رێگریکردن لەجێبەجیکردنی ماددەی ١٤٠ بەردەوامە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بۆ رێگریکردن لەجێبەجیکردنی ماددەی ١٤٠ لایەنە دەستڕۆیشتووەکانی دژ بەکورد بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان پرۆژەی جۆراجۆری وەک هەرێمی سوننە، فیدراڵی پارێزگا بۆ کەرکوک، دروستکردنی هەرێمی تورکمانی و هێشتنەوەی دۆخی تەعریب و ئاسایی نەکردنەوەی دۆخی دیمۆگرافیا دەخەنە بەرنامەی کارو پڕوپاگەندەی میدیایی و گوشاری دیپلۆماسی و سەربازی و دانوستانەکانەوە.
یەکلایی نەکردنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان لە باشووری کوردستان و جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠، کە رووبەری ئەو ناوچانە بەئەندازەی خاکی هەرێم دەبن و قوڵایی ستراتیژی و هێڵی تەماسی نێوان کوردو عەرەبن و سەرچاوەی گرنگی وزەیان تیادایە، لەچوارچێوەی ئەو سیاسەت و پرۆژانەدایە.
بۆ ئەوەی داگیرکەرانی کوردستان و هێزە ناوچەیەکان بتوانن دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا زیاتر بکەن پێویستیان بەوە هەیە هێزو گروپە کاریگەرو ناوچە جۆگرافیە گرنگ و ستراتیژییەکان و سەرچاوەکانی وزە بەشێوەی جۆراوجۆر کۆنترۆڵ بکەن.
دەوڵەتە داگیرکەرەکان و هێزە جیهانییەکان کێشەی کورد بەیەک پاکێج و یەک خاک و یەک نەتەوە و یەک کێشە سەیر دەکەن. بۆ ئەوەش کاتێک ئەوان دەڵێن، کێشەی کورد مەبەستیان سەرتاسەری کوردستان و هەموو کوردە. بۆیە کار بۆ ئەوە دەکەن کورد خۆی بەیەک نەتەوە و یەک خاک و یەک چارەنووس نەزانێت تاوەکو لە دیزاینکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رێگری لەدروستبوونی هێزی کوردو کیانی کورد بکەن. بۆ ئەوەش دەبێت دووبارە کوردستان پارچە پارچە بکەنەوە. ناوچەکان لە یەکتر داببڕن و پێکهاتە ئایینی و زمانییەکان بکەن بە گژی یەکدا.
