بافڵ تاڵه‌بانی داوا دەكات بە رێز و شكۆوە مامەڵە لەگەڵ خاخەنشینان بكرێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی رایگه‌یاند:" بەهیچ شێوەیەک دووبارەبوونەوەی حاڵەتی گیان له‌ ده‌ستدانی خانه‌نشینان له‌ سه‌ره‌ی وه‌رگرتنی مووچه‌دا قبوڵ ناکەن، داواشی كرد بەو ئەوپەڕی رێز و شکۆمەندییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێت".

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی، تیایدا هاتووه‌: "دوای بیستنی هەواڵی دڵتەزێنی گیانلەدەستدانی خانەنشینێکی تر لە سلێمانی لە کاتی نۆرەگرتن بۆ مووچە، بافڵ تاڵەبانی بانگهێشتی عەبدولرەحمان ساڵح رەشید، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی کرد بۆ بەغدا و بەدواداچوونیکرد بۆ بەردەوامی و دووبارەبوونەوەی ئەم کێشەیە".

بافڵ تاڵه‌بانی رایگەیاند: خانەنشینان رێزلێگیراوترین تاکی کۆمەڵگەن و زۆرینەی تەمەنیان لە خزمەتکردنی کوردستان و خەڵکەکەیدا بەسەربردووە، بۆیە دەبێت مامەڵەیەکی جیاواز و تایبەتیان لەگەڵ بکرێت.

بافڵ تاڵەبانی هۆشداریشی دایە بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی و وتی: "بەهیچ شێوەیەک دووبارەبوونەوەی حاڵەتی لەم شێوەیە قبوڵ ناکەین و ئەرکی ئێوەیە لە بەرزترین ئاستدا مامەڵەی خانەنشینان رایی بکەن و بە ئەوپەڕی رێز و شکۆمەندییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێت".

هاوسه‌رۆكی یه‌كێی وتیشی: "ئەگەر حکومەت ناتوانێت ئەم دیاردە ناشارستانییە چارەسەر بکات، ئەوا پێویستە بە ئاشكرا رایبگەیەنێت، چونکە لەمەودوا نەک لە سلێمانی بەڵکو لە هیچ شارێکی تر دووبارەبوونەوەی ئەم حاڵەتە قبوڵ ناکەین".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: "ناکرێت سەرباری دواکەوتن و پێنەدانی مووچەکانیان بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ خانەنشینان بکرێت و دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆیی شایستە داراییەکانی خۆیان پێبدرێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار