زیندانییانی بادینان وەسیەتنامەی خۆیان رادەستی بنەماڵەکانیان دەكەن
(24).jpg)
3 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
پێنج لە زیندانییانی بادینان کە ماوەیەکە مانیان گرتووە وەسیەتنامەی خۆیان رادەستی بنەماڵەکانیان کردووە و رایانگەیاندووە، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، تا مردن بەردەوام دەبن لە مانگرتن.
لەوبارەوە ئەیهان سەعید، نوێنەری زیندانیانی بادینان بەهاوڵاتی وت:" ئەو پێنج زیندانییەی شێلادزێ کە لە زیندانی ئاسایشی هەولێر چەندین رۆژە مانیان لە خواردن گرتووە و داوای یەکلاکردنەوەی چارەنووسیان دەکەن، دۆخی تەندروستیان خراپە و وەسیەتنامەی خۆشیان بە کەسوکاریان داوە و رایانگەیاندووە، چاوەڕێی مردنن".
روونیشیکردەوە:" سەرباری ئەوەی پێشتر ھەموو لایەنی پەیوەندیدارمان ئاگادارکردوە کە دوور لە ھەموو بنەما یاسایی و دیمۆکراسی و ئەخلاقییەکان ماوەی ساڵێک و چوار مانگە ئەو پێنج چالاکوانەی شێلادزێ لەگەڵ چەندین زیندانی دیکەی بادینان لە ئاسایشی گشتیی ھەولێر زیندانیکراون.
راشیگەیاندوە، ئەم دۆسیەیە لەسەر ماف و ڕای جیاوزە کە پرسێکی گشتیە و چەندین پێشڵکاری بەرامبەریان کراون:
یەکەم: زیندانیەکان لە لایەن ھێزە ئەمنیەکانەوە زۆر بە توندی ئەشکەنجەدراون.
دووەم: رێگەیان پێ نادەن پارێزەری خۆیان ببینن کە بەپێ (اصول محاكمات جزائية) بکۆژێکیش مافی پارێزەری ھەیە، پێویستە لە ماوەی شەش مانگدا دۆسیەکەی بچێتە دادگا.
سێیەم: لەکاتی لێکولینەوەدا گشت وتە و ئیفادەکانیان گۆڕدراون و پێیان ئیمزا کردوون کە نەیانزانیوە چی نوسراوە.
ئەو زیندانییە مانگرتووانە داوادەکەن:
یەکەم: بە زووترین کات رێگە بدەن چاویان بە پارێزەرەکانیان بکەوێت و رۆژی دادگاییکردنیان دیاری بکرێت کە بەپێ یاسا کارپێکراوەکان راگرتن و دادگایینەکردنیان نایاسایی یە. دووهم: ڕای گشتی، میدیا، داواکاری گشتی و دەسەڵاتی دادوەری، لایەنەکان، و یونامی دەستەی مافی مرۆڤ، نوێنەرانی وڵاتان لەھەرێم و رێکخروە جیھانیەکان کار بۆ دیمۆکراسی و ماف و ئازادی بکەن، چونکە ئەو چالاکوانانە لەسەر ڕای جیاواز و خۆپیشاندان و خەباتی مەدەنی سزادراون و ئەمەش مەترسیە بۆ سەر ئازادی ڕادەربرین.
لە کۆتاییشدا وتیشی: "زیندانیانی بادینان پێیان وتین ئەگەر کەیسەکەمان یەکلایی نەکرێت تا مردن لە مانگرتن بەردەوام دەبین، چونکە ئەوان بێ تاوانن و ئەگەر یاسا سەروەربێت دەستبەجێ ئازادەکرێن".
