دەمیرتاش لەبەردەم دادگای توركیا باسی قەندیل و ئیمرالی دەكات

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
هاوسەرۆكی پێشووتری پارتی دیموكراتی گەلان لەبەردەم دادگای سزا قورسەكانی ئەنقەرە باس لە قەندیل و ئیمراڵی دەكات و دەشڵێت:" لە كاتی رووداوەكانی كۆبانێ قەندیل و ئیمراڵی بەبەرپرسیارانە هەوڵی چارەسەریان دەدا".

دوێنێ پێنجشەممە 7ی نیسانی 2022، دادگای سزا قورسەكانی ئەنقەرە بەڕێوەچوو، دەمیرتاش وەڵامی گوتەی گەواهیدەرێكی دایەوە كە تۆمەتباركردبوو بە "هەڵسووڕان بە فەرمانی قەندیل." 

 سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووتری هەدەپە لە یازدەمین دانیشتنی دادگا  لە بارەی دۆسیەی رووداوەكانی كۆبانێ رایگەیاند:"دەبێت دەستەی دادوەرانی دادگا ئەوە بزانن كە ئێمە فەرمانمان لە كەس وەرنەگرتووە".

دەمیرتاش راشیگەیاند: "قەندیل لەو قۆناغەدا ئامادەباشی دەكرد بۆ ئەوەی چەك دابنێت، هەڵوێستی قەندیلیش لە پرسی كۆبانێ دا، بەبەرپرسیارییەوە چارەسەركردنی دۆخەكە بوو. هەوڵی ئیمراڵی و حكومەتی توركیاش بەو ئاراستەیە بوو".

هاوكات دەمیرتاش ئەوەی دووپاتكردەوە كە لە وتارەكانیاندا هۆشدارییان دەدایە قەندیل و حكومەت و كەس پێشبینی سەرهەڵدانی ئەو رووداوانەی نەدەكرد. هەرچەندە لەو قۆناغەدا لە رووی سیاسییەوە سەركۆنەی ئاكپارتییان دەكرد و داوایان لە خەڵك دەكرد بڕژێنە سەر شەقام، لە نێو كۆبوونەوەكانی پارتەكەیاندا گفتوگۆیان لەسەر ئەوە دەكرد ئاخۆ ئەو دۆخە شكست بە قۆناخی چارەسەر دەهێنێ یان نا.

 دەمیرتاش ئەوەشی خستەروو كە "كاتێك ئێمە داوامان لەخەڵك دەكرد بڕژێنە سەر شەقام، سەرۆكوەزیر، سەرۆككۆمار، وەزیری ناوخۆ، راوێژكار میت و سەرۆكی پارتە سیاسییەكان، لەبەرامبەر داواكارییەكانی ئێمە هیچ وەڵامدانەوەیەكی راستەوخۆیان نەبوو، هەوڵێكی تێكدەرانە خۆپیشاندانە جەماوەرییەكانیان بەلارێدا برد". 

رووداوەكانی كۆبانێ لە رۆژانی 6-8ی تشرینی یەكەمی 2014 روویاندا. دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014دا هێرشیكردە سەر كۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەك لە پارتە كوردییەكانی دیكەی باكووری كوردستان داوایان لە حكومەتی ئەو كاتەی توركیا كرد رێگە بە ناردنی چەك و هاوكاری دیكەی سەربازیی لە توركیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە رەتیكردەوە. 
 لە چەند شارێكی باكووری كوردستان خۆپیشاندان دەستیپێكرد، گرژییەكان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 مەدەنی و پۆلیس كوژران و 682 كەس لە خۆپیشاندەران و پۆلیس برینداربوونو بەو هۆیەوە 323 كەس دەستگیركران.
 
حكومەتی توركیا رۆژی 4ی كانوونی دووەمی 2016 ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێكرد و هاوسەرۆكان و ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتاری ئەو پارتە دەستبەسەركران و دواتر بەبڕیاری دادگا خرانە زیندانەوە. 
لە دۆسیەی رووداوەكانی كۆبانێ بە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكانی پێشووتری هەدەپەوە 108 ئەندام و بەرپرسی هەدەپە تێیدا دادگایی دەكرێن و 22 كەسیان ئێستا لە زینداندان. 
 دەیان جارە یەكێتی ئەوروپا داوای دەستبەجێ ئازاكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە بەرپرسانی باڵای توركیا دەكات، بەڵام تا ئێستا رەتیانكردووەتەوە.
  

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار