کەجەکە: نابێت پارتی بەشداری پلانی داگیركاری توركیا بکات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند:" بەگوێرەی زانیارییەکانیان سوپای تورکیا پلانی هێرشکردنەسەر گەریلای هەیە". دەشڵێت:" نابێت پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بەشداری لەم پلانە داگیرکارییانەدا بکات".

ئەمڕۆ شەممە 26-3-2022، کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، "لە میدیاکانی باشوری کوردستان باس لەوە دەکرێت، کە دەوڵەتی تورک دەستی بە جموجوڵێکی داگیرکەری کردووە و بۆ ئەوەش لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ڕێککەوتوون و پلانێکی هاوبەشیان داڕشتووە.. هەروەها (پەدەکە) پێداگری لە بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنی داگیرکەری دەکات و خۆی بۆ جەنگ ئامادە دەکات."

ئەوەش هاتووە، "پارتی وەک ئامادەکاری بۆ چونە ناو پلانەکە، دەستیکردووە بە بڵاوکردنەوەى هەواڵی درۆ و چەواشەکارانە رای گشتیی کورد لە دژی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دەوروژێنن. ئەگەر ئەوە شکست بهێنێت، پێشمەرگە چەند هێرشێک ئەنجام دەدات، کە زیان بە گەلی باشور دەگەیەنن و ئەو هێرشانەش دەخەنە ئەستۆی گەریلاکان.. هەروەها لەڕۆژانی ڕابردوودا هێزە تایبەتەکانی پارتی بەچەکی قورسەوە خۆیان لەو ناوچانەدا جێگیرکردووە، کە ئەو ناوچانەی ماوەی 20 ساڵە لە ژێر کۆنترۆڵی گەریلاکاندان".

کەجەکە ئەوەشی خستوەتەڕو، "ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بچێتە پاڵ دەوڵەتی تورک بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی گەریلا، ئەمەش بە واتای هێرشکردنە سەر دۆخی باشور و دەستکەوتەکانیەتی. نابێت پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بەشداری لەم پلانە داگیرکارییانەدا بکات. بەم بۆنەیەوە داوا لە پەرلەمانی باشوری کوردستان و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوە فەرمییەکان و ڕای گشتی دەکەین، کە لە بەرامبەر پلانی داگیرکەری بوەستنەوە و هۆشداری بە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بدەن و ئاگاداری بکەنەوە".

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار