پارێزگاری سلێمانی: بودجەی فریاکەوتنمان وەکو پێویست خەرج ناکرێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

پارێزگاری سلێمانی دەڵێت:" دڵنیاتان دەکەمەوە کە لە ساڵی 1991ـەوە دۆخی خراپی وەکو ئەمشێوەیە نەبووە، دۆخی دەستبردن بۆ داهاتی گشتیی وەکو ئەم دۆخەی ئێستا نەبووە، هیچ کەس زاتی ئەوەی نەکردووە وەک ئێستا دەست بۆ داهاتی گشتیی ببات". دەڵێت:" بودجەی فریاکەوتنمان وەکو پێویست خەرج ناکرێت. ئەو داهاتەی دەیگەڕێنینەوە بەشێکی خەرج ناکرێتەوە بۆمان بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتگوزارییەکانی پێ بەردەوام بکەین، بۆیە ئێمە ئەم قسانەمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان کردووە و بەڵێنیان پێداوین لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەم بابەتە بەشێوەیەکی ریشەیی چارەسەر بکەن".

رۆژی دووشەممە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" بە گوێرەی دەستووری عێراق، داهات و خەرجییەکان پەیوەندییان بە ئیدارە خۆجییەکانەوە نییە، لە هەرێمی کوردستانیش داهات و خەرجی دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و بە رێنوێنی ئەنجوومەنی وەزیرانیش خەرج دەکرێت.

پارێزگاری سلێمانی سەبارەت بە نەبوونی پارە لە بانکەکانی سلێمانیدا وتی، "بڕی پارە لە بانکەکان و سیولە، پەیوەندی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بە ئیدارەی خۆجێییەوە نییە، بەپێچەوانەوە ئێمە قوربانییەکی گەورەی ئەوەین کە بودجەی بەکاربردنیشمان وەکو پێویست بۆ خەرج ناکرێت. بودجەی فریاکەوتنمان وەکو پێویست خەرج ناکرێت. ئەو داهاتەی دەیگەڕێنینەوە بەشێکی خەرج ناکرێتەوە بۆمان بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتگوزارییەکانی پێ بەردەوام بکەین، بۆیە ئێمە ئەم قسانەمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان کردووە و بەڵێنیان پێداوین لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەم بابەتە بەشێوەیەکی ریشەیی چارەسەر بکەن." 

پارێزگاری سلێمانی باس لەوەش دەکات، نابێت پەیوەندی خراپی لایەنە سیاسییەکان کاریگەری بکاتە سەر خزمەتگوزارییەکان و مووچە و ژیانی خەڵک.

هەڤاڵ ئەبوبەکر وتیشی، "دڵنیاتان دەکەمەوە کە لە ساڵی 1991ـەوە دۆخی خراپی وەکو ئەمشێوەیە نەبووە، دۆخی دەستبردن بۆ داهاتی گشتیی وەکو ئەم دۆخەی ئێستا نەبووە، هیچ کەس زاتی ئەوەی نەکردووە وەک ئێستا دەست بۆ داهاتی گشتیی ببات." 

ئاماژە بەوەش دەکات، رێکخراوەکان و هاونیشتمانیان، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هێندەی توانای دارایی خۆیان لە ساڵانی رابردوودا هاوکاریان بوون. دەشڵێت، "ئێستا نرخی نەوت بەرزبووەتەوە، حکومەت توانای ناردنە دەرەوەی غازی هەیە، 12 دەروازەی ئێران و عێراق هەن کە شەش دانەیان لە سلێمانین، جگە لە فڕۆکەخانە و دەروازەی تیلەکۆ کە بڕیارە بەم نزیکانە بکرێتەوە، جگە لە 50 خاڵی ئاڵوگۆڕی بازرگانی کە هەمانە، هەموو ناوەڕاست و باشووری عێراق بۆ زۆرینەی کەرەستەکان پشت بە ئێمە دەبەستێت، بۆیە بە راستی ناکرێت ئێمە دۆخی داراییمان خراپ بێت." 

پارێزگاری سلێمانی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەوان هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ چارەسەکردنی گرفتەکان بەگشتیی و لەنێویاندا  گرفتی دەرمان و نەخۆشخانەکان.

سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان، چەند مانگێکە رووبەڕووی چەندین کێشە بوونەتەوە، لەوانە کەمیی دەرمان، بایکۆتکردنی کرێکارانی پاککەرەوە و دواکەوتنی مووچە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار