پژاک: سێ گەنجەكەی ماوەت لەلای ئێمە نین و ئەو دەنگۆیانە رەتدەكەینەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتى

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) رایگەیاند:" هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن سێ گەنجە بێسەروشوێنەکەی ماوەت لەلای هێزەکانیان بن، بۆیە دڵنیایی دەدەنە کەسوکاریان کە لەیەکەم رۆژەوە ئەوانیش هێزەکانیان راسپاردووە هەر زانیارییەک لەبارەیانەوە هەبوو ئاشکران بکەن و هاوخەمی کەسوکاری بێسەروشوێنکراوەکانن.

پارتی ژیانی ئازادیکوردستان – پژاک ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، "بە داخ و پەژارەیێکی زۆرەوە لە رێکەوتی 21 – 3 – 2022 سێ گەنجی ناوچەی شارباژێڕ بە مەبەستی گەشت و سەیران دەچنە سەر چەمی خەمەلۆکە لە سنووری قەزای ماوەت بەڵام زۆر بە داخەوە ئەکەونە ناو ئاوەکە و تا ئێستاش نە دۆزراوەنەوە. بۆ روودانی ئەم کارەساتە خەفەتبارە هاوخەمی خانەوادە و کەسوو کاری ئەو گەنجانەین و هیوادارین دوایین خەم و ناخۆشییان بێت."

ئەوەش هاتووە، "لە رۆژی یەکەمی رووداوەکە ئێمە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک بەئەرکی خۆمان زانیوە و بەهەستی بەرپرسیارانەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر خەت بوین بە مەبەستی هاوکاری پێویست بۆ گەڕان و دۆزینەوەی جەستەی ئەو گەنجانە لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بە هێزەکانی خۆمان لەو ناوچانە راگەیاندوە کە لە گەڕان و دۆزینەوەی تەرمەکانیان یارمەتیدەر بن و بە دۆزینەوەی بچووکترین سەرەداو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە."

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک ئەوەشی خستووەتەڕو، لەهەندێک تۆڕی کۆمەڵایەتی هەواڵێکی بێبنەما بڵاوکراوەتەوە کە گوایە  ئەو کەسانە "لای ئێمەن، ئەوەش دورە لە راستی و هیچ بنەمایێکی نییە، بۆیە  لێرەشەوە دڵنیاتان ئەکەینەوە کە ئێمەش هاوخەم و دڵنیگەرانی ئەو کارەساتەین و ئومێدوارین بە زووترین کات تەرمەکانیان بدۆزرێتەوە و ئەم چاوەڕوانیە کۆتایی پێ بێت."

گەنجەکان ناویان کۆسار نەوزاد، لەدایکبووی ساڵی 2000، دەروون رەئوف، لەدایکبووی 1995 و هەڵکەوت کە تەنیا ناوی یەکەمی ئاشکرابووە، لەدایکبووی 1992ەو خەڵکی سنووری هەولێرە و هاوسەری خوشکی کۆسار نەوزادە و بە سەردان چووە بۆ ماوەت.

رووداوەکە لەکاتێکدا بووە کە رۆژی 21ی ئازار، هەڵکەوت، چووەتە کەناری چەمەکە بۆ ئەوەی وێنە بگرێت، بەڵام کەوتووەتە ناو چەمەکەوە، دوای ئەوە کۆسار و دەروونیش بۆ رزگارکردنی، خۆیان هەڵداوەتە ناو چەمەکەوە و ئێستا هەرسێکیان بێسەروشوێنن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار