موقتەدا سەدر 40 رۆژ مۆڵەت دەداتە چوارچێوەى هاوئاهەنگى

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
رێبەری رەوتی سەدر ماوەى 40 رۆژ مۆڵەت دەداتە چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێ بێ بەشداریى رەوتەکەى و دەڵێت: "داوا لە برایانم لە رەوتی سەدر دەکەم دەست لەو پرسە وەرنەدەن؛ نە بە چاک و نە بە خراپ".
رۆژی پێنجشەممە 31ى ئادارى 2022، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتى سەدر لە تویتێکدا رایگەیاند، توانیویانە ببنە براوەى هەڵبژاردن و گەورەترین فراکسیۆنی شیعە و ئەوەشیان پێبڕاوە کە گەورەترین فراکسیۆن پێکبهێنن و کەسێک كاندید بکەن بۆ پۆستى سەرۆک وەزیران کە بەلاى هەمووانەوە پەسندکراوە.
موقتەدا سەدر دەڵێت: "پێکهێنانى هاوپەیمانێتییەکانمان هەندێکى بێزار کردووە کە ئاستەنگ دروستدەکەن و ئێستاش لە دروستکردنى بەربەست بەردەوامن".
رێبەری رەوتی سەدر نووسیویەتی: "بۆ ئەوەى عێراق بێ حکومەت نەمێنێتەوە و دۆخى ئەمنى و ئابووری و خزمەتگوزاری خراپ نەبێت، لێرەوە دەرفەت دەدەمە سێیەکى پەکخەر بۆ ئەوەى دانوستاندن لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکان بکەن بێ جیاوازى بۆ پێکهێنانى حکومەتى زۆرینەى نیشتیمانى، بێ فراکسیۆنی سەدر لە یەکى مانگى رەمەزان تاوەکو نۆى مانگى شەوالى داهاتوو".
26 و 30 ى ئادار پەرلەمانى عێراق نەیتوانى سەرۆکۆمارى نوێ هەڵبژێرێت لەنێو 41 كاندید دا بەهۆى بایکۆتکردنى کۆبوونەوەکە لەلایەن هاوپەیمانی چوارچێوەى هاوئاهەنگى و چەند فراکسیۆنێکى دیکەوە، کە زیاتر لە سێیەکى تێکڕاى ژمارەى ئەندامانى پەرلەمان پێکدەهێنن.
موقتەدا سەدر کە فراکسیۆنەکەى خاوەنى 73 ئەندامى پەرلەمانى عێراقە، داواى لە پەرلەمانتارانى رەوتەکەى کردووە دەست لەو پرسە وەرنەدەن "نە بە چاکە و نە بە خراپە".
