کەمال کەرکووکی: بەداخەوە تاوانی ئەنفال بە جینۆساید دژی گەلی کوردستان نەناسراوە

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دەڵێت: " لە 14-ی مانگی نیسانی هەموو ساڵێکدا یادی دڕندەترین تاوانی دژی ھاووڵاتییانی سڤیلی گەلی کوردستان دەكەینەوە، كە رژێمی عێراق بە سوودوەرگرتن لە هێرشی ئاسمانی و سەر زەویی و موشەك و چەکی قەدەغە و سوپا و ئەمن و ئیستخبارات و بەکرێگیراوەکانیان کردی".
کەمال کەرکووکی لەراگەیاندراوێكدا دەڵێت: "بە داخەوە، ئەو تاوانانە بە جینۆساید دژی گەلی کوردستان نەناسراون. بۆیە گرینگە و دەبێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر گشت ئاستەکان زیاتر بە بەرنامەی باشتر و بەردەوامبوونی زیاتر لە ھەوڵدا بێت و کار بکات".
کەمال کەرکووکی داوا لە حکومەتی عێراق دەکات دان بە تاوانەکانی رژێمی بەعسدا بنێت، کە بەرنامە لە دژی گەلی کورد و کوردستان کردی، داواشی لێدەکات ئاسانکاری تەواو بۆ حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکات، بۆ دۆزینەوەی شوێنی ئەنفالکراوان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق.
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی کە تاوانی ئەنفال بە "پەڵەیەکی رەش" لە مێژووی عێراق دەزانێت، داوا دەکات دان بە تاوانەکەدا بنرێت و کەسوکاری قوربانیانیش قەرەبوو بکرێنەوە.
