موقتەدا سەدر پەیامێكی دیكە ئاراستەی پەرلەمانتارە سەربەخۆكان دەكات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
موقتەدا سەدر رایگەیاند: " ئەگەر رۆژی شەممەی داهاتوو بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەن، ئەویش لەرێگەی جێگەکردنەوەی داواکارییەکان لە حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی و یەکخستنی ریزەکانمان هەقیان بۆ دەكەینەوە".
ئەمڕۆ چوارشەممە موقتەدا سەدر لە هەژماری فەرمی خۆی لەتویتەر باسی لەوەشکردوە، دوای پەیامەکەی رۆژی دووشەممە کە ئاڕاستەی پەرلەمانتارە سەربەخۆکانی کردبوو، تائێستا وەڵامێکی یەکلاییەکەرەوەی وەرنەگرتووە کە ئایا بەشداری کۆبوونەوەکە دەبن یاخود نا، بەڵام سوپاسیان دەکات ئەگەر بەرژەوەندی نیشتیمان و خۆشەویستی عێراق بخەنە سەروی بەرژەوەندی تایبەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەڵێنی بە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان دەدات کە لەنزیکترین دەرفەتدا وەڵامی خواست و داواکارییەکانیان بداتەوە ئەگەر رۆژی شەممەی داهاتوو بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەن، ئەویش لەرێگەی جێگەکردنەوەی داواکارییەکان لە حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی و یەکخستنی ریزەکانیان هەقیان بۆ دەكەینەوە.
پەیوەست بە ئامانجی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانیش سەدر ئەوەی خستوەتەڕو، دەیانەوێت پلانی "گەندەڵکاران" شکستپێبهێنن کە دەیانەوێت عێراق لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان بونیادبنێن، بەڵام رەوتی سەدر و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێت "بەرژەوەندی وڵات و نیشتیمان باڵابن و سوپا، هێزە ئەمنیەکان، دادگا و حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی بخرێنە خزمەتی نیشتیمان دوور لە دەستوەردانی دەرەکی، بۆیە داوا دەکەین پەرلەمانتارە سەربەخۆکان هاودەنگی ئێمە بن لە گەیشتنە ئەنجامی ئەم کاروانە".
رۆژی دووشەممەش موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر داوای لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکانی عێراق کرد، لە دانیشتی پەرلەماندا بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئامادەبن و و دەنگ بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بدەن، بە ئامانجی رزگارکردنی عێراق لەو دۆخە چەقبەستووییەی تێیکەوتووە.
