سەرۆکی ئۆکرانیا لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بوو

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
گەورە ڕاوێژکاری وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا رایگەیاند، گروپێکی نهێنی سەر بە روسیا بە ناو "واگنەر"، هەوڵی کوشتنی سەرۆکی ئۆکرانیا و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەیان داوە.
لە هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی دەیلی پۆست-دا هاتووە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن، مارکیانی لۆبکیڤسکی، گەورە ڕاوێژکاری وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا رایگەیاند، گروپێکی نهێنی سەر بە روسیا بە ناو "واگنەر"، هەوڵی کوشتنی سەرۆکی ئۆکرانیا و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەیان داوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هەواڵگری ئۆکرانیا و ئەو هێزە تایبەتەی کە زیلینسکی سەرۆک دەپارێزن، هەواڵەکەیان پشتراست کردووەتەوە و رایانگەیاندووە، "گروپی سەربازی واگنەر لە هەوڵەکەیان بۆ تیرۆرکردنی سەرۆک سەرکەوتوونەبوون."
ئەو ڕاوێژکارەی وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا جەخت دەکاتەوە لەوەی، "ھەموو دۆکیومێنتەکان و بەڵگەی پێویست ڕادەستی دادگای نێودەوڵەتی دەکرێن و چاوپۆشی لەو هەوڵە شکستخواردووە ناکەن."
ئەمە لە کاتێکدایە، بەرپرسانی ئۆکرانیا ئاشکرایانکردووە، پێشتریش سەرۆکی ئەو وڵاتە لە دووهەوڵی دیکەی کوشتن رزگاریبووە.
