25 پەرلەمانتار داوا دەكەن لێکۆڵینەوە لە بنکەی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان بکرێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

25 پەرلەمانتار ی پەرلەمانی عێراق داوای لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر و بوونی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل "مۆساد" دەكەن.

بەپێی ئەو نووسراوەی ئەو 25 پەرلەمانتارە واژۆیان کردووە و رۆژی 24ی ئاداری 2022 بە نووسراوی فالح خەزعەلی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح کە بەشێکە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەرچووە هاتووە: بەپشت بەستن بە بڕگەی دوو لە ماددەی 61ی دەستوور و بڕگەی شەشی ماددەی 27ی یاسای ئەنجوومەنی نوێنەران و دامەزراوەکانی ژمارە 13ی ساڵی 2018 و ماددەی 82 لە پەیڕەوی نێوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئێمە ئەو ژمارەیە لە پەرلەمانتاران داوای رەزامەندی دەربڕین دەکەین لەسەر پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی کە ئەم ئەرکانەی هەبێت:

1-لێکۆڵینەوە لە ژمارەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق و ژمارەی هێزە سەربازییەکان و راوێژکاران و ئەرکەکانیان لەنێویاندا بنکەی هەریر لە هەرێمی کوردستان.

2- لێکۆڵینەوە لە ژمارەی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لەعێراق لە مووسڵ و لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت دوای دانانی پێنج بنکەی سەربازی و 37 خاڵی سەربازی لەنێو خاکی عێراق لە هەرێمی کوردستان و هەروەها لێکۆڵینەوە لە بۆردومانی بەردەوامی بێ پاساوی تورکیا لە هەرێمی کوردستان.

3-لێکۆڵینەوە لە هێرشە مووشەکییەکەی ئەمدوانییەی ئێران بۆ سەر پێگەیەک بۆچوون وایە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان چالاکی مۆسادی ئیسرائیلی تێدا بێت، لەگەڵ دانپێدانانی کیانی زایۆنی بە بوونیان لەهەرێمی کوردستان و ئەوان بەمدواییانە  کراونەتە ئامانج.

رۆژی 13ی ئاداری 2022 ئێران رایگەیاند بە 12 مووشەک پێگەیەکی مۆسادی ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج، لە هێرشەکەی 13ی ئاداردا بۆ سەر هەولێر، ماڵی شێخ باز بەرزنجی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کار گرووپ، بە مووشەکی بالیستی کرایە ئامانج. دواتر سوپاى پاسداران بەرپرسیارێتیى لەو ھێرشە راگەیاند. 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار