شارەزایانی نێودەوڵەتی: میکانیزمی بەڕێوەبردنی پیشەسازیی نەوت لە هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور بووە
.jpg)
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی وۆرکشۆپێکیان رێکخست و وەک لە راگەیێندراوی وەزارەتەکەدا هاتووە: "تایبەتمەندی و کارکردن لەو گرێبەستانەی هەرێمی کوردستان ئەنجامی داون، گفتوگۆیان لەبارەوە كرا."
رۆژی 15ـی شوباتی 2022، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری نادەستووریبوونی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی دەرکرد، بەپاساوی ئەوەی پێچەوانەی ناوەڕۆکی ماددەکانی 130،121،115،112،111،110ـی دەستووری ساڵی 2005ـی عێراقە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی ئاداری 2022، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراق وۆرکشۆپێکیان لەگەڵ ژمارەیەک لە "شارەزایانی نێودەوڵەتی"ـی بوارەکە رێكخست، وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەبارەی "میکانیزمی بەڕێوەبردنی پیشەسازیی نەوت لە هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور." بووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات: "لە وۆرکشۆپەکەدا شێواز و بنەماکانی کارکردن لەو گرێبەستانەی هەرێمی کوردستان ئەنجامی داون، گفتوگۆیان لەبارەوە كرا."
هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی دامەزراوە باڵاکانی لە رۆژانی یەکەمی دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی رەتکردەوە و بە بارگاوی بە سیاسەت و دۆخی سیاسیی عێراقیان هەژماری کرد.
وەزارەتی نەوتی عێراق باس لەوە دەکات، وۆرکشۆپەکە بە بەشداری ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، بریکارەکان، بەڕێوەبەرە گشتییەکان، کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی و ئەو لیژنانە بەڕێوەچووە و دەشڵیت، وەزارەتی نەوتی عێراق لیژنەیەكی تایبەتمەندی پێكهێناوە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق.
رۆژی 28ـی شوباتی 2022، به سهرپهرشتيى نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان ههر چوار سهرۆكايهتییەکە له سهرۆكايهتيى ههرێمى كوردستان كۆبوونهوه؛ لە راگەیێندراوێکیشدا وتیان، "بڕيارەکەى دادگای فيدراڵیی عێراق پێچهوانهى دهق و گيان و بنهما راستهقينهكانى سيستمى فيدراڵييه و پێشێلكردنێكى زهق و ئاشكراى ماف و دهسهڵاته دهستوورييهكانى ههرێمى كوردستانه."
