قوباد تاڵەبانی سەردانی كەسوكاری نەقیب محەمەد دەكات
"یامور... به‌ڵێنم پێدای ئه‌و كاته سه‌ردانت بکەم كه ھە‌واڵی ده‌ستگیركردنی بكوژه‌كانی باوكت بگه‌یه‌نم"

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
جێگری سەرۆک وەزیرانى هه‌رێم ده‌ستگیركردنى بکوژانی ئه‌فسه‌ره‌كه‌ى سلێمانى ئاشكراكرد‌و قوباد تاڵەبانی ده‌ڵێت:"یامور... به‌ڵێنم پێدای ئه‌و كاته سه‌ردانت بکەم كه ھە‌واڵی ده‌ستگیركردنی بكوژه‌كانی باوكت بگه‌یه‌نم".
له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكى نوسینگه‌ى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمدا ئاماژه به‌وه‌كراوه، "ئەمڕۆ ١٢12ى نیسان، بەیاوەری هیوا ئەحمەد بەرپرسی ئاسایشی سلێمانی، قوباد تاڵه‌بانى سەردانی خانەوادەی شەهید محەمەد لەتیفیان کرد‌و هەواڵی دەستگیرکردنی هەرسێ تاوانبارەکەی پێڕاگەیاندن".
هاوكات قوباد تاڵه‌بانى لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی وێنەیەكی لەگەڵ یاموری كچی نەقیب محەمەد پۆست كردووە و نوسویەتی:" یامور گیان… کە له‌دایكبوویت، به‌ڵێنم پێدای ئه‌و كاته سه‌ردانت بکەم كه ھە‌واڵی ده‌ستگیركردنی بكوژه‌كانی باوكت به خۆت و یارانی خوشكت بگه‌یه‌نم، وا دە‌ستگیركران.
دەشلێت:" ئێوە دوو كیژۆڵه‌كه‌ی شه‌هید نه‌قیب محه‌ممه‌دن، سەربەرزن كە پیاوێکی مە‌ردی وە‌ھا باوکی ئێوە بوو".
لە راگەیاندراوەكەی نوسینگەكەیدا ئه‌وه‌ش هاتووه، "جێگری سەرۆک وەزیران لەسەردانەکەیدا بۆ ماڵی خانەوادەی شەهید محەمەد لەتیف ڕایگەیاند، وەک چۆن بەڵێنەکەمان بردەسەر لەدەستگیرکردنی تاوانباران، بەدڵنیاییشەوە تا کۆتایی چاودێری دۆسیەکە دەکه‌م‌و تاوانباران بەسزای یاسایی خۆیان دەگەن".
له‌په‌یامێكیشدا، قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لەئاسایش‌و هێزە ئەمنییەکان کردووه کە لەماوەی ڕابردوودا بەهەموو توانایانەوە کاریانکرد بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران‌و ڕایگەیاند، "ڕووداوی دەستگیرکردنی بکوژانی شەهید محەمەد هەڵگری ئەو پەیامەیە کە هێزە ئەمنییەکان وریا‌و چاوکراوەن‌و تاوانباران ناتوانن لەسزای یاسایی دەربازبن".
جێگری سەرۆک وەزیران باسی لەوەشکردووه، شەهید محەمەد شەهیدی ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی‌و سەروەری یاسا بوو، هەروەک چۆن ڕووداوی دڵتەزێنی شەهیدبوونەکەی ویژدانی هەموو خەڵکی کوردستانی هەژاند، دەبێت ئەم ڕووداوە هەمولایەکمان بەخۆدا بهێنێتەوە کە تەنها سزادانی تاوانباران بەس نییە، بەڵکو پێویستە توندوتیژی خێزانیش بە‌پلان بنبڕبكرێت.
نەقیب محەمەد لەتیف‌و سێ پۆلیسی تری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان‌و خێزان له‌سلێمانى، شەوی 4ی كانونی یەكەمی 2021 لەكاتی هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارێك بەتوندوتیژی دژی خێزانەكەی، لەناوچەی تانجەڕۆ لەسلێمانی تەقەیان لێكراو بەهۆیەوە نەقیب محەمەد گیانی لەدەستداو سێ هاوەڵەكەشی بەسەختی برینداربون.
