خاوەن موەلیدەیەک زیاتر لە ساڵێک کارەبای نیشتمانی داوەتە ماڵان
.jpg)
3 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
لەزاخۆ خاوەن موەلیدەیەک بە فێڵ لە بری کارەبای مۆلیدەکەی کارەبای نیشتیمانی بەخەڵک داوە
مشیر بەشیر، قایمقامی قەزای زاخۆ بە هاوڵاتی ی وت"زیاتر لەساڵێکە کەسێک لەشاری زاخۆ 300 ئەمپێری کارەبای گشتی لە نزیک مۆەلیدەکەی خۆی دزیوە و پێشکەشی خەڵک کردوە، دوای ئاگاداربوون لسەر ئەو کەسە بەبێ دواکەوتن لیژنەکەمان لەنزیکەوە بەدواداچون بۆ پرسەکە مان کرد، دەرکەوت ئەو کەسە زیاتر لە ساڵێکە کارەبای نیشتیمانی دزیوە".
موشیر بەشیر وتیشی"ئێستا ئەو کەسە دەستگیرکراوە،چاوەریێ دادگایی کردنی دەکەین، دادوەر بریاری کۆتایی لەسەر کەیسەکە دەدات کە ئایە سزاکەی چەند دەبێت".
قایمقامی قەزای زاخۆ ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:"ماوەی ساڵێکە لیژنەیەکمان دروستکردووە رۆژانە پێداچوونەوە بە کەرتی کارەبادا دەکەن و هەموو سەرپێچییەکان دەدۆزنەوە و رایدەگرن، هەندێک کاتیش کە خاوەن مۆلیدەیەک پابەند دەبێت بە پێدانی کارەبا بە هاونیشتمانیان، گومان دروست دەبێت، بۆیە پێداچوونەوە بە کارەکانیدا دەکەین."
موشیر بەشیر دەڵێت: "ئەو کارە بۆ ئێمە جێگەی گومان بوو، دوای بەدواداچوون دەرکەوت ئەو کەسە کار بە موەلیدەکەی ناکات، کە کارەبای گەڕەکەکەیان دەبڕا، بە کێبڵ لە گەڕەکێکی دیکە کارەبای نیشتمانی راکێشاوە و بە خەڵکەکەی داوە، ئەوانیش وایانزانیوە کارەبای موەلیدەیە، بەڵام راستییەکەی کارەبای نیشتمانی بووە."
قایمقامی زاخۆ جەختی لەوەشكردەوە :"نووسراوێکی لە بارەی ئەو کەسە رادەستی دادگا کردووە و وتی: "لە نووسراوەکە داوام کردووە ئەو پارەیەی کە ئەو ماوە زۆرە لە کارەبای نیشتیمانی بردوویەتی بۆ گەنجینەی حکومەتی بگەڕێنێتەوە و پارەی هاونیشتمانییانیش بگەڕێنێتەوە."
