حەلبووسی: بەبێ واژۆی من هیچ فەرمانێکی پەرلەمانی دەرناکرێت و ئەو دەسەڵاتە بەهیچ کەسێکی دیکە نادرێت

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگهیاند:" بەبێ واژۆی سەرۆکی پەرلەمان هیچ فەرمانێکی پەرلەمانی و رێکارێک ناگیرێتەبەر، جگە لە سەرۆکی پەرلەمان، هیچ کەسێک ئەو دەسەڵاتەی نییە".
ئەمڕۆ دووشەممە، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی پەرلەمانتاران کردووە، ئاماژەی بەوەکردووە پاڵپشت بە ماددەکانی 48 و 53ی یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2018ی یاسای پەرلەمانی عێراق، بەبێ واژۆی سەرۆکی پەرلەمان هیچ فەرمانێکی پەرلەمانیی دەرناکرێت و ئەو دەسەڵاتە بەهیچ کەسێکی دیکە نادرێت.
هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نووسراوێکی دیکەی ئاراستەی ئەمینداری گشتیی پەرلەمان و سەرجەم فەرمانگە و پێکهاتەکانی پەرلەمان کردووە تێیدا دووپاتیکردووەتەوە لەسەر ناوەڕۆکی گشتاندنەکەی ئەمینداری گشتی پەرلەمان، کە لە رۆژی 27/3/2022 ئاراستەی سەرجەم فەرمانگە و پێکهاتەکانی پەرلەمانی کردووە.
هەروەها حەلبووسی لە نووسراوەکەدا دەڵێت، بەبێ واژۆی سەرۆکی پەرلەمان، بەهیچ شێوەیەک، هیچ رێکارێکی لێکۆڵینەوە، یاخود سزای هیچ فەرمانبەرێکی پەرلەمان نادرێت.
ئەو نووسراوەی حەلبووسی لە کاتێکدایە، لەسەر دەستەواژەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ناکۆکی کەوتووەتە نێوان ئەو و حاکم زاملی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق. حەلبووسی دەڵێت، دەستەواژەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە و بەهیچ شێوەیەک مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت. زاملیش پێداگیرە لەسەر ئەوەی بەشێکە لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان. پەرلەمانتارێکی سوننەکان دەڵێت، ئەمە هەڕەشە بۆ سەر هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان دروستدەکات .
