ٤٤٤-٤٤٥ ئەم جۆرە نوێنەرایەتیە حیکایەتە گەورەکان دەکوژێت. عێراق کێشەی گەورەی هەیە لەگەڵ حیکایەتە گەورەکاندا. چەمکی حیکایەتی گەورە لە لیوتارەوە وەردەگرم، بەڵام بۆ مەبەستی خۆم. حیکایەتی گەورە، چ تایفێتی، ناسیونالیزمی مەدەنی، ئیتنی یان نەتەوەیی، هەموو بۆ خەڵکی سادە و ژاینی رۆژانەی خەڵ رەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی نەبوو. هەرچەندە تشرینییەکان زۆرینەیان سەر بە قوتابخانەی ناسیونالیزمی مەدەینین بڕوایان وایە عێراق دەکرێت ببێتە ماڵی هەموان، بەڵام پێداگرییان لەسەر عێراق، زیاتر لەوەڵامی ئێراندایە. دیارە ئەگەر هەموو بازنەکان کەسی تایبەت بە ناوچەی خۆیان هەڵبژێرن و تەنها خەمی ناوچەی خۆی بخوات ئەوا، حکومداری بە ئاسانی بەڕێوە ناچێت، چونکە دەبێت حکومەت هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە جێگایەک کارێک بکات. بۆیە خەمی گەورەش هاوشانی خەمی لۆکاڵی زەرورە. 

سێیەم، هەڵبژاردنەکە بەگشتی نێرانە بوو. هەرچەندە هەموو بازنەیەک کۆتای ئافرەتی هەبوو و زیاتر لەنەوەد ئافرەت دەچنە پەرلەمان، بەڵام لەبانگەشەدا پرسی ئافرەت بەتەواوی ون بوو. لەعێراقدا کۆمەڵێک یاسای چەوتی دژە ژن و رەفتاری دژە ئافرەت و نەرێتی کۆمەڵایەتی دژ بەمێینە بوونیان هەیە. لەعێراقدا پیاو بەیاسا مافی سزادانی هاوسەرەکەی هەیە. بە دەربوونی ئافرەت و خەمەکانی لەکایەی سیاسیدا نیشانەی دواکەوتیی زۆری ئەم کۆمەڵگایەیە. لە کوردستان و عێراقیشدا کاتێک دەتەوێت باس لە پرسی ئافرەت بکەی خێرا پیاتدا هەڵدەشاخێن و دەڵێن ئێمە کارەبامان نیە، پرسی ئافرەت با بوەستێت. ئەمە لەکاتێکدا ئافرەت زۆرینەی دانیشتوانی عێراقن، زۆرترین ئازار و نەهامەتی و دەردەسەری دەچێژن. هێشتا وەک ئاژەڵ دەبینرێن و وەها سەیر دەکرێن بۆ ئەوەی کێشەیان نەمێنێت هەر چەندێکیان بەسەر پیاوێکدا دابەش بکەن. لەکورستانیش پرسی ئافرەت پرسێکی سەرەکی هەڵبژاردنەکان نەبوو.

چوارهەم، هەڵەیە بە ئەم هەڵبژاردنە بڵێین هەڵبژاردنی عێراق. ئەوەی روودەدات، چەند هەڵبژاردنێکە لەهەناو کۆمەڵگای جیاوازدا لەناو خاکی عێراقدا. هەڵبژاردنی کوردستان، هیچ پەیوەندی بەهەڵبژاردنەکانی سوننەوە نیە، لەهەمانکاتدا هەردوو کوردو سوننە هیچ پەیوەندییان بەشیعەوە نیە. ئەمە بۆ کەمینە بچوکەکانیش ڕاستە. دابڕانی هەڵبژاردنەکان و نەبوونی خەمی هاوبەش و پرسی هاوبەش، دەرخەری ئەوەیە کە هەڵبژاردن و حکومەت دروستکردن پرسێکی هاوبەش نیە لەنێوان پێکهاتەکانی عێراقدا. بەڵکو هەریەکە و لەڕوانگەی خۆیەوە حکومەت دروست دەکات، بۆ خۆی دروستی دەکات، بەڵام پاشان ناچاریی کۆیان دەکاتەوە. ئەم هەڵبژاردنە بەجودایی وەها دەکات پرسی ناسیونالیزمی مەدەنی لەبەردەم پرسی شوناسدا چۆک دابدات. ئەم دۆخە نادیموکراسییە وەها دەکات کەزۆرینە چەسپیوبێت و کەمینەش چەسپیو. بۆیە دووبارەبوونەوەی دۆخەکە ئەگەرێکی زۆرە. 

سەرباری ئەم خاڵانە هەڵبژاردن کۆمەڵێک دیاردەی تری بۆ دەرخستین. یەکێک لەزەقترین دیاردەکان کۆتایی پیرۆزی و کاریگەریی مەرجەعی شیعە و کەسێکی وەک سیستانییە لەناو جەماوەری شیعەدا. سیستانی گەرچی داوای لەخەڵک کرد بڕۆن بۆ دەنگدان و زۆربەی چاودێران وەها دەبینی کە خەڵکی بەدەم بانگەوازەکەیەوە دێن، بەڵام بەپێچەوانەوە زۆرینە لەماڵەکانیان مانەوە. لەهەمانکاتدا لەنێوان لاوانی باشوردا بێزاری بەرامبەر حزبە ئیسلامییە شیعەکان بە ئاستێکە، کە ئەوان نەک داوای عەلمانیەت دەکەن، کە جوداکردنەوەی ئاینە لەدەسەڵات، بەڵکو داوای شێوازی فەرەنسی لەعەلمانیەت دەکەن کە لاییکە. لاییک ئاین لەپانتایی گشتی دەکاتە دەرەوەو بەتەواوی دەیکاتە پرسێکی تایبەت یان شەخسی.  سوننە لەم هەڵبژاردنەدا یەکگرتووتر دەرکەوتن. رەنگە ئەمە وەهایان لێبکات کەسێک یان هێزێکی گەورە کۆیانبکاتەوە. لەکوردستان سەرباری دەنگنەدانی زۆرینە، بەڵام پارتی زیاتر بوو بەپارتی باڵادەست لەهەرێم. شکستی هەموو ئەوانیتر لەبەرامبەر پارتیدا ئەو خەیاڵەی پارتی دەکاتە حەقیقەت کە خۆی بەباڵادەست و خاوەن دەزانێت لەکوردستان.  لە ئاستی هەرێمیدا ئێران لاواز بوو. ئەمەش دەرئەنجامێکی چاوەڕواننەکراو بوو. ئایا میلیشیا چەکدارەکان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم واقیعەدا دەکەن؟ رۆژانی داهاتوو بۆمان روون دەبێتەوە.

لەعێراقدا کۆمەڵێک یاسای چەوتی دژە ژن و رەفتاری دژە ئافرەت و نەرێتی کۆمەڵایەتی دژ بەمێینە بوونیان هەیە. لەعێراقدا پیاو بەیاسا مافی سزادانی هاوسەرەکەی هەیە. بە دەربوونی ئافرەت و خەمەکانی لەکایەی سیاسیدا نیشانەی دواکەوتیی زۆری ئەم کۆمەڵگایەیە. لە کوردستان و عێراقیشدا کاتێک دەتەوێت باس لە پرسی ئافرەت بکەی خێرا پیاتدا هەڵدەشاخێن و دەڵێن ئێمە کارەبامان نیە، پرسی ئافرەت با بوەستێت

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار