مەریوان وریا قانع: ئەو كەسانەی درۆ دەكەن ڕۆحیان بە کەسانێک فرۆشتوە لەخۆیان ناشیرینتر

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
مەریوان وریا قانع، نوسەر و ڕۆشنبیری ناسراوی کورد رایگەیاند: "ئەوانەی ئەو هەواڵانە بڵاودەکەنەوە، درۆ لەناوەوە زمان و ڕەوشت وھەستەکانیان ئاراستدەکات. هەروەها ڕۆحیان بە کەسانێک و بە ھێزگەلێک فرۆشتوە لەخۆیان ناشیرینتر".
ماوەی چەند رۆژێکە لەناو بەشێک لە پەیج و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە و باسی لەکردوە: "ژمارەیەک کەسایەتی، نوسەر و رۆشنبیر لەلایەن یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بە مووچەیەکی مانگانەی تاوەکو 2000 هەزار دۆلار بە ناونیشانی راوێژکار دامەزرێنراون، ئەویش بەئامانجی دژایەتی کیانی هەرێمی کوردستان".
لەوەڵامی ئەو هەواڵەشدا مەریوان وریا قانع کە یەکێکە لەو کەسانەی ناوی لەهەواڵەکەدا هێنراوە، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک ناوەڕۆکی هەواڵەکەی رەتکردەوە و باسی لەوەکرد، "ئەم ھەواڵە لەو جۆرە ھەواڵانەن کە خاوەنەکانیان لە بەدئەخلاقیدا بێوێنەن. کەسانێکن بۆ ئەوە دروستکراون درۆ لەناوەوە زمان و ڕەوشت وھەستەکانیان، ئاراستەبکات. ڕۆحیان بە کەسانێک و بە ھێزگەلێک فرۆشتوە لەخۆیان ناشیرینتر."
ئاماژەی بەوەشکردوە، "ماوەیەکە ھەندێک لەم میدیا کڕدراو و ئاراستەکراو و درۆزنانە، بە دەیان شێوازی جیاواز، ئەم جۆرە ھەواڵە بێبنەما و دروستکراوانە بڵاودەکەنەوە. سیاسەت و ئەخلاق کە شەرمیان تیانەما، ئەم جۆرە درۆیانە دەبنە بەشێک لەو زمانەی بەشە ھەرە ناشیرینەکەی کۆمەڵگا قسەی پێدەکات."
دەقی نوسینەكە:.
ھەندێک بەدڕەوشتیی ھەیە سنووری نییە
ئەم ھەواڵەی خوارەوە لەو جۆرە ھەواڵانەن کە خاوەنەکانیان لە بەدئەخلاقیدا بێوێنەن. کەسانێکن بۆ ئەوە دروستکراون درۆ لەناوەوە زمان و ڕەوشت وھەستەکانیان، ئاراستەبکات. ڕۆحیان بە کەسانێک و بە ھێزگەلێک فرۆشتوە لەخۆیان ناشیرینتر.
ماوەیەکە ھەندێک لەم میدیا کڕدراو و ئاراستەکراو و درۆزنانە، بە دەیان شێوازی جیاواز، ئەم جۆرە ھەواڵە بێبنەما و دروستکراوانە بڵاودەکەنەوە. سیاسەت و ئەخلاق کە شەرمیان تیانەما، ئەم جۆرە درۆیانە دەبنە بەشێک لەو زمانەی بەشە ھەرە ناشیرینەکەی کۆمەڵگا قسەی پێدەکات.
ئەمە دەقی ئەو بەدڕەوشتییە گەورەیە کە سایتی خۆر xor بڵاویکردۆتەوە:
”سەرچاوەیەک لە دارایی یەکێتی لیستی ناوی چەند کەسێک ئاشکرا دەکات کە مانگانە پارە لەسەر میزانیەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وەردەگرن.
بەپێی زانیاری سەرچاوەکە ئەو کەسانە ئەنجوومەنی ڕاوێژکاری میدیای یەکێتین بۆ دژایەتی کیانی هەرێمی کوردستان، ئەو ئەنجومەنە لەلایەن ئێرانەوە فەرزکراوە بەسەر یەکێتیدا.
1- مەریوان وریا قانع 2000 دۆلاری مانگانە لە یەکێتی
2-ئاراس فەتاح 2000 دۆلاری مانگانە لە یەکێتی
3- مەسعود عەبدولخالق 1300 دۆلار
4-هێمن مامەند 1100 دۆلار
5- غالب محەمەد 1500 دۆلار
6- قادر نادر 1300 دۆلار
7- سۆران عومەر 2000 دۆلار “
