کازمی: دەوڵەت پێویستی بە یاسای زیاتر هەیە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند:" دەوڵەت پێویستی بە یاسای زیاتر هەیە بۆ پاراستنی ژنان و کچانی رزگاربووی دەستی داعشی و رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوەی روویدا". دەڵێت، "بە هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان دەڵێم، هاووڵاتی بەرپرسیارێتیمانە، نیشتمان بەرپرسیارێتیمانە، پێویستە لەپێناو وڵات کاربکەین".

ئەمڕۆ یەکشەممە بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر پەسندکردنی یاسای کچان و ژنانی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش لیژنەی دیالۆگ و ئاشتیی کۆمەڵایەتی سەر بە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کاروباری رزگاربووان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ "IOM"، کۆنفڕانسێکی لە بەغدا بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی رێکخست.

مستەفا کازمی لە وتارێکدا رایگەیاند: "ئەو تاوانەی دەرهەق بە کچ و ژنانی ئێزدی کرا پەڵەیەکی گەورەیە بە مێژووی چەتەکانی داعشی تیرۆریست و هەموو گرووپە تاریکپەرستەکان کە بانگەشەی ئەوە دەکەن بەو بیرۆکانە فەرمانڕەوایەتی دەکەن کە کاتیان بەسەرداچووە، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر مەترسیی بیری یەکلاییان و پێویستە پێکەوە کاربکەین بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەوەی روویدا".

هەروەها وتی، "پێویستە رێز لەو کەسانە بگرین کە رزگاریان بوو و خۆڕاگربوون و تاوانەکانەیان بۆ گێڕاینەوە، هەروەها ئەوانەشی کە دووپاتیان کردەوە ئەو گرووپە چەتەیە ئایینییان وەکو پاساوێک بەکارهێناوە بۆ بەدیهێنانی ئامانج و پڕۆژەگەلێک کە عێراق و ناوچەکە و جیهانی پێوێران دەکەن، ویستیان ئاین بەکاربهێنن بۆ پاساوهێنانەوە بۆ تاوانەکانیان و ئایین لێیان بێبەرییە".

مستەفا کازمی راشیگەیاند: "ئەو تاوانە رکابەرایەتییەک بوو بۆ هەڵوێستی مرۆییانەی جیهانی، نەوەک بە تەنها لە عێراق، بەڵکو هاوسۆزی و کارلێکێکی مرۆیی جیهانی لەگەڵ نەهامەتییەکان ئەو تاوانە هەبوو".

بەپێی نوێترین ئامارەکانی نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزدی لە ساڵی 2014دا شەش ھەزار و 417 کوردی ئێزدی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێنرابوون، سێ ھەزار و 548 یان کچن و دوو ھەزار و 869 یان کوڕن، سێ ھەزار و 552 ئێزدی لە دەستی داعش رزگارکراون کە ھەزار و 207یان کچ و ئافرەتن، 339یان پیاون، ھەزار و 50 یان کچن و 956 دیکەیشیان کوڕن.

 سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وتیشی: "حکومەت و دامەزراوە ئەمنییەکانی بەردەوامن دژ بەهەموو ئەو کەسانەی کە بەشدارییان لەو تاوانە کردووە و توانیومانە بگەینە ژمارەیەکی زۆر لەو تاوانبارانە، ئێستا بەشێکیان لە گرتووخانەکاندان و هەندێکی دیکە سزایان بۆ دەرچووە و حکومەت راوەدوونان و لێپرسینەوە لە هەموو ئەوانەی سووکایەتییان بە خوێنی عێراقییەکان کردووە لەهەرکوێیەک بێت لە عێراق بێت یان لە دەرەوەی خستووەتە ئەستۆی خۆی".

دەشڵێت، "دەوڵەت پێویستی بە یاسای زیاتر هەیە بۆ پاراستنی ژنان و کچانی رزگاربوو و رێگەگرتن لەوەی روویدا".

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسەکەدا لەبارەی رەوشی عێراقیشەوە قسەیکرد و وتی، "داوا لە هەموو هێزە سیاسییەکان دەکەم کاربکەن و بەخێراترین کار حکومەت پێکبهێنن بۆ خزمەتکردنی گەلەکەی و لەنێویاندا رزگاربووانی ئێزدییەکان، رێزگرتنی وادە دەستوورییەکان رێزگرتنی دەستوور و رێزگرتنە لە لۆژیکی دەوڵەت و رێزگرتنی پێویستییەکانی خەڵک".

هەروەها دەڵێت، "پێویستە بەدوای چارەسەری لۆژیکی بگەڕێن کە وێنای پێگەیشتووی سیاسیی هەمووان وێنا بکات، هەروەها نیشاندەری ئاستێکی بەرزی بەرپرسیارێتیی هێزە سیاسییەکان بێت بەرامبەر بە ئەرکەکانیان و بوونیان لە پەرلەمان بێت یان لە دەرەوەی پەرلەمان".

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە پرسە سیاسییەکانی عێراق قسەی کرد و لەو کۆنفرانسەدا وتی، "پێویستە لەسەر هێزە سیاسییەکان بەخۆیاندا بچنەوە بۆ ئەوەی ئەو قوناخە تێپەڕێنین، ئەمڕۆ قەیرانێکی جیهانی هەیە کاریگەریی لەسەر هەموو ناوچەکانی جیهان هەیە، لەپاڵ ئەو قەیرانە، ناوچەکەمان زۆر قەیران و کێشەی ئاڵۆزی تێدایە، بەڵێ ئەم دیمەنە تاریکە، بەڵام ئومێد هەیە و دەتوانین کە دیمەنەکە بکەینە دەرفەتێک بۆ سەرکەوتن و دەرفەتیش هەیە، ئەم دەرفەتە ناکرێت بەشێوەیەکی کردەیی بە حکومەتی کاربەڕێکەر جێبەجێ بکرێت".

لەکۆتایی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "قەیرانی ئێستا سیاسییە، کرانەوەی سیاسی واتە کرانەوەی حکومەتیش، بەو پێیە پێویستە حکومەتێکی بەرهەمداری کاریگەر پێکبهێنرێت کە خزمەتی هاووڵاتی بکات لەم قۆناخەدا و بتوانێت ئاسایش و ئاسایشی خۆراک بونیادبنێت".

سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رووی دەمیشی کردە سیاسەتمەدران و دەڵێت، "بە هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان دەڵێم، هاووڵاتی بەرپرسیارێتیمانە، نیشتمان بەرپرسیارێتیمانە، پێویستە لەپێناو وڵات کاربکەین و بڕۆین بۆ قۆناخێکی نوێ لەپێناو ئایندەی عێراق و رۆڵەکانی و نەوەکانی".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار