سەرۆکی ئۆکرانیا: وڵاتەکەم پابەندە بە بەرقەرارکردنی ئاشتی و وەستاندنی جەنگ

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند:"ئەگەر وڵاتەکەی ئەندامی ناتۆ بووایە، ئەم جەنگە هەرگیز رووینەدەدا؛ ئەوەش بەوتەی خۆی لەبەر ئەوەی لەگەڵ وڵاتە دراوسێکانی دەستیان دەدایە دەستی یەکدی و پشتی یەکدییان دەگرت". ئاشكراشی كردووە وڵاتەکەی پابەندە بە بەرقەرارکردنی ئاشتی و وەستاندنی جەنگەوە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە هەڤپەیڤینێکدا دەڵێت، سەرەڕای هەموو ئەو شەڕ و پێکدادانەی لە شەش هەفتەی رابردوودا روویداوە، حکومەتی وڵاتەکەی هێشتا ئامادەیە بۆ ئەوەی پێشوازی لە ئاشتی بکات.
سەرۆکی ئۆکرانیا ئامادەیی خۆی بۆ وەستاندنی شەڕ نیشاندا و گوتی: "هەموو جەنگێک دەبێت بە ئاشتی کۆتایی بێت یان ئەوەتا ملیۆنان قوربانی لێدەکەوێتەوە.... راستە، دەبێت بجەنگین، بەڵام بۆ ژیان دەجەنگین. ناتوانیت بۆ خۆڵ شەڕ بکەیت ئەگەر هیچ شتێکت نەبێت و هیچ خەڵکێکیشت نەبێت. بۆیە گرنگە ئەم جەنگە بوەستێنین"
زیلینسکی وتیشی: "لە ڕووی هەست و سۆزەوە شتێکی قورسە. لە رووی ویستیشەوە شتێکی قورسە. کەس نایەوێت دانوستاندن لەگەڵ کەسێک یان خەڵکانێک بکات کە نەتەوەکەی ئازار دەدات. لە هەموو ئەمە تێدەگەین. من وەک پیاوێک، وەکو باوکێک زۆر بەباشی لەمە تێدەگەم. نابێت بدۆڕێین. ئەمە هەر هیوایەک نییە، ئەگەر دەرفەتێکی دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە هەبێت؛ نامانەوێت لەدەستی بدەین".
زیلینسکی لە بەشێکی هەڤپەیڤینەکەدا، ئاماژەی بە بڕی پێدانی چەک لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواوە کرد و وتی، ئەو چەک و تەقەمەنییەی کە پێیان دەدرێت بەس نییە بۆ ئەوەی ئاراستەی جەنگ بگۆڕن؛ رەخنەشی لەو وڵاتانە گرت کە بە وتەی خۆی لە کاتێکی زوودا ئەو چەک و تەقەمەنییەی وڵاتەکەی پێویستی پێ بووە، پێی نەدراوە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، سلۆڤاکیای دراوسێی، کە ئەندامێکی یەکێتیی ئەوروپایە، سیستمی ئێس 300ـی بەرگریی دایە ئۆکراینا، ئەوەش لەدوای داواییەکی زیلینسکی هات کە داوایکرد ئاسمانی وڵاتەکەی لە بەردەم فڕۆکە و مووشەکی روسیاوە دابخەن.
هەر لە چەند رۆژی رابردوودا سەرکردەی وڵاتانی ئەوروپا بۆ پیشاندانی پاڵپشتیی وڵاتەکانیان، لەنێویدا بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ئورسولا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا و جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا سەردانی کیێڤیان کرد.
زیلینسکی لەبارەی پاڵپشتی وڵاتان، وتی: "من لە ژمارەیەک سەرکردەی وڵاتان پاڵپشتیی تەواو بەدیدەکەم. دەبینم و ئەمەش راستەقینەیە. ژمارەیەک وڵاتانی ئەوروپیش هەڵوێستی خۆیانیان گۆڕی، بەڵام باجی ئەم گۆڕانە دەبینیت".
زیلینسکی لەبارەی ماریوپۆلەوە وتی، ئێستا بووەتە ناوەندی جەنگ و دەڵێت، ئەگەر ئەوێ لاواز بێت ئۆکرانیا هەمووی لاواز دەبێت.
زیلینسکی دەڵێت ئەگەر وڵاتەکەی ئەندامی ناتۆ بووایە، ئەم جەنگە هەرگیز رووینەدەدا؛ ئەوەش بەوتەی خۆی لەبەر ئەوەی لەگەڵ وڵاتە دراوسێکانی دەستیان دەدایە دەستی یەکدی و پشتی یەکدییان دەگرت.
