دەمیرتاش: دەستەی دادوەری جێگەی گومانە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە رایگەیاند:" دەستەی دادوەری کە ئێستا پرۆسەی دادگاییکردنی ئەم دۆسیەیە بەڕێوەدەبات جێگەی گومانە و نازانین چۆن پەیوەندییەکیان لەگەڵ بەختیار چۆلاکدا هەیە، پێویستە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێ و سەرۆکی دادگا بەشێوەیەکی روون ئاراستەی وتەکانی سکاڵاکاران و گەواهیدەران دەدات و بەلارێیان دەبات".

سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لەگەڵ ژمارەیەکی زیندانی سیاسی دیکەدا لە هۆڵی دانیشتنەکە ئامادەبوون و چەند زیندانییەکی دیکەش بە رێگەی سیستەمی دەنگ و رەنگ بەشداری دانیشتنەکەیان کرد. 

22ەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئەنقەرە بەردەوامە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 29ی ئاداری 2022 بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە پارێزەرانی دۆسیەکە و ژمارەیەک لە سیاسەتڤانە گیراوەکان لە زیندانی سینجانی ئەنقەرە دانیشتنی دادگا دەستیپێكرد.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، داوای لە دەستەی دادوەرانی دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ کرد، "شکۆ"ی خۆیان بپارێزن و لە دۆسیەکە بکشێنەوە و بە دادوەرانی دۆسیەکەی وت: "ئێوە ناتوانن پرۆسەی دادگاییکردنمان بەڕێوەببەن. 

سەرۆکی دادگا داوای لە دەمیرتاش کرد رێز لە دادگا بگرێ، بە دەمیرتاشی وت: "نیگەران مەبە، سەرجەم ئەو راپۆرتانەت بۆ رەوانە دەکەم کە لەبارەی بەختیار چۆلاک سەرۆکی پێشووی دەستەی دادوەرانی دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ ئامادەکراون". لە بەرامبەردا دەمیرتاش وتی، "نیگەران نیم، بەڵام بیسەلمێنن کە درۆ ناکەن". 

بەختیار چۆلاک لە سەرەتای دەستپێکردنی دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێدا سەرۆکی دەستەی دادوەرانی دۆسیەکە بوو و واژۆی لەسەر سکاڵانامەی دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ کرد.

لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ کە تاوەکو ئێستا بەردەوامە، بە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپەوە 108 ئەندام و بەرپرسی هەدەپە دادگایی دەکرێن و 22 کەسیان ئێستا لە زیندانن.

حکومەتی تورکیا رۆژی 4ی کانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆسەر هەدەپە دەستپێکرد و هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەرلەمانتاری ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بە بڕیاری دادگا خرانە زیندانەوە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار