دامەزراندن بۆ دەرچووی زانكۆ راگەیەندرا

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "با دەرچووانی بەشی ژینگە لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان سیڤی پێشکەشی فەرمانگەی ژینگەی شارەکەیان بکەن".

سەرۆکی دەستەی ژینگە وتی: "دەرچووەکە دوای هەڵسەنگاندنی سیڤییەکە بانگ دەکرێت و چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەکرێت؛ هەڵبەت ئەوانەی دەرچووی بەشی ژینگەن، زۆربەیان ئەگەر هەلی کاریان دەستکەوتبێت داوای دامەزراندن ناکەن".

عەبدولڕەحمان سدیق ئاماژە بەوە دەدات کە دەستەکەیان رەزامەندی لەسەر ژمارەیەکی زۆری پڕۆژە داوە و دەرچووانی بەشی ژینگە بەراورد بەو پڕۆژانە ژمارەیان یەکجار کەمە و دەڵێ: "لە ساڵی 2011 تا ئەمڕۆ 807 کەس لە هەرێمی کوردستان بەشی ژینگەیان تەواو کردووە، لەکاتێکدا ئەو پڕۆژانەی ئێمە رەزامەندیمان لەسەرداون، زۆر زیاترن لەو ژمارەیە".

سەرۆکی دەستەی ژینگە گوتی، ئەوان سەردانی زۆربەی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و ئەو زانکۆیانەی بەشی ژینگەیان داخستووە، داوایان لێکردوون "بەشەکە بکەنەوە لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان پێویستی بە دەرچووانی ئەو بەشەیە".

عەبدولڕەحمان سدیق رایگەیاند: "ئەوانەی ئارەزوومەندن بۆ دەستکەوتنی هەلی کار لە فەرمانگەکانی ژینگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بە دڵنیاییەوە کاریان دەستیان دەکەوێت".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار