روسیا رێگەی نەدا دەسەڵاتی ٣٠ ساڵەی بنەماڵە لەکازاخستان بکەوێت

2 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

دوای هەفتەیەک لە تووڕەیی خەڵک، خۆپیشاندانەکانی کازاخستان کۆتایی هات و سەربازانی روسیا نەیانهێشت دەسەڵاتی بنەماڵە بکەوێت کەماوەی ٣٠ ساڵە گەندەڵی و قۆرخکاری لەوڵاتەکەدا ئەنجامدەدەن.

لەسەرەتای ئەم مانگەوە خەڵکی شاری ئەڵماتی، کە گەورەترین شاری کازاخستانە، رژانە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بەتایبەتی غازی شل، کە بەشێکی زۆری خەڵک پشتی پێدەبەستن بۆ کارپێکردنی ئۆتومبیلەکانیان.

هەرچەندە کازاخستان وڵاتێکی پر سامانی سروشتییە و نەوت و کانزای یۆرانیۆمی زۆرە و خاوەنی لەسەدا ٣٪ یەدەگی نەوتی جیهانە، بەڵام نرخی غاز لە ١١ سەنتەوە بەرزکرایەوە بۆ ٢٨ سەنت، ئەمەش خەڵکی تووڕە کردو خۆپیشاندانەکان فراوان بوو بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی قۆرخکاری و گەندەڵی بنەماڵەکان کە ماوەی ٣٠ ساڵە لەدوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە کازاخستان بەڕێوە دەبەن.

لەخۆپیشاندانەکاندا گرژی لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا دروستبوو، چەندین باڵەخانە لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە سووتێنرا. لەپێنجشەممەی رابردوودا، خۆپیشاندانەکان گەیشتنە ترۆپک و هێندەی نەمابوو دەسەڵاتی قاسم جۆمارت تۆکایڤ، سەرۆکی وڵاتەکە کۆتایی پێ بێت، بەڵام دوای هاتنە ناوەوەی سەربازانی روسیا کە خۆیان لەزیاتر لەدوو هەزار سەربازدا دەبینییەوە هاوکێشەکە پێچەوانە بووەوەو خۆپیشاندانەکان بەرەو دامرکانەوە رۆشتن.

لەهەمان رۆژدا قاسم تۆکایڤ فەرمانی بەهێزە ئەمنییەکان کرد «بەبێ ئاگادارکردنەوە تەقە بکەن»، ئەمەش بووەهۆی بەرزبوونەوەی قوربانییەکان و بەپێی ئامارە فەرمییەکان ١٦٤ کەس گیانیان لەدەستدا.

هاتنە ناوەوەی سەربازانی روسیا لە چوارچێوەی رێکخراوی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانان  بوو کە هاوپەیمانیەتییەکە روسیا لەگەڵ وڵاتانی ژێردەستەی پێشووی یەکێتی سۆڤیەت دروستی کردووە و پێیوایە ئەو وڵاتانە هێشتا لەژێر هەژموونی خۆیدان و پشێوی لەو وڵاتانە پشێوییە لەنێو روسیادا.

لەدووشەمەی رابردوودا ، ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، لە کۆنفرانسێکی ڤیدیۆیی رێکخراوەکەدا سەرکەوتنی لە کازاخستان راگەیاند و وتی کە سەرکەوتوون بەسەر دەستی دەرەکی و دەستدرێژی تیرۆریستان و پاڵپشتی خۆی بۆ هەموو وڵاتەکان دووپاتکردەوە لەحاڵەتی روودانی هەر رووداویكی لەو جۆرەی کازاخستان.

لەهەمان کۆنفراسندا قاسم تۆکایڤ رایگەیاند «هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کودەتا لە کازاخستان شکستی هێناوە».

بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆ لەئۆپەراسیۆنەکەدا نزیکەی نۆ هەزار و ٩٠٠ کەس دەستگیرکراون کە پشێویان ناوەتەوە لەخۆپیشاندانەکاندا.

تۆکایڤ خۆپیشاندەرانی بە «گێرەشێوێن» و «تیرۆریست» ناوبرد و رایگەیاند هێرشیان کردووەتەسەر باڵەخانە حکومییەکان و چەکدارانی ئیسلامی لەوڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەفغانستان بەتایبەتی بەشدارییان لەهێرشەکاندا کردووە.

دوای دامرکاندنەوەی توورەیی خەڵک، تۆکایڤ رایگەیاند لەماوەی دوو رۆژدا هێزەکانی روسیا کازاخستان بەجێدەهێڵن و پرۆسەکە ١٠ رۆژی پێدەچێت تا بەتەواوی لەوڵاتەکە نامێنن.

رۆژی سێشەممە ، تۆکایڤ حکومەتێکی نوێی راگەیاند بە سەرکردایەتی عەلی خان سمایلۆڤ. لە دانیشتنێکی پەرلەماندا دەنگی زۆرینە درا بە عەلی خان سمایلۆڤ و وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی وڵاتەکە دیاریکرا. سمایلۆڤی تەمەن ٤٩ ساڵ پێشتر لەساڵی ٢٠١٨ بۆ ٢٠٢٠ وەزیری دارایی وڵاتەکە بووە و ساڵی ٢٠١٩ش بووە جێگری یەکەمی سەرۆک وەزیرانی وڵات تا ئەوکاتەی کە لەهەفتەی رابردوودا بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە سەرۆکی وڵاتەکە کابینەکەی هەڵوەشاندەوە.

لەوتارێکیدا بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی، تۆکایڤ هەوڵیدا خۆی بەدووربگرێت لە نورسوڵتان نازاربایڤ، سەرۆک پێشووی وڵاتەکەو رایگەیاند تووڕەیی خەڵک لەسەر نایەکسانی داهات جێی قبوڵە و داوای ئەوەی کرد نزیکەکانی نازاربایڤ سامانەکانیان بەش بکەن لەگەڵ خەڵکدا.

زۆربەی شیکەرەوانی ئاسیای ناوەڕاست پێیانوایە ناکۆکی و شەڕی بنەماڵەیی لەنێو نوخبەی دەسەڵاتدا رۆڵێکی گەورەی گێڕابێت لەو پشێویەی دروست بوو کە لەماوەی ٣٠ ساڵی حوکمڕانیاندا رووداوێکی لەو جۆرە رووینەداوە.

لەکاتێکدا خۆپیشاندانەکان لە لوتکەدا بوون، تۆکایڤ رایگەیاند نازاربایڤ لە پۆستەکەی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش نەماوە – نازاربایڤ هەر لەو پۆسەتەدا دەسەڵاتی خۆی بەردەوامی پێداو هەژموونی خۆی زیادکرد دوای ئەوەی لە ٢٠١٩دا دەستبەرداری پۆستی سەرۆکایەتی بوو بۆ تۆکایڤ.

نازاربایڤی تەمەن ٨١ ساڵ، کە ماوەی نزیکەی ٣٠ ساڵ وڵاتەکەی بەڕێوەبردو تۆکایڤی وەک جێگرەوەی دەستنیشانکرد، لە کاتی خۆپیشاندانەکانەوە هیچ لێدوانێکی نەبووە، بەڵام نزیکەکانی رایانگەیاند خۆی وازی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش هێناوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار