سەرۆکی ئۆكرانیا: 3000 سەربازی وڵاتەکەمان کوژراون

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

سەرۆکی ئۆكرانیا دەڵێت:" لە 50 رۆژی رابردوودا 2500 سەرباز تاوەکو 3000 سەربازی وڵاتەکەی کوژراون، بەڵام ژمارەی سەربازانی کوژراوی روسیا زۆر لەوە زیاترە. 

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆكرانیا بە میدیای ئەمریکی راگەیاند، لەو کاتەوەی هێرشی روسیا بۆسەرئۆكرانیا دەستیپێکردووە 2500 تاوەکو 3000 سەربازی وڵاتەکەی لە شەڕەکەدا کوژراون و نزیکەی 10 هەزار سەربازی دیکەش برینداربوون، بەڵام دیار نییە چەندیان لە ژیاندا دەمێنن و چەندیان دەمرن.  

سەرۆکی ئۆكرانیا ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەو شەڕەدا نزیکەی 19000 تاوەکو 20000 سەربازی روسیا کوژراون. 

ئەوەی کە پەیوەندی بە ژمارەی هاووڵاتییانی سڤیلەوە هەیە کە کوژرابن، زیلینسکی وتی: "زۆر زەحمەتە لەبارەی هاووڵاتی سڤیل قسە بکەین، چونکە شارەکانی وەک خێرسن، بێردیانسک و ماریۆپۆل گەمارۆدراون و نازانین چەند کەسیان تێدا مردوون". 

کاتێک پرسیاری لێکرا لەبارەی هەندێک لەو دیمەنە تراژیدیایانەی کە بڵاودەکرێنەوە، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، "دڵم ئازار دەدەن. من دەبێت وەک سەرۆکی وڵاتێک سەیری ئەو دیمەنانە بکەم و دەزانم ژمارەیەکی زۆر کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆر کەسیش ئازیزانیان لەدەستداون؛ ملیۆنان کەسیش هەن کە دەیانەوێ بژین". 

زیلینسکی هەروەها باسی لەوەش کرد: "هەموومان دەمانەوێ شەڕ بکەین، بەڵام دەبێت هەوڵی تەواو بدەین بۆئەوەی ئەم شەڕە کۆتایی بێت. تاوەکو ئەم شەڕە زیاتر درێژە بکێشێت، کەسی زیاتر لەدەستدەدەین".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار