بافڵ تاڵەبانی: بە ئومێدەوە بۆ داهاتوو دەڕوانین
"ئەوكاتەی ئیبراهیم ئەحمەد سكرتێری پارتی بوو، خەباتی سیاسی گۆڕانكاری بەسەردا هات"

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەپەیامێكدا رایگەیان:" ئەوكاتەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، خەباتی سیاسی گۆڕانكاری و نوێگەری بەسەردا هات".
ئەمڕۆ هەینی، بەبۆنەی تێپەڕبونی 22ساڵ بەسەر كۆچی دوایی ئیبراهیم ئەحمەد بافڵ جەلال تاڵەبانی، پەیامێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتوە، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد یەكێك بوو لە سیمبولەكانی سیاسەت، رێبەری خەبات و تێكۆشان لە سەدەی رابردوودا و بەو بیرە نەتەوەییەوە كە هەیبوو، هەموو ژیانی بۆ خەبات دژی زوڵم و ستەم تەرخانكرد، ئەمەش نەك هەر لە كاری سیاسیدا، بەڵكو لە بەرهەمە ئەدەبی و رۆژنامەوانییەكانیدا بە ئاشكرا دیارە.
هەروەها لەبەشێكی دیكەی پەیامەكەدا ئاماژە بەوە دەكات، هەمیشە بڕوای بەوە هەبوە كە سەركەوتنی كورد پەیوەستە بە یەكگرتویی و یەكڕیزی ناوماڵی كوردەوە، بۆ ئەمەش هەوڵی زۆری داوە و مێژوو شاهیدی دڵسۆزی و خەمخۆری بۆ مامۆستا ئیبراهیم دەدات بەرامبەر سەربەرزی و سەرفرازی خەڵكی كوردستان.
هاوكات بافڵ تاڵەبانی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە ئەوكاتەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، خەباتی سیاسی گۆڕانكاری و نوێگەری بەسەردا هات و بناغەیەكی نوێی بۆ خەبات و كاری سیاسی دانا. ئەمەش كاریگەرییەكی بەرچاوی هەبوو لە سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و شێوازی كاركردنیدا، ئەوانەی رابردو لەیاد ناكەن و مێژو وەك خۆی دەگێڕنەوە، ئەم راستییە باش دەزانن".
لەكۆتایی پەیامەكەیشیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەوە رووندەكاتەوە كە بە سود وەرگرتن لەو میراتە سیاسی و رۆشنبیرییەی مامۆستا بۆیانی جێهێشتوە درێژە بە خەبات دەدەن و دەشڵێت:" بە ئومێدەوە بۆ داهاتوو دەڕوانین، ئەمەش ئەرك و بەرپرسارێتی ئێمەیە بەرامبەر نەتەوەكەمان".
