یەكێتی پارەی وەکو قەرەبوو داوەتە ئەندامانی كۆمەڵ كەخانوو و ماڵیان لەوێدا هەبووە
بیلال سولەیمان، ئەندامی ئەنجومەنی دامەزرێنەرانی كۆمەڵی دادگەری بۆهاوڵاتى:
3 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: هاوڵاتى
ئەندامێكی ئەنجومەنی دامەزرێنەرانی كۆمەڵی دادگەری ئاماژە بە رووداوەكانی ئەو كاتە دەكات كە ئەمریكا مووشەك بارانی ئەنساری كردووەو دەڵێت:» ئەوەی لە كتێبی رۆژمێری پێشمەرگەیەكی كاك محەمەدی حاجی مەحمودا باس كراوە ئەسڵی نییەو پارە نەدراوەتە مامۆستا عەلی باپیر، بەڵكو دوای دوومانگ لە چۆڵكردنی كۆمەڵ لەو ناوچەی خورماڵ وەك قەرەبوو یەكێتی پارەی داوەتە كۆمەڵ بۆ ئەو خەڵكانەی ماڵ و حاڵیان لەوێدا هەبووە».
بیلال سولەیمان، ئەندامی ئەنجومەنی دامەزرێنەرانی كۆمەڵی دادگەری لەمچاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى دەشڵێت:» ئەم پرسە سیاسییە و پەیوەندی بە هەڵوێستی كۆمەڵی دادگەرییەوە هەیە كە لەبەرەی گەلەو دەیانەوێت تەشهیر بە كۆمەڵ و سەركردایەتی و شەخسی جەنابی مامۆستا عەلی باپیر بكەن».
هاوڵاتى: كتێبی رۆژمێری پێشمەرگەیەكی محەمەد حاجی مەحمود باسی كۆمەڵ و عەلی باپیر دەكات كە بڕی 250 هەزار دۆلاری لە مام جەلال وەرگرتووە؟، ئەم پرسە چۆنە؟
بیلال سولەیمان: پێموایە كاكە حەمە ئەو شتانەی كە نوسویەتی لەو كتێبەدا خۆیشی قەناعەتی پێی نییە، بەڵام نازانم بۆ كردوویەتی، دیارە ئێمە ئەوكات رێككەوتنێكمان هەبووە لەگەڵ یەكێتی بۆ بەشداری كردن بووە لە حكومەت، ئێمە لە سنوری خورماڵ و هەڵەبجە هیچ گومرگمان دانەناوە، بەڵام رێككەوتنێكمان لەگەڵ یەكێتی هەبووە كە بەشداریمان كردووە لەو حكومەتدا و چەند خاڵ و بەندێكی تێدایە، وەرگرتنی ئەو پارەیە كە كاكە حەمە باسی كردووە شتی وانییەو مامۆستا عەلی باپیر لەژیانیدا نەمبیستووە وەك شەخس وەریگرتبێت دەبوو بدرێتە دارایی كۆمەڵ، كاتێك دارایی وەرینەگرتووەو مامۆستا عەلی باپیریش ئینكاری دەكات كە نەیبینیوە نازانم كاكە حەمە ئەو پارەیەی لەكوێوە هێناوە بۆ خۆی وەریگرتووە یان بەكسێكدا نێردراوەو نەدراوەتە كۆمەڵ ئەوەیان خوا دەیزانێت.
هاوڵاتى: بۆچی دوای دوو رۆژ لەموشەكیبارانی ئەمریكا كاكە حەمە پەیوەندی بە بەرێزتانەوە كردووە؟
بیلال سولەیمان: كاكە حەمە پەیوەندی پێوە كردم كە وتی پەیامێكم هەیە بۆ مامۆستا عەلی باپیر لەلای مام جەلالەوە، وتم بۆ قسە لەگەڵ خۆی ناكەیت وتی تەلەفونەكەیم بۆ وەرناگیرێت، من لە تاران بووم دیارە تەلەفونەكەی خۆی داخرابوو ئەوكات سورەییا هەبوو لەرێگەی تەلەفونی كاك دڵشاد گەرمیانی پەیوەندیم كردو وتم دەمەوێت لەگەڵ مامۆستا عەلی باپر قسە بكەم وتی چەند خولەكێكی دیكە دەگەمە لای دیارە ئەوكات فرۆكە بەسەر ناوچەكەدا دەسورایەوە و موشەك دەدرا لە ناوچەكە، دواترمن قسەم لەگەڵ مامۆستا عەلی باپیر كردو وتم كاكە حەمە پەیامێكی بۆتان هەیەو دەیەوێت قسەت لەگەڵ بكات، ئیتر بەتەلەفونێك قسەم لەگەڵ كاكە حەمە دەكردو بە تەلەفونێكی دیكە قسەم لەگەڵ مامۆستا عەلی باپیر دەكرد، نەدەتوانرا بەیەكەوە قسە بكەن و تەلەفونەكەم كرد وام كرد هەردووكیان گوێیان لەیەكتر بێت و قسە بەیەكەوە بكەن.
كاكە حەمە پەیامەكەی ئەوەبوو كە جەنابی مام جەلال دەیەوێت وەفدێك بنێرێت و دانیشتن بكرێت لە گوڵەخانە كەدەكاتە 24ی 3ی 2003، ئیتر مامۆستا عەلی باپر وتی وەڵامتان دەدەمەوە، ئەوكات مامۆستاو ئەندامانی دیكەی كۆمەڵ لە شاخدا بوون لە پشتە ناو لەپشتی خورماڵ.
هاوڵاتى: واتا كاكە حەمە دەویست نێوەندگیری بكات لەنێوان كۆمەڵ و یەكێتی؟
بیلال سولەیمان: دەكرێت نێوەندگیری بڵێن هەرچەند مام جەلال رایسپاردبوو، كە وەفدی هەردوولا پێكەوە دابنیشن.
هاوڵاتى: ئەحمەد قەدەفەری بەرپرسێكی یەكێتییە لە شارەزوور دەڵێت مامۆستا عەلی باپیر نەك 250 هەزار دۆلار 300 هەزار دۆلاریشی لە مام جەلال وەرگرتووە؟
بیلال سولەیمان: ئەو لێوانەیم خوێندەوە كە دەڵێت لەبەرانبەر ئەو خانوو موڵكانەی ئەندامانی كۆمەڵ و سەركردایەتی كە لەو ناوچەیە بەجێهێڵدراوە، ئەوە دوو تا سێ مانگ دوای چۆڵكردنی كۆمەڵ بووە لە خورماڵ و دەوروبەری، ئەو ماڵانەی لەوێ بوون كە ماڵەكانیان چۆڵ كردبوو، ماڵەكان هی ئەندامانی كۆمەڵ بوو یەكێتی دەستی بەسەردا گرتبوو، داوامان كرد ئەوانە هی ماڵی ئەندامانی كۆمەڵن، مام جەلالیش وتی بۆ ئەوەی كێشە دروست نەبێت قەرەبوویان دەكەمەوە، ئەوەبوو كۆمەڵێك قەرەبوو كراوەتەوە، ئەوە قەرەبووی ئەندامانی كۆمەڵ بووەو پەیوەندی بە حزبەوە نەبووە.
هاوڵاتى: پێتانوایە بۆچی ئەم پرسە لەم كاتەدا دەوروژێندرێت دوای نزیكەی بیست ساڵ؟
بیلال سولەیمان: ئەم پرسە سیاسییە و پەیوەندی بە هەڵوێستی كۆمەڵی دادگەرییەوە هەیە كە لەبەرەی گەلەو دەیانەوێت تەشهیر بە كۆمەڵ و سەركردایەتی و شەخسی جەنابی مامۆستا عەلی باپیر بكەن، هەر ئەوەیە.
هاوڵاتى: ئایا ئەم پرسە گرژی لەنێوان كۆمەڵ و سۆشیالیست دروست كردووە؟
بیلال سولەیمان: دەكرێت ئەو مەوزوعە وەك هەر شتێكی دیكە تێپەرێت، كاكە حەمە بەنوسین هێرشی كردووەو دەكرێت ئەوانەی ئاگاداری ئەو دۆخەبوون بەنوسین وەڵامی بدەنەوە.
هاوڵاتى: شەریف عەلی باپیر، كە كوڕی سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری دەكات لەسەر ئەو پرسە وشەیەكی بەرانبەر كاكە حەمە بەكارهێناوە كە تەشهیرە؟
بیلال سولەیمان: ئەوە تەعبیر لە رەئی خۆی دەكات، ئەوانەی ئاگاداری ئەو دۆخەن دەكرێت وەڵام بدەنەوە.
هاوڵاتى: وتەبێژی كۆمەڵ دەڵێت كە بودجەمان لە یەكێتی وەرگرتووە لەوكاتەدا؟
بیلال سولەیمان: بەڵێ كۆمەڵ بەپێی رێككەوتننامەی تاران بودجەی لە یەكێتی وەرگرتووە، كە مانگانە دوو ملیۆن دینار بدرێت بە كۆمەڵ.
پێشتر بزوتنەوەی یەكبوونی ئیسلامی هەبوو دوای ئەوەی ئیعلانی كۆمەڵ كرا كە لەگەڵ یەكێتی گفتوگۆ كرا بۆ دابینكردنی ئەو بودجەیە.
هاوڵاتى: كۆمەڵی دادگەری لەئێستادا هیچ بودجەیەك لە حزبەكانی دەسەڵات یان حكومەت وەردەگرێت؟
بیلال سولەیمان: ئێستا هیچ بودجەیەكمان نییە.