ناوەڕۆكی كۆبونەوەی وەفدی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكرا دەكرێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وه‌زیرى نه‌وتى عێراق ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌کەیان له‌گه‌ڵ شاندى هه‌رێم ئاشكراده‌كات و دەڵێت، "بە شاندی هەرێم یان وتووە، كۆمپانیایه‌كى نه‌وتى نوێ له‌ هه‌ولێر دروستبكرێت كه‌ سه‌رجه‌م فایلى نه‌وتى هه‌رێم بگرێته‌ ده‌ست".

وه‌زیرى نه‌وتى عێراق له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆیان له‌گه‌ڵ شاندى هه‌رێم رایگه‌یاندووە، "به‌ شاندى هه‌رێممان وت، كه‌ پێویسته‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ سه‌رجه‌م گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كاندا بكرێت و كۆمپانیایه‌كى نه‌وتى نوێ له‌ هه‌ولێر دروستبكرێت كه‌ سه‌رجه‌م فایلى نه‌وتى هه‌رێم بگرێته‌ ده‌ست".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەبێت هەموو ئەو لایەنانەی كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم گرێبەستی لەگەڵدا كردوون، حەواڵەی لای كۆمپانیایەكی نەوتیی بكرێن كە بۆ ئەم مەبەستە‌ و بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دروستدەكرێت‌ و بارەگای كۆمپانیاكە لە هەولێر دەبێت‌ و لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە خاوەندارێتی كۆمپانیاكە دەكرێت‌ و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی سەرجەم چالاكییە نەوتییەكانی پێدەسپێردرێت، دەسەڵات‌ و پێوەرەكانی كاركردنی كۆمپانیاكە لەلایەن كۆمپانیای نیشتمانی نەوت‌و وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە ئامادە دەكرێت". 

وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە ئەوەشی وتووە، "حساب بانكییەك لە یەكێك لە بانكە جیهانییەكان دروست دەكرێت‌ و سەرجەم داهاتەكانی فرۆشتن‌ و هەناردەی نەوت خاوی هەرێم دەخرێتە ئەو بانكەوە، وەزارەتی دارایی خاوەندارێتی حساب بانكییەكە دەكات‌ و داهاتەكانی نەوتی هەرێم بەكاردەهێنرێت بۆ زامنكردنی بودجەی هەرێم لە حاڵێكدا ئەگەر ناردنی پارەكە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دواكەوت".

وەزیری نەوتی عێراق ستایشی تێگەیشتنی ئەندامانی وەفدی هەرێمی كرد بۆ ئەو بابەتانەی كە لە كۆبونەوەكەدا باسكراون، وتی، "وەفدی هەرێم جارێكی تر دەگەڕێنەوە بەمەبەستی دەستپێكردنی گەڕێكی تری گفتوگۆ". 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار