وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی: دۆسیەی گیان لەدەستدانی سزادراوەکەی سلێمانی لەدادگایە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم رایگەیاند:" هەر لەرۆژی گیانلەدەستدانی گەنجەكەی چاكسازی گەورانەوە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەستی کرد بە بەدواداچوون لە کەیسەکە و ڕۆژی دواتر سەردانی چاکسازی گەورانی سلێمانی کرد و لیژنەیەکی لەسەر ئاستی باڵا پێکهێنرا و لەئێستا بەڵگەكان ئاڕاستەی دادگای تایبەتمەند کراون".

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم ئەمڕۆ دووشەممە لە رونکردنەوەیەکدا باسی لەوەشکردوە، "ڕۆژی هەینی  رێكەوتی 7-1–2022، لە چاکسازی گەورانی  سلێمانی  لە ڕووداوێک ئاگادارکراینەوە کە تایبەت بوو بە گیانلەدەستدانی سزادراوێک بە ناوی ( هەرێم محمد مستەفا). بۆیە دەستبەجێ خاتوو (كوێستان محمد) وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەستی کرد بە بەدواداچوون لە کەیسەکە و ڕۆژی دواتر سەردانی چاکسازی گەورانی سلێمانی کرد و لیژنەیەکی لەسەر ئاستی باڵا پێکهێنا."

ئەوەش هاتووە: " لیژنەکە بە سەرپەرشتی ئەندامێکی داواکاری گشتی دەستی بە کارەکانی کرد و پاشان ئەندامێکی تری داواکاری گشتی لە هەولێرەوە ئامادەی ئەنجامدانی ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوەکەبوو. لیژنەی لێکۆڵینەوەی ناوبراو بە پێی (یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە (14)ی ساڵی 1991 دەستی بەکارەکانی کرد و ماوەی چەند ڕۆژێک لە چاکسازی گەورانی سلێمانی مانەوە و وتەی سەرجەم ئەو کەسانەی کە پەیوەنیان بە کەیسەکەوە هەبووە نووسراوە و سەرجەم بەڵگە ڤیدۆیی ناو مەحجەرەکە و ئەو شوێنانەی کە کامێرای لێدانراوە و ئەو کەرەستانەی کە پەیوەندیان بە ڕووداوەکەوە هەبوە کۆکردۆتەوە".

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم ئەوەشی خستوەتەڕو: "وتە و ڕوونکردنەوەی نوێنەری بەڵگەی تاوان و پزیشکی دادی و ڕاپۆرتی پزیشکی داد وەرگیراون. هەروەها ڕۆژی دوای ڕوداوەکە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی تاسلوجە سەرجەم تۆمارەکانی بردوە و هیچ ڕێگریەک نەکراوە لە بردنی تۆمارەکان."

پەیوەست بە رێکارەکانیش لەرونکردنەوەکەدا باس لەوەکراوە: "ئێمە لە وەزارەت، تەنها دەسەڵاتی ئەوەمان هەیە ئەو ڕێکارانە بگرینەبەر کە بە پێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆمان دیاریکراوە کە بە پێی ماددەی (2) ی یاساکە حکومەکانی جێبەجێدەکرێت بەسەر فەرمانبەراندا. وە بە پێی یاساکە لیژنە تەنها دەتوانێت بە پێی ماددە (8) ی یاسای ئاماژەپێکراو سزای فەرمانبەر بدات."

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم بڕیاریداوە سکاڵا لەسەر ئەو لایەنانە تۆماربکات کە لەو دۆسیەیەدا وەزارەتەکەیان تۆمەتبارکردووە و ئاماژەی بەوەداوە: "لە ئێستادا ئەم کەیسە لەبەردەم دادگای تایبەتمەندە و لێکۆڵینەوە لەسەری بەردەوامە و ئێمەش وەکو وەزارەت چاوەڕێی بریاری دادگاین ئەوەی بکەوێتە سەر ئەستۆی ھەر فەرمانبەرێکمان وەک خۆی جێبەجێی دەکەین، هەروەها لە كاتی تەواوبونی پەراوی دادگا وەزارەتمان تەواوی زانیاریەكان بۆ هاوڵاتیان دەخاتە ڕوو و لە كۆتایدا داوای یاسایی لەسەر هەموو ئەو کەس و لایەن و کەناڵانە تۆمار ئەکەین کە ناو و نازناوی وەزارەتمان ناشرین ئەکەن."

ئەمڕۆ بنەماڵەی هەرێم محەمەد مستەفا، ئەو کوڕەی کە لە (7ی 1ی 2022) لەنێو زیندانی چاکسازی گەورانی سلێمانی گیانی لەدەستدا، لە ناحیەی پیرەمەگروون گردبوونەوە و رایانگەیاند، "گومانیان هەیە لە هۆکاری گیان لەدەستدانی"، سەرەرای ئەوەی پێشیان وتراوە ناوبراوو خۆی خنکاندووە و وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی دۆسیەکەی داخستووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار