گۆڕان پێویستە لەبارەی حكومەتەوە بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات
نزار مەحمود، یەكێك لەو حەوت كەسەی سەرپەرشتیی گۆڕان دەكەن تا كۆنفرانسی نیشتمانی، بۆ هاوڵاتى:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: ئارا ئیبراهیم
یەكێك لەو حەوت كەسەی چاودێری كارەكانی گۆڕان دەكەن بۆ گەیشتن بە كۆنفرانسی نیشتمانی دەڵێت:» پارتی رێككەوتنی حكومەتی بەرانبەر گۆڕان جێبەجێ نەكرد، ئەگەر ئەوان ئەو رێككەوتنەیان جێبەجێ بكردایە وەك خۆی ئێستا دۆخەكە وای لێ نەدەهات و دەشڵێت:» پێویستە گۆڕان بڕیار بدات».
نزار مەحمود، یەكێك لەو حەوت كەسەی چاودێری كارەكانی گۆڕان دەكەن بۆ گەیشتن بە كۆنفرانسی نیشتمانی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى ئەوە دەخاتەروو كە» هیچ وەزارەتێك بە وەزارەتی دارایشەوە هیچ دەسەڵاتێكیان نییەو تەنها هەندێ كاروباری رۆژانە جێبەجێ دەكەن».
هاوكات جەختی لەوەشكردەوە كە»بۆ دابینكردنی مووچە حكومەت تەنها 350 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت دەدات بە وەزارەتی دارایی، ئەوی دیكەی بەپێی رێكەوتنێك پارتی بەرێژەی لەسەدا 57 و یەكێتی بەرێژەی لەسەدا 43% داهاتەكان دەدەنەوە بەوەزارەتی دارایی و ئەوی دیكەی لای خۆیانە».
هاوڵاتى: ئێوە وەك حەوت كەس دیاری كراون بۆ ئەوەی سەرپەرشتی گۆڕان بكەن تا دەگەنە كۆنفرانس، كە بڕیاربوو لەمانگی شوبات ئەنجام بدرێت؟ بۆچی نەكراوە؟
نزار مەحمود: وادەكەی بە فەرمی دیاری نەكرا، رەئییەك هەبوو كە لەمانگی شوباتدا كۆنفرانسی نیشتمانی ببەسترێت، بەڵام بریاری لەسەر نەدراوە، چونكە لە راستیدا ئەم پرسە پەیوەندی بە رێكارەكانییەوە هەیە تا كاتەكەی دیاری بكرێت.
كاتەكەی لە ژووری یاسایی و هەڵبژاردنی گۆڕانەوە هەیە، ئەوانیش بەپێی تەواوبونی رێكارەكان وادەكەی دیاری دەكەن، راستە ئێمە پەلەمانە بەڵام هێشتا رێكارەكان تەواو نەبووە.
هاوڵاتى: چیتان كردووە وەك حەوت كەسە بۆ ئەوەی گۆڕان لەم قۆناغە رزگاری ببێت و بگاتە كۆنفرانس؟
نزار مەحمود: جگە لە ئێمە لیژنەیەكی باڵای كۆنفرانسمان هەیە ئەوانەی كە راپۆرتەكانیان لایەو نزیكەی حەوت راپۆرت ئامادە دەكرێت، هەر راپۆرتێك لیژنەی فەرعی خۆی هەیەو ئیشیان لەسەر كردووە بۆ ئەوەی تەواو ببێت و ئێمەش جۆرێك لەهەماهەنگیمان هەیەو چاودێری كارەكەیان دەكەین.
قۆناغەكە گۆڕانكاری دیكەی پێویستە، هەندێ لە راپۆرتەكان لەسەدا 80% تەواو بووە، بەڵام گۆڕانكاری دیكەی پێویستە و دەبێت بە شێوەیەكی دیكە مامەڵەی لەگەڵدا بكەیت، بەتایبەت وەزعێكی نوێ بۆ گۆڕان هاتۆتە پێشەوە كە هەم لە بۆچونەكان و هەڵوێستەكانەوە بێتە دی.
هاوڵاتى: گۆڕان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كورسی بەدەست نەهێنا، بەڵام ئایا یەكسانە بە سفر؟
نزار مەحمود: ئێمە حزبێكی سیاسین بەرنامەیەكی هەیەو دەڵێت دەنگ بدەن بەم بەرنامەیە بۆ ئەوەی بۆتان بكەم، بەشێكی خەڵك لەوانەیە قەناعەتت پێ بكاو بەشێكی پێت نەكات، ئێمە لەسەر هەندێ هەڵەی رۆژانە كە كردوومانە و ئەوانەی دەنگدەرمان بوون قەناعەتیان بەو وەزعە نەبووەو دەنگیان پێ نەداین، ئەمە ناكاتە ئەوەی كە واز لە عەمەلییەی سیاسی بهێنین، حزبی سیاسی دایمە دەبێت كار بكات و لەهەوڵدا بێت.
هاوڵاتى: ئایا بزوتنەوەی گۆڕان دەبێتەوە بەو بزوتنەوەیەی پێشتر؟
نزار مەحمود: ئێمە هەر ئەو بزوتنەوەیەی پێشترین، مرۆڤیش هەڵەو كەموكوری هەیە، ئێستا كە زانی كەموكوری هەیە پێداچونەوە بە خۆیدا دەكات.
هاوڵاتى: پێتانوایە بەشداری كردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا بە زەرەر بەسەر گۆڕاندا شكایەوە؟
نزار مەحمود: ئێمە كە بەشداری حكومەتمان كردووە بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بووەو دەنگیان پێدا بە دەرچەیەكی باشمان دەزانی كە ناكرێت هەر ئۆپۆزسیۆن بین و داوای چاكسازی بكەین، با خۆمان بچین و كار بكەین بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لەناو حكومەتدا، هەر چۆنێك بێت ئەم میللەتە رزگار بكەین ئەگەر چاكسازییەكی كەمیش بكەین هەر باشە، بەڵام دیار بوو جەماوەرەكەی ئێمە ئەوەیان پێ قبوڵ نەكرا.
هاوڵاتى: پێتانوایە پارتی لە ئاست ئەو بەڵێنەدا نەبوو كە رێككەوتنتان لەگەڵدا كردووەو بەندەكانی جێبەجێ نەكردووە؟
نزار مەحمود: بە تەئكید ئێمە رێككەوتنمان لەگەڵ پارتیدا هەبووە، جا ئەگەر ئەوان ئەو رێككەوتنەیان جێبەجێ بكردایە وەك خۆی ئێستا دۆخەكە وای لێ نەدەهات.
كاتێك كە بەشداریمان لە حكومەتدا كرد بۆ ئەوەبوو كە چاكسازی بكرێت كاتێك بەرنامەكەی خۆیان هێنا پارتی هیچی لەوەی ئێمە كەمتر نەبوو بۆ چاكسازی، ئێمە بینیمان ئەوان ئاوا چاكسازیان بوێت و یەكێتی داوای دەكرد، وتمان بە هەموولایەك چاكسازی دەكەین، بەڵام هیچی جێبەجێ نەكرا.
ئێستا دۆخەكە خراپترە لەو كاتەی كە ئێمە بەشداریمان لە حكومەتدا كردووە كە ئەوكات دوو ئیدارەیی كاڵ بوبویەوە، بەڵام ئێستا دوو ئیدارەیی تۆخ بووتەوەو دەستگرتن بەسەر داهاتەكاندا زەقترە هەموومان دەزانین كە كێڵگەكانی نەوت و گاز هەر بە ئیجار لە حكومەت وەرگیراوە، تەنها بڕی 350 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت دەدرێتە وەزارەتی دارایی و ئەوی دیكەی دیار نییە، نەوتی خاو بە 40 دۆلار بوو هەر ئەو برە دراوەتە وەزارەتی دارایی و ئێستاش كە لەسەرو سەد دۆلارەوەیە هەر ئەو بڕە دراوەتە وەزارەتی دارایی.
هاوڵاتى: ئەوەندەی ئاگادار بین نیگەرانییەكەی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی پەیوەندی بەوەوە هەیە یان پرسی داهاتی ناوخۆ بووە؟
نزار مەحمود: ئەو نیگەران بووە لە داهاتە ناوخۆییەكان و ئەو گرفتانەی كە لە بانكەكان هەبووە بەتایبەت ئەوەی لە سلێمانی هەیە، دیارە عیلاقەی بە بانكەكان هەبووەو ئیجرائاتەكانی وەزیری دارایی جێبەجێ نەكرا، حكومەت كەمتەرخەم بووە تێیدا.
هاوڵاتى: دۆخێك دروست بووە خەڵك لە نۆرەی وەرگرتنی مووچەدا گیان لەدەست دەدات، سویلە لە بانكەكاندا نییە، گۆڕان وەزارەتی دارایی و ئاوەدانكردنەوەو بازرگانی و كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لایە كە هەمووی پەیوەندی راستەوخۆی بە خەڵكەوە هەیە چوار وەزارەتی ئابووریانەن، ئایا دەسەڵاتیان نییە؟
نزار مەحمود: هەریەك لەوەزارەتەكان گرنگن، باسی وەزارەتی دارایی دەكەم كاتێك ئەو وەزارەتە گرنگی هەیە و هەندێ بڕیار بدات كە هەموو داهاتەكان بێتەوە نێو خەزێنەی وەزارەتی دارایی، وەك رەئی خۆم دەیڵێم هیچ وەزارەتێكی ئەم حكومەتی هەرێمە بەوەزارەتی دارایشەوە هیچ دەسەڵاتێكیان نییە، تەنها هەندێ كاروبار بەشێوەی رۆتینی جێبەجێ دەكەن، داهاتی نەوت لەسەدا 50ی نایاتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی، داهاتەكانی ناوخۆ بەرێككەوتنی پارتی و یەكێتی كە داهاتەكان 57 بە 43 تەسلیمی وەزارەتی دارایی بكەنەوەو ئەوی تری ببەن بۆ خۆیان، هیچ مانایەك بۆ هیچ وەزارەتێك نییە بەتایبەت وەزارەتی دارایی.
ئەو داهاتەی كە بۆیان دیاری كراوە بۆ دابین كردنی مووچە، 350 ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوتە، ئەوی دیكەی پارتی لەسەدا 57ی دابین دەكات و یەكێتی لەسەدا 43ی داهاتەكانی گومرگ و باج و رسوماتەكان دەداتەوە بە وەزارەتی دارایی و ئەوی دیكەی بۆ خۆیانە، گۆڕان زەرەرمەندی یەكەم بووە، بەدەرەجەی یەكەم گۆڕان زەرەرمەندەو چونكە بزوتنەوەی خەڵك و دەنگدەرەو دەیەوێت كار بكات و هیچ مانایەك بۆ مانەوەی گۆڕان لە حكومەتدا نەماوە.
هاوڵاتى: بۆچی گۆڕان بریار نادات لەم پرسە بێتە دەرەوە؟
نزار مەحمود: پێویستە گۆڕان بریاری یەكلاكەرەوە بدات، گۆڕان تووشی حاڵەتێك هاتووەو دوای دەستلەكاركێشانەوەی رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەراندن ئێستا گۆڕان مەشغولی كاروبارەكانی ناوخۆی خۆیەتی ئەگینا گۆڕان پێویستی بەوەیە بریار بدات.
بە دوو سێ رێگا كار لەسەر ئەم پرسە دەكات بۆ بەرێوەچوونی كارەكان، گۆڕان بە سیستم ئیش دەكات، گۆڕان رێكخەری گشتی و مەكتەب سیاسییەكەی نەماوە حزبێكی دیكە بوایە ئێستا نەیدەزانی چی دەكات.