شێخ جەعفەر مستەفا: رێككەوتنی لایەنە ساسییەكانی عێراق گرنگە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەولێر لەگەڵ شێخ جەعفەر مستەفا، جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە هەردوولا جەختیان لە گرنگی رێككەوتنی لایەنە سیاسیەكانی عێراق كردووە بۆ  تێپەڕاندنی ئەو دۆخە چەقبەستووەی لەبەردەم پڕۆسەی سیاسیی عیراقدا هەیە.

 سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا راگەیاندراوێكی بڵاوكردۆتەوە و رایگەیاند:" ئەمڕۆ دووشەممە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لەهاکان کاراچای، کۆنسولی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کرد. لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عيراق و پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا لە سەروبەندی پێکهێنانی كابینەی نوێی حکومەتی عێراق، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و برەودان بە پەیوەندییەکان، تاوتوێ کران".

لە بەشێکی دیکەی راگەیێنراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە:" جێگری سەرۆک، لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان و تێپەڕاندنی ئەو دۆخە چەقبەستووەی لەبەردەم پڕۆسەی سیاسیی عیراقدا هەیە، جەختی لە گرنگی و رێككەوتنی لایەنە ساسییەكانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ کردەوە".

ئاماژەشکراوە کۆنسولی گشتی تورکیا جەختی لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپاتكردووەتەوە و باسی لە گرنگیی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی عیراق بۆ ناوچەکە كردووە و لەمبارەیەوە جەختی لە هاوئاهەنگی لەپێناو بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا كردووەتەوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار